'گۆشەگیری هەر لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە نکۆڵی لە هەبوونی گەلی کورد کرا'

بەڕێوەبەری ناوەندی گشتیی ئۆهەدە محێدین موگوچ رایگەیاند، گۆشەگیری لە دامەزراندنی کۆمار بەدواوە بەسەر کورداندا سەپێندراوە و وتی، "لەو رۆژەوەی گەلی کورد لە پێگەی دامەزرێنەر و کۆڵەکەی سەرەکی لادرا، هەر لەوکاتەوە گۆشەگیرکراوە".

ئەو گۆشەگیریەی ٢٤ ساڵە بە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەسەپێندرێت، لە ساڵانی رابردوودا زۆر دژوارتر بووە. ٢٨ مانگە بە هیچ جۆرێک هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە بارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەردەست نییە. داواکاری پارێزەران و بنەماڵەکەی لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە رەتدەکرێنەوە.

بەڕێوەبەری ناوەندی گشتیی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) محێدین موگوچ لەبارەی گۆشەگیرییەوە قسەی بۆ ئاژانسی فورات (ANF) کرد و باسی لەوەکرد کە گۆشەگیری زۆر دەمێکەیە بەسەر کورددا دەسەپێندرێت.

گۆشەگیری هاوکات لەگەڵ نکۆڵیکردن لە کورد دەستیپێکرد

موگوچ وتی، "دوای ئەوەی گەلی کورد لە پێگەی دامەزرێنەر و کۆڵەکەی سەرەی کۆمار لادراوە، دوای ئەوەی جگە لە ناسنامەی تورک ناسنامەی دیکە قەبوڵ نەکراوە، لەو کاتەوە گۆشەگیری هاتە ناو ژیانی ئێمەوە. لەهەمان کاتدا ناسنامەی گەلی کورد رەتکرایەوە، زمانەکەیان قەدەغەکرا، بە هۆی قەدەغەوە ناوی شوێنەکان، گوند و شارەکان گۆڕدرا. گۆشەگیری بە دروستکردنی زیندانی ئیمراڵی لە کەسایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە و هەموو زیندانیان سەپێندرا. هیچ یەک لە زیندانیانی ئەوێ ناتوانن بنەماڵە و پاڕێزەرانیان ببینن. ئەو کێشەیە ئیتر لە سەرووی کێشەیەکی یاساییەوە بووەتە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی".

رێکخراوە کۆمەڵایەتیە مەدەنییەکان دەگەنە ئەنجام

موگوچ رایگەیاند کە رێکخراوە کۆمەلایەتیە مەدەنییەکان لە پرسی گۆشەگیریدا هەڵسوکەوتیان پاسیڤ و ناچالاکە و وتی، "هۆکاری ئەو پاسیڤ بوون و بێکاریگەربوونە ئەوەیە کە ئەو چالاکییانەی پەیوەست بە گۆشەگیرییەوە دەکرێن لە وەرگرتنی ئەنجامەوە زۆر دوورن. ئەمەش دەریدەخات کە رێکخراوە مەدەنییەکان ناتوانن خۆیان رێکبخەن. رێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە بەو مامەڵەکردنەیان خۆیان لە ناو چوار دیواردا ئاسێ دەکەن و کۆمەڵگا و کەسایەتیەکان بەرێکخستن ناکەن، ناتوانن بگەنە ئەنجام. رێکخراوە مەدەنیەکان بە گوێرەی ئامانجی دامەزراندنیان تا بە هۆشمەندی رێکخستنکردنی مافە بنەڕەتیەکان و ئازادی نەجوڵێنەوە، لە پرسی گۆشەگیری بابەتەکانی دیکە، ناتوانن رۆڵێک جێبەجێ بکەن. تەنیا لە رێگە رێکخستنکردنی کۆمەڵایەتیەوە دەتوانێت رۆڵی خۆی جێبەجێ بکات".

موگوچ ئەوەی خستەڕوو کە وەک ئۆهەدە ئەوان رێکخراوێکی کۆمەڵایەتی مەدەنین و دەیانەوێت لە هەموو هەلومەرجێکدا مافە بنچینەییەکان و ئازادییەکان پاڕێزگارییان لێبکرێت و وتی، "ئۆهەدە مافی ئەوەی هەیە کە لە هەموو بابەتێکدا قسە بکات. لە پرسی گۆشەگیریشدا ئەرکی ئێمەیە کە هەنگاوی کاریگەری کرداری بنێین".

هـ . ب