گەریلا نەورۆزی لە زاپ پیرۆزکرد؛ ساڵی ٢٠٢٢ دەبێتە ساڵی سەرکەوتن

گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار بە حەماسەتێکی زۆرەوە نەورۆزی ٢٠٢٢یان پیرۆزکرد و وتیان: "ساڵی ٢٠٢٢ دەکەینە ساڵی سەرکەوتن و با هیچ کەس گومانی لەوە نەبێت".

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بە حەماسەتێکی زۆرەوە نەورۆزی ٢٠٢٢یان لە ناوچەی زاپ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا پیرۆزکرد. ئاهەنگی پیرۆزبایکردنی نەورۆز بە بەشداریی گروپێکی گەورە لە هێزەکانی گەریلا بەڕێوەچوو و ئاگرێکی گەورەیان بۆ  نەورۆز کردەوە.

گەریلاکان جەژنی نەورۆزیان لە پێش هەموانەوە لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بنەماڵەی شەهیدان و گەلی کورد هەر چوار پارچەی کوردستان پیرۆزکرد و وتیان: "ئێمە فیدایی رێبەر ئاپۆین و وەک شوێنکەوتووانی مەزڵوم دۆغان و مەعسووم کۆرکماز ڕایدەگەیەنین، کە ساڵی ٢٠٢٢ دەکەینە ساڵی ئازادیی رێبەر ئاپۆ و گەلی کوردستان. بۆ ئەوەش هەرچییەکمان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەین و تا دوا دڵۆپی خوێنمان ئەرکەکەمان جێبەجێ دەکەین. ئێمە ساڵی ٢٠٢٢ دەکەینە ساڵی سەرکەوتن و با هیچ کەس گومانی لەمە نەبێت".

"هەڵمەتی هەڵۆکانی زاگرۆس بە بەهێزی بەردەوام دەبێت"

گەریلاکان ڕایانگەیاند، هەڵمەتی 'هەڵۆکانی زاگرۆس'، کە لە ساڵی ٢٠٢١ لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەستیپێکرد، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە بەهێزی بەردەوام دەبێت و وتیان: "لە هەڵمەتی ساڵی ٢٠٢١دا ئێمە ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵانی هێژامان لە دەستدا و هێزەکانی دوژمنیان تێکشکاند. ئەوە نیشانی دەدات، کە ئێمە لە سەرکەوتن نزیکین".

گەریلاکان ڕایانگەیاند، نەورۆزی ٢٠٢٢ لە نەورۆزەکانی دیکە جیاوازە و وتیان: "ئەمساڵ دەبێتە ساڵی زامنکردن و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری ئاپۆ".

گەریلاکان گۆڤەند و هەڵپەڕکێی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیان گێڕا و بە پەرۆشی و حەماسەتێکی زۆرەوە نەورۆزیان پیرۆز کرد.

بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" فیشەکی هەواییان تەقاند و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

ژ.ت