کۆن-مەد: پشتگیری لەم هەنگاوە مێژووییە دەکەین

کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەڵمانیا (کۆن-مەد) سەبارەت بە پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و وتی: "ئێمە خاوەنداری کردن لەم هەنگاوە مێژووییە بە ئەرکێکی بنەڕەتی دەبینین و پەرەی پێدەدەین."

کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەڵمانیا (کۆن-مەد) لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئاشتی کۆمەڵایەتی چەندە گرنگە، بەتایبەت لە کوردستان، ناوچەکە و سەرانسەری جیهان، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێبەر ئاپۆ و گەریلا بە بەرخۆدانی بێوێنەی خۆیان هێزی خۆیان بۆ هەموو جیهان نیشان دا و دەرفەت و مەجالێکی گونجاویان بۆ چارەسەری کێشەکان ڕەخساند.

کۆن-مەد ڕایگەیاند: "بە هەموو توانامانەوە پاڵپشتیکردنی ئەم هەنگاوە مێژووییە بە ئەرکێکی بنەڕەتی خۆمان دەزانین، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەموو هەوڵ و فیداکارییمان بۆ بەدیهێنانی ئەم هەنگاوە مانادارە بەکاردەهێنین، کە هاوشێوەی ئەم هەنگاوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا قەت نەبینراوە.

بێگومان ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی دیموکراتیک سوودی بۆ هەمووان دەبێت. ئەو پێشهاتانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە، گرنگی و بەپەلەیی ئەم هەنگاوە مێژووییەیان بە ڕوونی نیشانداوە. بەم پێیە داوا لە دەوڵەتان، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، هێز و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین کە گرنگی بە ئاشتی دەدەن، پاڵپشتی ئەو هەنگاوە بوێرییە مێژووییە بکەن.

نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە ئاشتی لە کوردستان واتە ئاشتی لە ناوچەکەدا. هەروەها ئەو ئاشتییەی لە ناوچەکەدا بەدەست دێت، ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئاشتی لە هەموو جیهاندا."