حیکمەت سەربڵند: سەرەتا ئاگری ناوماڵی خۆمان بکوژێنینەوە

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامی کوردستان حیکمەت سەربڵند داوای لە گەلی کورد کرد، کە یەکێتی و دەستکەوتەکانیان بپارێزن و وتی، "بەر لەهەموو شتێک دەبێت ئێمە ئاگری ناو ماڵەکەی خۆمان بکوژێنینەوە".

حیکمەت سەربڵند سەرۆکی پارتی ئیسلامی کوردستان (پیک) لەبارەی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و وتی: "دەوڵەتی تورک کە لە پێناسەی ماف، یاسا و دادپەروەری بێبەشە، لە دژی گەلی کورد و گەلان و ئایینە جیاجیاکان لەم جوگرافیایە لە سەر بنەمای نکۆڵی، تواندنەوەی کولتوری، کۆمەڵکوژی، دوورخستنەوە و رشتنی خوێن و فرمێسک دامەزراوە".

وتیشی، دەوڵەتی تورک لە کاتی دامەزراندنیەوە تائێستا لە سەر گەلی کورد و مرۆڤایەتی بووەتە کارەسات و نەهامەتی. مێشکی مەترسیداری رژێمی کۆمار بەردەوامە. هەڕەشە لە کوردان و هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات".

خیانەت لەکورد کرا

حیکمەت سەربڵند بە ئاماژەدان بەوەی لە پرۆسەی دامەزراندنی کۆماردا کورد رۆڵێکی کارایان گێڕا و ئامانجیان بونیادنانی دەوڵەتێکی هاوبەش و یەکسان بووە و لەسەر ئەو بنەمایەش چەندین بەڵێنیان پێدرابوو، بەڵام لە لۆزاندا کە بە بێ بوونی نوێنەرانی کورد واژۆکرا، ناپاکی لە کورد کرا و لە دەستووری ١٩٢٤یش سەرجەم مافەکانی زەوت کران و بە نەبوو داندرا.

ئەوەشی خستەڕوو، کە بەرامبەر بەوە کورد خۆیان رێکخستووە و سەرهەڵدانیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە پشتیوانی نێونەتەوەیی بێبەش بوون و نەشیانتوانیبوو یەکێتی خۆیان ساز بکەن، ئەنجامیان بەدەستنەهێنا.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا حیکمەت سەربڵند ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای دامەزراندی دەوڵەتی تورکەوە کورد کراوەتەوە ئامانج و لەناوچوونی بەسەردا سەپێندراوە و هێشتاش بە هەمان شێوە دەکرێتە ئامانج. بەڵام کورد بەرامبەر بەوە دەوەستنەوە و ئیتر وەک جاران نین. بەر لە ١٠٠ ساڵ کورد لە لۆزان نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ بە ملیۆنان کورد لە دیاسپۆڕا و تاراوگە دەژین و دەتوانن ببنە هێز و نوێنەرایەتی گەلەکەیان بکەن و بابەتە سەرەکیەکەش لە ئێستادا ئەوەیە کە کوردستانیان لە سەرتاسەری جیهان چۆن کۆببنەوە و ئەو نوێنەرایەتیە هاوبەشە دیاری بکەن.

سەرۆکی پارتی ئیسلامی کوردستان (پیک) لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا و باشوور هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بەبیری هێنایەوە کە لە رۆژئاوا سایلۆی گەنم، کۆگای ئاو، وێستگەی کارەبا، پاڵاوگەی نەوت، مزگەوت، خوێندنگە و نەخۆشخانە بۆردومان دەکات.

'سەرەتا ئاگری ناو ماڵی خۆت بکوژێنەرەوە'

ئەوەشی وت، کە وەزیری دەرەوەی تورک کە لەم دواییەدا لە پرسی شەڕی غەززە خۆی وەک 'کۆتری ئاشتی' نیشان دەدات و گوایە بەرگریکاری گەلی فەلەستینە، هەمان ئەو کەسە بە شێوەیەکی ئاشکرا و روون هەڕەشەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی لە دژی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەو رووەوە وتی، "شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆخۆیان دەکەنە دەرفەت و بە هەموو هێزی خۆیانەوە بۆردومانی باشوور و رۆژئاوا دەکەن. سەرباری ئەوەی کورد لە ژێر بۆردومانێکی بەو جۆرەدایە، هەندێک کورد لە هەندێک شاری کوردستان بۆ پشتیوانی لە حەماس رێپێوان ساز دەکەن. بێگومان نامانەوێت مرۆڤی مەدەنی نە لە فەلەستین و نە ئیسرائیل بکرێنە قوربانی شەڕ. بۆچی کوردان لە رۆژئاوا و باشوور دەکوژرێن، ئەوانە نابینن؟ ئاگر بەربووەتە ماڵەکەت، ماڵەکەت دەسووتێت، تۆ چۆن دەتوانیت ئاگر لە ماڵی کەسێکی دیکە بکوژێنیتەوە؟ حەماس لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەردۆغان و ئێراندا لەسەر گەلی فەلەستین بووەتە بەڵا. هۆکاری کوژرانی مرۆڤەکان ئێران و تورکیایە. باشە کوردەکان چ ئازار و نەهامەتیەکیان هەیە؟ بە داخەوە لە وەها قۆناغێکدا هەندێک کورد کە دایک، خوشک و منداڵەکانیان دەکوژرێن، گوندەکانیان بۆردومان دەکرێن، هەموو پیرۆزیەکانیان پێسێل دەکرێن، هەڵدەستن و لەپێناو حەماسدا دەڕژێنە گۆڕەپانەکان. لە رێگەی هەندێک بزوتنەوەوە دەیانەوێت کوردەکان بخەنە داوەوە. پێشتریش کورد بە هەمان شێوە بەکارهێنران. لەسەر ناوی یەکێتی ئوممەت، برایەتی ئیسلامی وەک ماف نەیانبینی و ئەو مافەیان وەک جیاکاری پێناسە کرد.

ئەوەی لەسەر کوردان فەڕزە       

لە کۆتایی قسەکانیدا حیکمەت سەربڵند سەرۆکی پارتی ئیسلامی کوردستان باسی لەوەشکرد، کە خاکی کوردستان لە لایەن چوار دەوڵەتی 'مسوڵمان'ەوە داگیرکراوە، بۆیە سەرجەم ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن مسوڵمان دەبێت سەرەتا بەرامبەر بەو داگیرکەرییە بوەستنەوە و کەس بە بانگەشەی برایەتی ئەو وڵاتانە نەخەڵەتێت و گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانی دەبێت وزەی خۆیان لەپێناو یەکڕیزیدا بەکاربهێنن. تا ئاگری ناو ماڵی خۆمان نەکوژێنینەوە، ناتوانین هاوکاری کەس بکەین. ئەوەی لەسەر کوردەکان فەڕز و ئەرکە، پاراستنی دەستکەوتەکان لە باشوور و رۆژئاوایە. دەبێت کورد بە دەوری ئەو دوو هەرێمەدا ببنە بازنەیەک. ئەمە فەڕز و ئەرکە".

هـ . ب