کاڵکان: سارا و روکەن فەرماندەن و ئێمە شەڕڤانی ئەوانین -نوێکرایەوە-

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، تێکۆشانی مێرسین دوایین بەش و ئەڵقەی پاراستنی ڕێبەر ئاپۆیە لە دژی پیلانگێڕییەکە، پراکتیک و کردەوەیەکە لە شێوەی زیلان. سارا و روکەن فەرماندەی ئێمەن و ئێمە شەڕڤانی ئەوانین.

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، تێکۆشانی مێرسین دوایین بەش و ئەڵقەی پاراستنی ڕێبەر ئاپۆیە لە دژی پیلانگێڕییەکە، پراکتیک و کردەوەیەکە لە شێوەی زیلان. سارا و روکەن فەرماندەی ئێمەن و ئێمە شەڕڤانی ئەوانین.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وەڵامی پرسیارەکانی میدیا خەبەر تیڤیی سەبارەت بە پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم، گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسەر کوشتنی ژنی کورد ژینا ئەمینی، شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، کە ماوەی ٦ مانگە بەردەوامە و چالاکیی فیدایی گەریلاکانی یەژاستار لە مێرسین دایەوە.

دوران کاڵکان لە سەرەتای وتەکانیدا، بە ڕێزەوە سڵاوی لە بەرخۆدانی ئیمرالی، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و ڕایگەیاند، ئەشکەنجەی گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامیی سیستمی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکارییە.

کاڵکان خەمساردی و بێباکیی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای بەبیرهێنایەوە، کە لە پشت بڕیارەکانیەوە ڕانەوەستاوە و ڕایگەیاند،  پێویستە تێکۆشان بکرێت.

'تێکۆشان لە دژی سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی تێکۆشانی هەمووانە'

دوران کاڵکان لەوبارەیەوە وتی: "زیاتر لە ٢٠٠٠ هەزار پارێزەر داوای سەردان و چاوپێکەوتنیان کردووە. هەندێكیش ماوەی ٦ مانگە  چاوەڕێن، هەندێکیش ماوەی ٣ مانگە چاوەڕێن. پارێزەران، بیرمەندان، هونەرمەندان، زانایان و نووسەرانی لە هەموو لایەکی جیهانەوە داوای چوونە ئیمراڵی و چاوپێکەوتن دەکەن و دەیانەوێت سوود لە بیر و ڕامانەکان و بیرۆکەکانی وەربگرن و بیرو ڕامانی خۆشیانی پێ ڕابگەیەنن و لەگەڵی هاوبەشیی پێ بکەن، بەڵام وەڵامیان نادرێتەوە. بەڕێوەبەریی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە هەموو شتێکی داخستووە، تەنانەت یاساکانی خۆشیان جێبەجی ناکەن. لە هەر شوێنێک دا یاسایەکی جیاواز لە کاردایە. لە زیندانە جۆراجۆرەکاندا، لەسەر کەسە جیاوازەکان ئەنجام بەڕێوەی دەبەن".

 کاڵکان ڕایگەیاند، سیستەمێکی فێڵبازانە و ساختەکارانە هەیە، دیموکراسی، یاسا و دادپەروەری بۆ ئەوان هەمووی چیرۆکن. ئاماژەی بەوەدا، دەبێت لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، لە ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوروپا تێکۆشانێکی یاسایی زۆر بەهێز بەڕێوەبچێت.

دوران کاڵکان ئاماژەی بە گرنگیی زیادبوونی هەوڵەکانی پارێزەران کرد بۆ ئەوەی بچنە ئیمرالی و وتی: "دەبێت زیاتر تێکۆشان بکەن. نەک تەنیا پارێزەران، بەڵکو دەبێت پەرلەمانتاران، هونەرمەندان، نووسەران و هەموو کەسێک لە کوردستان و تورکیا بتوانن بچنە ئیمرالی. گرنگە گوشار بکرێت تاوەکو ئەو سیستەمە پاکتاوکار، گۆشەگیر و ئەشکەنجەی ئیمراڵی تێکبشکێنرێت. ئەمە تەنیا پەیوەندیی بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و بەدەستهێنانی مافەکانی کوردەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە دیموکراتیزەبوونی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیموکراسی و ئازادیی مرۆڤەوە هەیە و پەیوەندیی بە هەموو کەسەوە هەیە. تێکۆشان لە دژی سیستمی ئەشکەنجە لە ئیمرالی تێکۆشانی هەموو کەسێکە و بۆ هەموو کەسێک سودی هەیە".

'یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا تاوانێکیان ئەنجام داوە، داوایان لێدەکەم، خۆیان لەو تاوانە ڕزگار بکەن'

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە باسی لەوەشکرد، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دەستیپێکرد و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئەنجامی ئەو پیلانگێرییەدا لە سوریا کرایە دەرەوە و ئێستا ٢٤ ساڵی تەواوکردووە و وتی: "بووە بە ڕووداوێکی هێرشکاری بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک. ئەوەی لەم چارەکە سەدەیەدا ڕوویداوە، گرنگە بە باشی لێی تێبگەین".

دوران کاڵکان پیلانگێڕییەکەی بە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بۆ لەناوبردنی عەبدوڵا ئۆجالان پێناسەکرد و وتی: "لێرەدا هێرشێک هەیە، هێرش بۆ لەناوبردن هەیە. کێ ئەمەی کرد؟ لە ئاسمانەوە نەهات، ئەوانەی ئەنجامیانداوە دیار و ئاشکران. سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڕیاری لەسەر ئەوه دا، کلینتۆن ئیمزای کرد، یاریدەدەرەکانی وتیان، 'ئێمە ئامادەمان کرد و بە سەرۆکیان ئیمزا کرد'. هەموو ئەمانە دۆکیومێنت کراون. بایدنیش ئەندامێکی پارتی دیموکراتە. هەروەها ئیدارەی ئەمریکاش ئێستا لە دەست پارتی دیموکراتدایە. ئینگلتەرا و ئیسرائیل بەشدارییان لەمەدا کرد. ئێمە دەزانین، کە ئەوان گوشارێکی چۆنیان لە ڕووسیا کرد".

کاڵکان ئاماژەی بەوەکرد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەریی دیموکراتیکی پرسی کورد ڕووی لە ئەوروپا کرد و وتی، "پلانێکی ٨ خاڵیی پێشکەش کرد. بەڕاستیش بارودۆخێک بوو، کە دەکرا هەموو شتێک بگۆڕدرێت، بەڵام ئەوروپا چیی کرد؟ ڕێگەی ئیمراڵیی نیشان دا و دیپۆرتی کرد. پێش هەمووان ئەڵمانیا و فەرەنسا، ئەویان وەک کەسێکی  نەخوازراو ڕاگەیاند. دەرفەتی ئەوەیان نەدا لەوێ بمێنێتەوە. ناردیان بۆ کینیا. پاشانیش بۆ ئەوەی تورکیا بەپێی خواستی خۆیان بە خۆیانەوە ببەستنەوە، لە ساڵی ١٩٩٩دا ڕادەستی تورکیایان کرد. ئەجەوید وتی: 'ئێمە تێنەگەیشتین، کە ئەمریکا بۆچی دەیدات بە ئێمە"، بۆیە هێز هەیە بڕیاری لە پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم داوە، و بەڕێوەی بردووە، ١٥ی شوباتیان ئەنجام دا و سیستمی ئیمرالییان دروست کرد. ئەم هێزانەش لەمە بەرپرسیارن.

