جەبار یاوەر: دەوڵەتی تورک بەنیازە بێتە قەندیل و سلێمانی

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر ڕایگەیاند کە دەوڵەتری تورک بەنیازە بگاتە ناوچەکانی نزیک قەندیل و سلێمانی.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر بۆ ڕۆژنیوز دوا و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان.

یاوەر ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک تا ئێستە یاسا نێونەتەوەییەکانی ڕەچاو نەکردووە و گوتی: " دەوڵەتی تورک بە بیانووی ناڕاست دەیەوێت بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر بێتە خاکی هەرێمەوە.  بەتایبەتی بۆ سنوورى قەندیل و ناوچەکانی نزیک لە پارێزگای سلێمانی. بەپێی ئەو نەخشە سەربازییانەی وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاوى کردووەتەوە، دەریدەخات ئەو وڵاتە ٨٧ بنکەى سەربازى لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە".

یاوەری ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت و گوتی: "  تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێکی جددی نەبووە لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک و هێرشى فرۆکە جەنگی و بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک، کە هەندێ جار ٣٠٠ کیلۆمەتر دێنە ئاسمانی عێراق. بێدەنگى عێراق بەرامبەر هێرشەکانى دەوڵەتی تورک وادەکات بڵێین ڕێککەوتنی ژێر بە ژێر هەیە لە نێوان حکومەتی عێراق و تورکیادا ئەگەر واش نەبێت ئەم بێ دەنگییەی عێراق هەر ڕێگە خۆشکەرە بۆ ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە".