جەنگاوەرێکی پەیڕەوکاری پێشەنگانی پەکەکە
یەکێک لەو هەزاران قارەمانانەی کوردستان گەریلای هەپەگە ئەرنەستۆ چێ گییڤارایە کە بۆ ئازادی گەل و وڵاتەکەی وێڕای هەموو بارودۆخە سەختەکان بە بڕیاردارییەکی مەزنەوە هەتا کۆتا هەناسەی خۆی لە بەرخۆداندابوو.
یەکێک لەو هەزاران قارەمانانەی کوردستان گەریلای هەپەگە ئەرنەستۆ چێ گییڤارایە کە بۆ ئازادی گەل و وڵاتەکەی وێڕای هەموو بارودۆخە سەختەکان بە بڕیاردارییەکی مەزنەوە هەتا کۆتا هەناسەی خۆی لە بەرخۆداندابوو.
مێژووی کوردان هەرگیز دابڕاو نەبووە لە عەگید و فیدایی. لەگەڵ سەرهەڵدانی تەڤگەری ئازادی کوردستاندا هێڵی فیدای و هێڵی تێکۆشان دەرکەوت. ئەرداڵ، تێکۆشەر، چیاگەر، رەشید، چوما، شۆڕش، عادل و هەزاران قارەمانی دیکە ناوی خۆیان بە پیتی زێڕین لە مێژووی کوردستاندا نەخشاند.
لە نێو ئەو قارەمانانەدا ئەرنەستۆ چێ گیڤارا (ژیان بیلگە)ی ئامەدی بوونی هەیە. ئامەدێک کە لە نێو دڵی هەموو کوردێکدا پایتەختە. کاتێک گوێبیستی ناوی ئامەد دەبین، دەڤەری عەگیدان، سەرهەڵدان و تێکۆشان دێتەوە بیری مرۆڤ. ژیان لە بسملی ئامەددا لە نێو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا چاو بە دونیادا هەڵدێنێت. منداڵێتی خۆی بە چیرۆکی سەرکەوتن و داستانەکانی گەریلاوە گەورەدەکات. کاتێک شۆڕشگێڕان دێنە ناو گوندەکەیان ئیدی لەو کاتەوە دڵی هەموو گوندییان تەژی بە هیوا دەبێت. هەر بەم هۆیەوە هەر لە منداڵییەوە نەخشەڕێی خۆی دیاری دەکات و بڕیاردەدا ببێت بە یەکێک لە قارەمانانی داستانەکان.
لە ساڵی ٢٠١٥دا کاتێک دووژمن لە دژی گەلی کورد پلانێکی نوێی لەناوبردن و قڕکردن دێنیتە ئاراوە، لەو کاتەدا ژیان خۆی لە ژیانی سیستەم دووردەخاتەوەو بۆ ژیانێکی نوێ وەک هەنگاوی سەرەتا بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا دەبێت. ژیان یەکەم پەرەوەردەی خۆی لە هەرێمی بەستای وەردەگرێت و لەماوەیەکی کورتدا لەو پەرەوەردەیەوە ئەزموونێکی بەهێز بەدەست دەخات. هەرچەندە ماوەیەکی زۆر کەم لەو هەرێمەدا مایەوە بەڵام بنکی کەسێتی شۆڕشگێڕی خۆی لە هەرێمی بەستای بونیاتنا. ژیان لە بۆتاندا ناوی یەکێک لە مەزنترین شۆڕشگێڕەکانی جیهان ئەرنەستۆ چێ گیڤارا دەکات بە ناسناوی خۆی و بە گوێرەی بەنرخی و سەنگینی ناوەکە دەست بە تێکۆشانی هەمیشەیی خۆی دەکات. ئەرنەستۆ دەیزانی کە ڕێگەی دژوار لە پێشیدایە. بەڵام لە دووی عەشقی منداڵی خۆیدا دەچێت و بۆ ئازادی کوردستان وێڕای هەموو سەختییەکان بە بڕیاردارییەکی مەزنەوە هەموو لەبەرچاودەگرێت. بەم ئایدیا و باوەڕداری و عەشقەوە دوابەداوی تەواوکردنی پەرەوەردەکەی لە هەرێمی بەستا، دەڕواتە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.