بۆچی ئەم کارەیان کرد؟ بۆچی هێرشیان کردە سەر ڕێبەر ئاپۆ؟ لەبەر ئەوەی دەیخواست کێشەی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتیانە چارەسەر بکرێت، خوازیاری ژیانێکی مرۆفانە و دێموکراتیک بوو، باشە ئەم داواکارییە خراپە و زیانی بۆ کێ هەبوو، کە پێکەوە هێرشیان ئەنجامدا؟ ویژدان پێویستە. تاوانێکی گەورەیان ئەنجام دا. پێش هەموویان داوا لە ئەمریکا و هەموو ئەو هێزانە دەکەم کە بەشدارن لە پیلانگێڕییەکەدا کردووە، بەهۆی ئەو ناهەقییەوە لە کوردیان کردووە بە ویژدانەوە هەڵسوکەوت بکەن، هەڵسەنگاندنێکی دیموکراتیانە و یاسایی بکەن و خۆیان لەو دۆخە تاوانکارییە ڕزگار بکەن. ئەگەر وا نەکەن و ئەگەر ناویشیان پارتی دیموکرات بێت، کەس باوەڕیان پێناکات. تەنانەت ئەگەر خۆیان وەک دیموکرات نیشان بدەن کەس بڕوایان پێ ناکات. خراپەکاریی زۆریان بەرامبەر بە گەلی کورد کردووە، دەبێت ئەمە بگۆڕن. بەلایەنی کەمەوە دەبێت ئەو ناهەقییە نەهێڵدرێت".

'ئەوان بە شێوازی ڕۆژهەڵاتناسانە لە رووداوەکانی ئێران نزیک دەبنەوە'

یەکێک لەو بابەتانە، کە دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە هەڵسەنگاندنی بۆ کرد، ڕاپەڕینی ژنان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو.

کاڵکان سەرەتا لە کەسایەتیی ژینا ئەمینی دا یادی شەهیدانی ئازادیی ژنان کردەوە و ڕایگەیاند، ڕاپەڕین لێرەدا ڕاستیەکی گرنگی خستە بەرچاو، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" چەسپاند و نیشانی دا لە ئێران و لە هەموو جیهاندا پێویستی بە چی هەیە.

دوران کاڵکان وتی: "هێزە ئازادیخوازەکان لە ڕۆژهەڵات لە هەوڵێکی بەرفراواندان. ئەمە زۆر گرنگە. لێرەدا چەند خاڵێک هەیە، کە شایەنی هەڵسەنگاندنن.

 یەکەم؛ هەندێک بەناوی ڕەخنەگرتنەوە، تاوانبارکرن و خراپەکانی رژێمی ئەمڕۆ، دەکەون دۆخ و حاڵەتێکەوە شۆڕشی ١١ی شوباتی ١٩٧٩ (٢٢ی رێبەندانی ١٣٥٧) بە خراپ لێکبدنەوە و دەست بە ستایشی ڕژێمی شا بکەن. ئەمە ڕێباز و شیوازێکی هەڵەیە. ئێمە ئەو شۆڕشەمان بینی. ئێمە باش دەزانین، کە بەبێ شا لە ئێران چی ڕوویدا. حاڵەتێکی ئاوا هەڵەیە، نابێت نزیکایەتیی بەم شێوەیە هەبێت. ڕێبەر ئاپۆ وتی، لە رێگاکە دوورخرایەوە و بە لاڕێدا برا. جەنگێکی گرنگی مۆدێرنیتە بوو، گۆڕەپانی ئافراندنی مۆدێرنیتەی ئەڵتەرناتیڤ بوو، بەڵام بە لاڕێدا برا. پاشانیش کردیان بە بەڕێوەبەریی ئیسلامی و بەڕێوەبەریی ئەمڕۆ دامەرێنرا. هەندێک لە بەڕێوەبەرە ناسراوەکان بوون بە بەشێک لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. دەرفەتێک هەبوو بۆ دروستکردنی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، بەڵام پێچەوانەی ئەوەیان کرد.

