گوندوز: داواکارییەکانمان لە شاری ئامادەوە بۆ هەموو جیهان ڕادەگەیەنین

محەممەد شیرین گوندوز، هاوسەرۆکی ڕێکخستنی شاری ئامەدی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ڕایگەیاند، بانگەوازی ئازادی و دانوستانمان لە شاری ئامەدەوە بۆ هەموو ڕای گشتی جیهان ڕادەگەیەنین."

محەممەد شیرین گوندوز، هاوسەرۆکی پارێزگای ئامەدی دەبەپە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە سەپاندنی سیاسەتی گۆشەگیری تاوان ئەنجام دەدات، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گۆشەگیری، کە هیچ بنەمایەکی مرۆیی و یاسایی نییە و لەهیچ شوێنێکی جیهاندا کارێکی هاوشێوە نەکراوە. ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو قەیرانانەی کە بەشێوەیەکی جددیی کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا دروستکردووە، وەک قەیرانی ئابووری، تاڵانکاری ژینگەیی و سیاسەتی شەڕ، هەموو دەرئەنجامی گۆشەگیرییە و جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرەی بە هەڵگرتنی گۆشەگیری دەکرێت.

ماوەی ٤٢ مانگە هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە، کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئەمنی باڵای ئیمرالی بە بارمتە گیراوە. هەروەها هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، گەیشتووتە قۆناغی نوێ، لەگەڵ ئەوەش پلاتفۆرمی دامودەزگا دیموکراتیکەکان ڕۆژی ١٢ی ئەیلول لە ئەستەنبوڵ و ئامەد بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ١٣ی تشرینی یەکەم گردبوونەوەیەکی گەورە بە دروشمی "ڕووبەڕووی پیلانگێڕی دەبینەوە و لە ئامەد بۆ ئازادی کۆدەبینەوە" ڕێکدەخەن. هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ گردبوونەوەکە لە شارەکانی تورکیە و کوردستان درێژەی هەیە. محەمەد شیرین گوندوز، لە سەر وردەکاری چالاکییەکان لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

گۆشەگیری سەپێنراو بەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا سەپێنراوە

گوندوز بە ئاماژەدان بەوەی کە کاریگەرییەکانی گۆشەگیری لەسەر بەشەکانی دیکەدا دروست بووە، وتی: "ئەمڕۆ گۆشەگیری نەک تەنها لە ئیمراڵی، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لە سەر کوردستان و کورد چڕتر بووەتەوە. لەکەسایەتی بەڕێز ئۆجالاندا گەلێک گۆشەگیر دەکرێت. سیاسەتی ١٠٠ ساڵەی لەناوبردن و ئاسمیلەکردنی عەقڵییەتی دەوڵەت وەک سیاسەتی شەڕی تایبەت لەدژی کورد بەردەوامی هەیە. هەر بۆیە ئێمە ئەم گۆشە گیرییە تەنها گرێدراو بە کەسێک یان زیندانێک نازانین، بەڵکوو پرسی کۆمەڵگایەک و گەلێکە. جیا لەوەش هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەمەش دەرئەنجامی ڕوانگەیەکی تەواو سیاسی و دوژمن کارانەیە. بەردەوامی ئەم گۆشەگیرییە لەمڕۆدا لە سەرانسەر جوگرافیای ئێمە و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری نەرێنی لێدەکەوێتەوە. ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا دەسەپێندرێت لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نموونەیەکی بەو شێوە بوونی نەبووە.

گوندوز لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو قەیرانانەی کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کۆمەڵگا داناوە، وەک قەیرانی ئابووری، تاڵانکاری ژینگەیی و سیاسەتی شەڕخوازانە، هەموو دەرئەنجامی سەپاندنی گۆشەگیرییە: "کۆمەڵگا ئێستا لە دۆخێکی بێ هیوایی دایە". چارەسەری هەموو ئەم قەیرانانە لە ڕێنماییەکانی بەڕێز ئۆجالاندایە کە پێشکەشی ڕای گشتی کردووە. گۆشەگیری و دابڕینی پەیوەندییەکان ڕێگریی لە چارەسەری کێشەکان دەکات. حکومەت بە هەڵهاتنی لە چارەسەری کێشەکان وڵات بەرەو وێرانکاریی دەبات. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرزکردنەوەی داواکارییەکانمان و هەموو ئەو ماف و خواستانەی کە پێشێل دەکرێن تا دەوڵەتی ئاکەپە لە سیاسەتی سەپێنراوی گۆشەگیری پاشگەز دەبێتەوە و پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەرێز ئۆجالان دەستپێبکات و تا مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی بەرێز ئۆجالان ئێمە بەردەوام دەبین لە کار وچالاکییەکانمان."

داواکارییەکانمان لە شاری ئامەدەوە بۆ جیهان ڕادەگەیەنین

گوندوز لەکۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی بەشداربوونی لە هەموو گەل کرد بۆ گردبوونەوەکەی ١٣ی تشرینی یەکەم و وتی: "ئێمە لە بەرامبەر گۆشەگیری ڕەهادا داوای ئازادی و لە دژی گۆشەگیری داوای گفتۆگۆ و چارەسەری دەکەین. بەسەدان زیندانی نەخۆش لە زیندانەکاندا هەن و مافیان پێشێل دەکرێت. زیندانی هەیە سەرەڕای تەواوبوونی سزاکەی ئازاد ناکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی زیندان دەمانەوێت دەرگای ئازادی بە ڕووی هەموو زیندانیانی نەخۆشدا بکەینەوە. هەروەها داوای دەستبەجێ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەپێنراوە بەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا دەکەین کە لە لایەن گەلی کوردەوە ئیدانە کراوە. هاوکات سەرجەم گەلەکەمان بانگهێشت دەکەین بەشداری لە گردبوونەوەکەی ١٣ی تشرینی یەکەم بکەن و پێکەوە ئەم داواکاریانە بەرز بکەینەوە. پێویستە هەموو گەلەکەمان داوای ئازادی و دانوستان بکات و دەستی ئاشتی درێژ بکەنەوە. ئێمە داواکاری گەلی کورد لە ئامەدەوە بۆ هەموو جیهان ڕادەگەیەنین."