هەم گەریلا و هەم فەرماندەیەکی لێھاتوو بوو؛ رۆنی مونزور

لە هەموو قۆناغەکاندا ئەرک و بەرپرسیارییەکانی بۆ دکتۆرینی شەڕ و پێشخستنی زانستی شەڕ و بۆ گەشترکردنی بەرخودانی گەریلا  بە ئەنجام گەیاند. هەم گەریلای دێرسیم بوو و هەم فەرماندەیەکی لێهاتو و کارامەی شەڕ و هەم هاوڕێی ئاتاکان ماهیر بوو.

مەحمود لاچین ناسراو بە رۆنی مونزور ساڵی ١٩٨١ لە ناوچەى پاتنۆسی ئاگری لە دایکبوو. دوای ئەوەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دیلکرا، لە رووسیا دەستی لە خوێندن هەڵگرت و بڕیاریدا بەشداری ریزەکانی تێکۆشان بێت و هات و بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. لە چیاکانی کوردستان بە ناو ریزەکانی گەریلادا بووە فەرماندە، لە ناوچەکانی زاپ، کێلەڕەش و سەرتاسەری کوردستان دا  گەریلایی کرد، هەوڵی دەدا دکتۆرینی شەڕ و زانستی شەڕ پێشبخات. لە باشووری کوردستانەوە تاوەکو دێرسیم و ئەرزرۆم، گەشت و بەسەرهات و چیرۆکی ژیان و شەڕ و بەرەنگاریی ئافراندووە. رۆنی مونزور لە ناو تێکۆشانی گەریلادا سەدان شەڕڤانی پەروەردە کرد و دواتر دەستی بە گەشەکەى بۆ دێرسیم کرد و لەو گەشتەدا هاوڕێی ئاتاکان ماهیر بوو.

"سەدان شەڕڤانی پەروەردە کرد"

مەحمود لاچین کاتێک گەڕایەوە بۆ کوردستان ئامانجێکی گەورەی بۆ خۆی دانابوو. بۆ ئەوەى راستیی شەڕ، راستیی ئەوەى لە کوردستان روودەدات بە هەموو جیهان بناسرێت، ماندبوون و رەنج و عارەق رژاندنی بێسنووری هەبوو. لە چیاکانی کوردستان دەبێت شەڕ و بەرخودانی گەریلا چۆن بێت، لە بەرامبەر داگیرکەردا هونەری گەریلایی ئافراند. تاکتیک و رێبازی گەریلایی فێری هەموان دەکرد. رۆنی مونزور وەک هەموو کوردێک دیلکردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی قبوڵ نەکرد، رێگای تێکۆشانی لەگەڵ هاوڕێکانیدا گرتەبەر. شارەزایی و لێهاتوویی لە شەڕ و شارەزایی لە دکتۆرینی شەڕدا بوو. رۆنی مونزور یان مەحمود لاچین لە ناو ریزەکانی گەیلادا ئافرێنەر و خوڵقێنەر و گوڵبژێرێکی گەورەبوو. لەسەر بناغەى بەرخودان و لەسەر نەریت و رێگاکەى هەڵمەتی ١٥ی تەباخ سەدان شەڕڤانی پەروەردە کرد.

"پێکەوە دەستیان بە رێکردنە درێژەکە کرد"

رۆنی مونزور لەسەر واتای گەلی کورد و دیلکردنی رێبەری گەلی کورد زۆر خۆی قوڵکردبووە، بە باشی لەوە تێگەیشتبوو، کە ئەو پیلانگێڕییە و ئەو مەترسییە لەسەر کۆمەڵگە و گەلانی ناوچەکە بەڕێوەچووە. هەر چۆن ئاتاکان ماهیر لەسەر خاکی دێرسیم بە ناو مێژوودا تێدەپەڕی، گەشتەکەیان بست بە بست پێناسە دەکرد. رۆنی مونزوریش لەو گەشتەدا لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا دەگەڕایەوە بۆ جەوهەری خۆی و بۆ سەر خاکی کوردستان. ئاتاکان ماهیر چۆن دەستی لە گەورە شارەکان هەڵگرت و سیستمی گەورە شارەکانی بە نامۆ بە خۆی دەزانی، رۆنی مونزوریش، لە رووسیا تاوەکو کوردستان دەستی بە گەشتی ئازادی کرد. بە کورتی ئامانج و هیوایان بۆ ئازادی یەک بوو. ئاتاکان ماهیر بۆ ئەوەى بتوانێت بڕوات بۆ دێرسیم و رۆنی مونزوریش لەسەر داوای خۆی و ئینجا پێکەوە دەستیان بە گەشتە درێژەکەیان کرد.

"لە ١١ی ئاب دا پێکەوە شەهیدبوون"

لەسەر خاکی کوردستان، ئەو خاکەى هەندێک کەس و لایەن و داگیرکەران نکۆڵیی لێدەکەن، هەموو رێگاکان، هەموو داواکان و هەموو بەرخودانەکان لە پێناو کولتوری هەزاران ساڵەی گەلی کوردستان و لە پێناو راستیی کورد و نەتەوەی کوردستاندایە. هەموو گەریلاکان، هەموو شەڕڤانەکان و هەموو فەرماندەکان، کە لە چیا سەرکەشەکاندا شەڕ و بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن، خاوەنی ئامانجێکی مێژوویی و داوا و خەونی سەرکەوتنن. رۆنی مونزور و ئاتاکان ماهیریش پێشەنگ و شاگردی رێبەری گەلی کورد بوون. بۆ ئەوەى کۆمەڵگەى کورد و گەلی کورد ئازادیی خۆی بە دەست بهێنێت، ئەو دوو شۆڕشگێڕە لە پێناو ئەو گەشتەدا گیانی خۆیان و ژیانی خۆیان فیدا کرد. لە ١١ی ئابی ٢٠١٨دا لە ناوچەى دێرسیم لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر تا دوا هەناسەیان بە قارەمانی شەڕیان کرد و پاڵەوانانە شەهید بوون.

ژ.ت