ئەرنەستۆ کە لە هەفتانین بەشداری خەبات دەبێت، بەو ئەزموون و عەشقەی کە هەیبوو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زۆر باش بەرەوپێشەوە دەچێت. نزیکەی ساڵێک لە هەفتانین دەمێنێتەوە و لە ڕووی ژیانی گەریلایەتییەوە ئەزموونێکی باش کۆدەکاتەوە. وەک هەموو ئەو گەریلایانەی کە تازە بەشداری ناو ڕیزەکانی تێکۆشان دەبن، پەیوەندی هاوڕێیەتی ناو پەکەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دادەنێت. لەبەرئەوە هەوڵدەدات لە نێو ئەو هاوڕێتییە ڕاستەقینە و پیرۆزەدا خۆی پڕکات لە پیرۆزی هاوڕێیەتی. ئەرنەستۆ دوای ساڵێک لە ئەزموونی پراکتیک، لە ساڵی ٢٠١٦دا بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی لەسەر گەلی ئێزیدی و بۆ بەشداربوون لە هەڵمەتی ئازادکردنی شەنگال، دەڕواتە شەنگال. لە چەندین چالاکی دژ بە چەتەکانی داعشدا بەشداردەبێت و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێدەکات و ئارامی بۆ گەلی ئێزیدی بەدەستدەخات و دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.
داگیرکەران دەبنە شایەتحاڵی شەڕێک کە بۆ هەمیشە لە بیرییان ناچێت
ئەرنەستۆ لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا جارێکی دیکە دەگەرێتەوە بۆ هەفتانین و لەگەڵ بارگران، ئەسمەر، زەلال و ڕوباراندا لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بە فیداکارییەوە شەڕدەکات. بۆ تۆڵەکردنەوەی هاوڕێیانی کە دیانگوت 'ئێرە هەفتانینە' بە ئیرادە و باوەڕدارییەکی مەزنەوە بەرخۆدانی دەکرد. سەربازانی داگیرکەر دەبوون بە شایەتحاڵی شەڕێک کە هەرگیز لە بیرییان نەچێتەوە. ئەرنەستۆ دوای شەرێکی سەخت و درێژ دەچێتە گۆڕەپانی مەتینا. لە ساڵی ٢٠٢١دا بەشێوەیەکی چالاک بەشداری ئەو چالاکیانە دەبێت کە لە زەندورای لەدژی هێرشەکانی دووژمن ئەنجام دەدرێت. لەو چالاکیانەدا تۆڵەکردنەوەی گیانی هاوڕێکانی کە بە چەکی کیمیاوی دەوڵەتی تورک شەهید بوون، دەکات بە ئامانجی خۆی و لەگەڵ هاوڕێکانیدا گورزی کوشندە لە دووژمن دەدەن. ئەرنەستۆ کە لەچەندین گۆڕەپانی مەتینادا گەریلایەتی دەکات، ئامانجی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی ڕەهایە لە هەموو چالاکیەکاندا.
ئەرنەستۆ لە ٣ی کانوونی یەکەمدا ٢٠٢٣دا لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لەگەڵ دوو هاوڕێیدا شەهید دەبن. وەک هەزاران شەهیدی دیکەی ڕێگەی ئازادی گیانی خۆیانیان بەخشی بە ئازادی خاکی کوردستان. ئەرنەستۆ پێش شەهیدبوونی ئامانجی خۆی لە ژیانی شۆڕشگێڕییدا بەم شێوەیە باس دەکات: "دەمەوێت لە دەرونمدا مرۆڤێکی ئازادی خواز بئافرێنم. خواستمە لەسەر ڕێگەی پێشەنگانی پەکەکە ببمە هاوڕێیەکی ڕاستەقینە." شەهید ئەرنەستۆ بە هەڵوێست و کەسایەتی خۆی بووە میلتانێکی نموونەیی و لە ڕێگەی ئازادیدا گیانی خۆی بەخشی. شەهید ئەرنەستۆ چێ گیڤارا دەبێتە یەكێک لەو قارەمانانەی کاتێک باسی عەشقی ئازادی، دڵسۆزی بۆ ڕێبەر و ئەشقی وڵات دەکرێت، ناوەکەی بێتەوە یادی مرۆڤ.