هەدەپە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد

نوێنەرایەتیی هەدەپە و بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری هەولێر، كۆبوونەوە و مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی باكوور بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆیان، تاوتوێ‌ كرد.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بارەگای پەیوەندییە سیاسییەكانی گۆڕان لە هەولێر، ناهیدە ئێرمیش و حیكمەت حاتیب نوێنەرانی هەدەپە لە هەولێر، لەگەڵ ئەندامانی ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی گۆڕان، كۆبوونەوە ‌و بارودۆخی زیندانییانی سیاسیی باكوور بەتایبەت، مانگرتنی زیندانییان لەپێناو هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدولا ئۆجالان ڕێبەری گەلی كوردیان باس كرد.

لەچوارچێوەی بانگەوازیان بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی گیراوانی سیاسیی لە زیندانەكانی توركیا ‌و باكووری كوردستان، نوێنەرایەتیی هەدەپە لە هەولێر، سەردانی سەجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەكات و ئەمڕۆش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، كۆبوەوە و لە گفتوگۆیەكی یەك كاتژمێرییدا، داوایان لە گۆڕان كرد، پشتیوانیی لە مانگرتنی گیراوانی سیاسیی باكووری كوردستان بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنیوز: نوێنەرانی ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی گۆڕان، ئەم داوایەی هەدەپە دەگەیەننە سەركردایەتیی حزبەكەیان و ئەگەر گۆڕان بەم داوایەی هەدەپە ڕازی ببێت، ئەوا گۆڕان لە ڕێگەی ژووری پوەندییە دیبلۆماسییەكانی خۆیەوە ‌و لەبەیاننامەیەكدا، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو پرسە دەردەبڕێت.

ف.ق