شۆڕشی ١٩٧٩ جیاواز بوو. شۆڕشی هاوپەیمانیی گەورە بوو، کە کۆمەڵگا بەتەواوی تیایدا بەشداربوو. یەکێتیەکی دیموکراتیک هەبوو. پێشەنگەکانی ئەو شۆڕشە ژنان بوون. ئێران نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵات دەکات، هەنگاوی کۆمەڵگەپارێزیی کۆمیناڵ، دیموکراتیک و ئازادیخواز لەسەر بنەمای ئێران هەڵگیران. ئێران خاوەنی نەریتێکی دێرینی کۆمەڵایەتی لەو شێوەیەیە. بۆیە خاوەنەکانی ئەو بیرۆکەیە بە چاوێکی ڕۆژهەڵاتناسانە (ئۆریانتالیستیانە) هەڵیدەسەنگێنن، ئێران بە دواکەوتوویی دەزانن، لە چاوی ئەوروپاوە سەیری ئێران دەکەن.

'ئەوە سەلمێنراوە لە ڕۆژهەڵات هیوا بە ژنانە'

ڕژێم لەبناغە و ڕەگەوە هەژاوە، چونکە کەس چاوەرێ نەبوو. هەموو کەسێک وایدەزانی، کە کۆمەلکوژی، گوشار و ستەم ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی کەس تێنەکۆشێت. بۆچوونێکی لەو شێوەیە بۆ بچووکردنەوە هەبوو، ئەوەش هەڵەیە و تێڕوانینی هەژموونی ئیمپریالیستییانەیە. ئەوە ڕوانگەی باڵادەستخوازییە، بەڵام لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا جارێکی تر ئەوە سەلمێنرایەوە، کە هیوا لە ڕۆژهەڵات بە ژنانە. بەڕاستی ئەوە بارودۆخێکی زۆر گرنگە. بۆ ئەوەی هیوا بۆ مرۆڤایەتی بگەڕێتەوە، ئەوەی پێویست بوو دۆزرایەوە و بینرا. بەرخۆدانی ژنان لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوویەوە. ئەمە کاری کردە سەر هەمووان، کاری کردە سەر کۆمەڵگاکان. هەموو کەس هەوڵ دەدات تێبگات. لەبەر ئەوە، دەبێت مرۆڤ وردی بکاتەوە و لە یەکی جیابکاتەوە.

ئەمە شۆڕشێکە. لە ئێران شۆڕشی ئازادی ژنان پێکدێت، بە پێشەنگایەتیی ژنان و شۆڕشی ئازادی بەڕێوەدەچێت. ئەم شۆڕشە پەیوەندیی بە شۆڕشی ١٩٧٩ەوە هەیە، کە رژێمی پاشایەتی هەڵوەشاندەوە. ڕێک هەر ئەوە نییە، بەڵام دەبێت ڕەگ و رێشەکانی بە باشی ببینرێن. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وڵاتێکە، کە شۆڕش تێیدا بەڕێوەدەچێت، بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان تیایدا سەرهەڵدەدەن. هەر خۆی ٤٣ ساڵ لەمەوپێش روویدا، بەڵام هەندێکیان دەستیان بەسەردا گرت و وتیان دەوڵەتی ئیسلامی. وا دیارە دژی ئەوروپان، بەڵام بە یەکەوە پەیوەستن و ئاوێتەی یەکترن. ئەو سیستەمەیان دروستکردووە، کە کۆمەڵگای خستووەتە ئەم دۆخ و حاڵەوە. بە پێی ئەم دۆخە نابێت ئەو شۆڕشە بە خراپ و وەک خراپ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نابێت مرۆڤ بکەوێتە ئەو دۆخەوە و دەست بکات ستایشکردن شا و رژێمی پاشایەتی. لە ٢٠دا یەکێک لە پێشکەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوچوون و ڕووخانی رژێمی پاشایەتی بوو لە ئێران دا".

'دەبێت وەڵامی داواکارییەکانی گەلان و ژنان بدرێتەوە'

سەبارەت بە هەڵوێست و نزیکبوونەوەی دەوڵەتی ئێران دوران کاڵکان ئەم هەڵسەنگاندنی کرد: "لە لایەکی دیکەوە ڕژێمی ئێران هەموو شتێک بە هێزە دەرەکییەکانەوە دەبەستێتەوە. دەڵێن، سیخوڕی ئەمەریکا و... هتدن. لەوانەیە هێزە دەرەکییەکان خۆیان حساب بۆ خۆیان بکەن. هەموو کەسێک دژی هەموو کەسێک تێدەکۆشێت، بەڵام ڕاست نییە هەموو شتێک بە هێزی دەرەکییەوە ببەسترێتەوە، داوای  بچووکترین ئازادی بە ناوی ' هێزی دەرەوە، گوناه و... هتد' دەبەستنەوە و بە گوشار و توندی سەرکوتی دەکەن. ڕژێمی ئێران هەڵە دەکات. هەوڵ دەدات کەمێک چاکی بکاتەوە، بەڵام دەبوایە چی بکردایە؟ دەبوایە لەگەڵ بەرەنگاران و خۆپیشاندەران دا دابنیشایە. کۆمەڵگا چیی دەوێت، دەبوایە گوێی لێ بگرتایە. لە جیاتی دۆزینەوەی چارەسەرێک دەچێت دەست بە  کۆمەڵکوژی و قەتڵوعام و.... هتد دەکات. نابێت ئەوە بکرێت. بەم شێوەیە بە هیچ شوێنێک ناگات.

ئەو ژنانە، کە ئەمڕۆ ڕێپێوان و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن ٤٣ ساڵ پێش ئێستا لە دژی شا ڕێپێوان و خۆپیشاندانیان دەکرد، بۆیە دەبێت زۆر بە بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ بکات و نزیک ببێتەوە. پێویستە داخوازیەکانی گەلان و ژنان جێبەجێ بکات. ئەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی دڵسۆزی کۆمەڵگا، لە بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیەکانەوە چاوەڕێ دەکرا. سەرنج و تێبینیی ئەوە بکەن، کە هەڵوێستی نەریتخوازانەی ڕژێمی ئێستای ئێران هەڵوێستی دەوڵەت نیشان دەدات. ئەو کاتە پەیوەندیی بە کۆمەڵگاوە نەماوە، بۆیە ئێمە نزیکبوونەوەکان و هەڵسوکەتەکانی دەوڵەتمان ئیدانە کرد. لە ڕاستی دا ئێمە چاوەڕوانی هەڵوێستی ڕاست بووین. چونکا ئەوەی هەبوو  بە هاوارێک بۆ ئازادی. ئێمە پشتگیری ئەوە دەکەین، کە کێشەکانی ئێران بە شەڕ و توندوتیژی چارەسەر نەکرێن. ئێمە دەمانەوێت بە شێوازی سیاسی دیموکراتیک و خەباتی گەل کێشەکان چارەسەر بکرێن و ئەوەش کارە ڕاستە و ریشەییەکەیە.

داواکارییەکانی پێشەنگاکانی ژنان لە سەقزەوە دەستی پێکرد، داوای ڕەوان و ئازادیخوازانەن. کۆمەڵگای ئێران داوای ئازادی دەکات، هەستاوەتە سەر پێ. ئەوە نوێنەرایەتیی ڕاستیی ئێران دەکات. ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە و وتیان لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام نابێت بکەوێتە ناو هەوڵی مەترسیدار. داواکارییەکان ڕەوا و شەرعین، چالاکییەکان ڕەوان، بەو مەرجەی توندوتیژی ئەنجام نەدەن، دەبێت تێکۆشان بەردەوام بێت، پێویستە چالاکی ڕێکخستنکراو بەردەوام بێت. دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش لەگەڵ چالاکوانان دابنیشێت. لەسەر بنەمای ئەو داواکاریانە خۆی بگۆڕێت و خۆی نوێ بکاتەوە. ئێرانیبون ئەمە دەسەپێنێت. دۆخی پێچەوانەی ئەوە زۆر مەترسیدار دەبێت".

