هاوڵاتییانی شاری ئامەد: شاهیدی ساتێکی مێژوویی بووین
هاوڵاتیانی شاری ئامەد کە دوای ٢٦ ساڵ پەیامی ڤیدیۆیی ڕێبەر ئاپۆیان بینی، ڕایانگەیاند کە لە ساتێکی مێژووییدان و لەوپەڕی جۆشوخرۆشدا بوون.
هاوڵاتیانی شاری ئامەد کە دوای ٢٦ ساڵ پەیامی ڤیدیۆیی ڕێبەر ئاپۆیان بینی، ڕایانگەیاند کە لە ساتێکی مێژووییدان و لەوپەڕی جۆشوخرۆشدا بوون.
لە چوارچێوەی پڕۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی دەستیپێکردووە، ڕووداوێکی مێژوویی ڕوویدا. ڕێبەر ئاپۆ بۆ جاری دووەم لە زیندانی ئیمراڵیەوە بۆ ڕای گشتی پەیامێکی بڵاو کردەوە. لە پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆدا بانگەوازی کرا کە تورکیا بچێتە ناو دیموکراسییەوە. ئەمە یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی ڕێبەر ئاپۆ بوو لە ماوەی ٢٦ ساڵی گۆشەگیرییدا و نەک تەنها لە تورکیا بەڵکو لە ڕای گشتی جیهانیشدا، دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
هاوڵاتیانی ئامەد کە پاش ٢٧ ساڵ بینەری پەیامی ڤیدیۆیی ڕێبەر ئاپۆ بوون و گوێیان لێگرت، قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'گەلی کورد تەنها داوای ئاشتی دەکات'
سەلاحەدین ئار کە دانیشتووی شاری ئامەدە ڕایگەیاند کە ئەوان شایەتی ساتێکی مێژوویی بوون و وتی: "ڕزگاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت، ئەگەر بڕیار بێت ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە ئاراوە، لە سایەی ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانرێت بەدی بێت، ڕزگاری گەلان لەوێدایە، ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٣وتی، ئەمڕۆش هەمان قسەی دووبارە کردەوە. ئەوانەی شەڕەیان دەوێت، پێویستە باش بزانن گەلی کورد تەنیا ئاشتی دەوێت، گەلی کورد باوەڕی بە رێبەری خۆی هەیە، هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا، ڕزگاری گەل بە ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت."
'ئێمە باوەڕمان بە ڕێبەر ئاپۆ هەیە'
سەلاحەدین ئار سەبارەت بە جۆش وهەستی خۆی دوای بیستنی دەنگی ڕێبەر ئاپۆ وتی: "ئەستەمە باس لە هەستەکانمان بکەین، ئەم گەلە بەساڵانە بەحەسرەتی بیستنی دەنگ و بینینی ڕووخساری ڕێبەر ئاپۆ بوون، دوای ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ، گەل بە تەواوی ئازادی خۆی دەبینێت، تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەکرێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازاد نابێت، ئێمە چیتر شەڕ و مردنمان ناوێت، باوەڕمان بە ڕێبەر ئاپۆ و پارادایمەکەی هەیە. چونکە ڕێبەر ئاپۆ تا ئێستا لە پێناو گەلی خۆی و گەلانی دیکە بەڕاستگۆیی تێکۆشاوە."
'ڕێبەر ئاپۆ لە هەوڵی ئەوەدایە گەل لە شەڕ ڕزگار بکات'
هەروەها مەجید تورگای وتی: "دوای بیستنی دەنگی ڕێبەر ئاپۆ، بەجۆش و هەست بووم، وەک کوردێک بەڕاستی دڵخۆشم، پەیامی ڤیدیۆیی ڕێبەرم دوای ٢٦ ساڵ زۆر دڵخۆشی کردم، بەڕاستی دەتوانم بڵێم فرمێسک بە چاوانمدا هات، چونکە شایەتی ئەم ساتە مێژووییە بووم، پێویستە هەموو کەسێک ئەم بانگەوازە بەرز ببینێت. ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ وەک پێغەمبەری نوح هەوڵی ڕزگارکردنی گەلان دەدات. دەبێت لەم بابەتە باش تێبگەین. هیوادارم دەوڵەتی تورکیا لەم بارەیەوە ڕاستگۆیانە هەنگاو بنێت. پێویستە تورکیا دەستبەجێ و خێرا وەڵامی ڕاستگۆییەکانی رێبەر ئۆجالان بداتەوە. هەروەها پێویستە دەستبەجێ مافی هیوا جێبەجێ بکرێت. ڕێبەرایەتیمان دەیەوێت گەلەکەی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕ بپارێزێت."
'پێویستە دەوڵەت دەست بە پرۆسەی یاسایی بکات'
هەروەها محەمەد شەنەر جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان هیوایان بە پڕۆسەی ئاشتی زۆرتر بووە و وتی: "ئێمە لەو بڕوایەین کە شتی باش ڕوودەدەن، هەمووان بە پەرۆشین، دەمانەوێت ئەم پرۆسەی شەڕە کە بەساڵانە بەردەوامە، کۆتایی بێت، پێویستە دەوڵەتیش دەستبەجێ پرۆسەی یاسایی دەست پێ بکات."
'بیستنی دەنگی ڕێبەر ئاپۆ مۆڕاڵی ئێمەی بەرز کردەوە'
یەكێکی دیکە لە هاوڵاتیان بەناوی بوراک بەکتاش، ڕایگەیاند کە ئیتر ئەم خاکە پێویستی بە ئاشتی هەیە و وتی: "بە جۆشەوە پێشوازیمان لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان کرد، بیستنی دەنگی بووە هۆی بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی هەموومان، ئێمە دەمانەوێت ئاشتی لەم خاکەدا بێتە ئاراوە، پێویستە دەوڵەتیش دەستبەجێ هەنگاوی خێرا بنێت، دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە وەک پرۆسەکانی پێشووی بەسەر نەیەت."