هەڵمەتێک بۆ پاکردنەوەی شاری کەرکوک بەڕێوەچوو
ژمارەیەک گەنجی خۆبەشی شاری کەرکوک، لە چالاکییەکدا لەژێر ناونیشانی "ماراسۆنی پاککردنەوە" هەڵمەتێکیان پاکردنەوەی شارەکە ئەنجامدا.
ژمارەیەک گەنجی خۆبەشی شاری کەرکوک، لە چالاکییەکدا لەژێر ناونیشانی "ماراسۆنی پاککردنەوە" هەڵمەتێکیان پاکردنەوەی شارەکە ئەنجامدا.
ئێوارەی ئەمرۆ هەینی، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانی پاککردنەوە، بەدەستپێشخەری (ئەنجوومەنی باڵای لاوان) سەر بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بەهاوکاری پارێزگاری کەرکوک، "تیمی نیشتیمانی لاوان بۆ گۆڕانی کەش و هەوا" لەگەڵ گەنجانی خۆبەخشی شارەکە هەستان بە ئەنجامدانی ماراسۆنی پاککردنەوە لە کەرکوک.
جێگای باسە، لە چالاکییەدا دەیان گەنجی خۆبەخش لە هەردوو ڕەگەز بەهاوکاریی تیمەکانی شارەوانی و قایمقامیەتی کەرکوک، بەشدارییان کرد بۆ پاککردنەوەی بازارەکانی ناوەندی شار، هەروەها لە درێژەی چالاکییەکانیاندا ئەو گەنجە خۆبەخشانە خەڵکییان هۆشیار کردەوە لە گرنگی ڕاگرتنی پاک و خاوێنی شارەکە و بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی چەندین بروشۆریان هەڵواسی و پاش پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاک دەستیان کرد بە شۆردنی شەقامەکان، خەڵکی شارەکە هەڵوێستی ئەو گەنجانەیان بەرزنرخاند لە خزمەتکردنی شارەکە و هاووڵاتیانی.
ئیڤان هیوا کچێکی خۆبەخشی "تیمی نیشتمانی لاوان بۆ گۆڕینی کەش و هەوا"، سەبارەت بە بەشداری کردنیان لەم چالاکییەدا وەکو کچێکی خۆبەخش، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گوتی: "ئێمە وەکو "تیمی نشتیمانی لاوان بۆ گۆڕانی کەش و هەوا" کە گروپێکی خۆبەخشین، ئەمڕۆ لە رۆژی جیهانی پاککردنەوە دەستمان بەم پرۆژەیە کردووە بۆ پاککردنەوەی شاری کەرکوک، سەرەتای چالاکییەکەشمان بە پاککردنەوەی شەقامەکانی ناوەندی شار دەستمان پێکرد کە هەردوو شەقامی "پزیشکان و ئەتڵەسی"ی لەخۆگرتبوو، هیوادارین هەر کەس لە شوێنی خۆیەوە دەست بەپاککردنەوە بکات تاوەکو شاری کەرکوک بەرەو پێشەوە ببەن لەڕووی پاک و خاوێنی، بەداخەوە شارەکەمان سیمای پاک و خاوێنی پێوە نەماوە بۆیە ئەمڕۆ هەستاین بە زنجیرەیەک چالاکی بۆ پاککردنەوەی شارەکە".
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ئیڤان هیوا، گوتیشی: "چالاکییەکەی ئەمڕۆمان پێکهاتووە لە پاکردنەوە و هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاک و بڵاوکردنەوەی کیسەی خۆڵ و خاشاک و دەستکێش و دەمامک بەسەر دووکانداران و هاووڵاتیان تاوەکو ئەوانیش هاوکاربن لە پاراستنی پاک و خاوێنی، هەروەها بروشۆرمان بڵاوکردەوە تاوەکو خەڵکی هۆشیار بکەینەوە لە گرنگی ئەم بابەتە، ئەمرۆ ئێمە وەکو گەنجانی خۆبەخش یەکەم هەنگاومان دەستپێکرد پێویستە دووەم و سێیەم هەنگاو خەڵکی و لایەنی پەیوەندیدار پی هەڵبستێت بۆ ڕاگرتنی پاک و خاوێنی شار".
لەلای خۆیەوە، ئەندازیار شاهۆ نوری ڕێکخەری چالاکییەکە و سەرۆکی تیمی نیشتیمانیی لاوان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، سەبارەت بە هەڵمەتەکەیان بۆ پاککردنەوەی شاری کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) گوتی: "ئەمرۆ بەبۆنەی رۆژی جیهانی پاککردنەوە ئێمە وەکو 'تیمی نیشتیمانی لاوان بۆ گۆڕانی کەش و هەوا' هەستاین بە هەڵمەتێکی پاککردنەوە، ئەم هەڵمەتە ناومان ناوە "ماراسۆنی پاککردنەوە" ئەم ناوەشمان هەڵبژاردووە تاوەکو ببێتە پێشبرکێ لە هەڵمەتی پاککردنەوەی شارەکە، تیمەکەی ئێمە سەر بە سەرۆک وەزیرانی عێراقە، شاری کەرکوکیش پێویستی بەم هەڵمەتە بوو لە چوارچێوەی چالاکییەکەشمان خۆڵ و خاشاکمان پاککردەوە و برۆشۆری هۆشیارکردنەوەی خەڵکیمان دابەش کرد، هەروەها پێداویستی پاککردنەوەمان بەسەر خەڵکیدا دابەش کرد وەکو کیسەی خۆڵ و خاشاک، دەمامک، دەستکێش و بۆن، تاوەکو ئەوانیش هاوکاربن لە پاککردنەوەی شارەکەدا".
هەروەها شاهۆ نوری ڕایگەیاند: "لە درێژەی چالاکییەکانمدا خەڵکی هۆشیار دەکەینەوە لە مەترسییەکانی گۆڕینی کەش و هەوا، لە داهاتووشدا چالاکی زیاترمان دەبێت لەسەر شەقامەکانی شارەکە، ئەو گەنجانەی لەم هەڵمەتە بەشدارن پێکهاتوون لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کە پێکهاتوون لە پزیشک، مامۆستا، ئەندازیار و چالاکوانن و هاتوون بە خەڵکی نیشانی بدەن کە ڕاگرتنی پاک و خاوێنی شار تەنها کاری شارەوانی نیە بەڵکو کاری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، شاهۆ نوری گوتیشی: "ئێمە هاشتاگێکمان ڕاگەیاندووە بەناونیشانی (زەوی پێویستی پێتە بۆیە هاوڕێی ژینگە بە)، ئەم هەڵمەتەشمان بەردەوام دەبێت ئەگەر خەڵکیش هەموو هاوکاربن لە پاراستنی ژینگە ئەوە ئەتوانین هەندێک لە مەترسی گۆڕانکاری کەش و هەوا کەم بکەینەوە، ئەگەر لەئیستاوە هەوڵ نەدەین ئەوە لە ساڵانی داهاتوو رێژەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکان بەگشتی و نەخۆشی شێرپەنجە بەتایبەتی لە هەڵکشانی زیاتر دەبێت و هەموومان نەخۆش دەبین، بۆیە داوا لەسەرجەم هاووڵاتیان دەکەم کە لەپێناو پاراستنی تەندروستی هەمووان بەشداربن لە پاراستنی ژینگە".