هاوسەرۆکی کەنەکە لەگەڵ سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی سلێمانی مەترسییەکانی تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەحمەد قەرەمووس لەگەڵ سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی سلێمانی کۆبووەوە و مەترسیەکانی سەر باشووری کوردستان تاوتوێ کرا.

لە درێژەی سەردان و کۆبوونەوەکاندا کە چەند ڕۆژێکە بەردەوامە، ئێوارەی ئەمڕۆ هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەحمەد قەرەمووس لەگەڵ سیاسەتمەداران و نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان و ڕۆشنبیرانی سلێمانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا مەترسییەکانی سەر باشووری کوردستان و بەتایبەت لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری پەدەکە تاوتوێ کران، جەختکرایەوە لەسەر دروستکردنی یەکدەنگی نەتەوەیی دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

ئەندامی کەنەکە، دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد، ئاماژەی بەوە کرد هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرامبەر داگیرکاری لاوازە و لەئاستی مەترسییەکان نییە، گوتی: "پەدەکە لە ناو بازنەی هاوکاری داگیرکەردایە، تەنانەت میدیاکانیان بووە بە چاوساغی دەوڵەتی تورک، بە داخەوە ئەمە زۆر خراپە، پێویستە هەموومان لەم کاتەدا هەموومان یەک دەنگ بین لە دژی داگیرکاری".