'سڵاو لەو ژنانە دەکەم، کە قژی خۆیان کردووەتە ئاڵای ئازادی'

کاڵکان لەسەر ئەو باتە لە کۆتایدا وتی: "ژنان قژی خۆیان کردە ئاڵای ئازادی. سڵاو لە هەموویان دەکەم. بەڕاستی ئەوان دەتوانن جیهان بگۆڕن. بە دڵنیاییەوە و بە ڕاستی سەدەی ٢١ سەدەی ژن دەبێت. شۆڕش لە ئێران بە پێشەنگایەتیی ژنان دەتوانێت ببێت بە  شۆڕشێکی ئازادی. هەر خۆی لە کوردستان شۆڕشێک هەیە و ئەوەی بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە هەر ئەوەیە.

كاڵكان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه‌ هێڵی ئازادی ژن له‌سه‌ر رێگه‌ی خۆی به‌رده‌وامه‌، ئێران، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئازاد بكات، پرسی كورد چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ ئازادی ژن جیهانێكی نوێ داده‌مه‌زرێت و وتی، " ئه‌و دۆخه‌ی ئێرانی هه‌ژاند، ئیتر هیچ شتێكی وه‌ك پێشتر نابێت.رژێمی ئێستاش نابێت بكه‌وێته‌ ناو هه‌وڵ و لێكۆڵینه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دۆخی پێشوو. گۆڕانكاری رووده‌ده‌ن. به‌شداری ئێران ئه‌م تێكۆشانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هێنده‌ی تر به‌هێزتر و به‌ئه‌نجامتر ده‌كات. ئێمه‌ گه‌شبینین، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت".

'ئه‌وه‌ی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ شه‌ڕه‌'

ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه‌ دوران كاڵكان له‌ درێژه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ شه‌ڕی گه‌ریلا له‌ دژی داگیركاری كرد.

كاڵكان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ هێرشێكی دڕندانه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مێدیا و وتی، "به‌ به‌كارهێنانی هه‌موو جۆره‌ ئامێرێكی تاوان، به‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی، بۆمبی ئه‌تۆمی تاكتیكی قه‌ده‌غه‌ ده‌یانه‌وێت كوردان قڕ بكه‌ن. ده‌یانه‌وێت كوردایه‌تی ئازاد له‌ناو ببه‌ن. له‌ دژی ئه‌وه‌ش كچان و كوڕانی كورد به‌ قاره‌مانی خۆڕاگری ده‌كه‌ن. له‌ ئاستێكی بێ هاوتادا به‌رخودان ده‌كرێت. ده‌بێت مرۆڤ به‌رده‌وام سڵاو له‌و به‌رخودانه‌ بكات، شه‌هیدانی قاره‌مان به‌ بیر بهێنێته‌وه‌. له‌دوایین نمونه‌دا هه‌ڤاڵان له‌ شاخی جه‌هه‌ننه‌م به‌ چه‌كی كیمیایی شه‌هید بوون، له‌ سێداره‌دران. ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی هاوڕێ زناردا شه‌هید بوون هه‌موویان به‌ رێز و پێزانینه‌وه‌ به‌ بیر ده‌هێنمه‌وه‌، له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌واندا شه‌هیدانی زاپ، ئاڤاشین و مه‌تینا به‌ بیرده‌هێنمه‌وه‌. فه‌رمانده‌یی بڕیارگه‌ی ناوه‌ندیشمان ئاشكرای كرد، شه‌ڕ دژوار ده‌بێت، به‌رده‌وامه‌. لایه‌نه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجام به‌ده‌ستبهێنن هێزی خۆیان خستووه‌ته‌ته‌ر سه‌فه‌ربه‌ری و ئاماده‌باشیه‌وه‌. په‌كه‌كه‌ وگه‌لی كوردیش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ خۆڕاگری ده‌كه‌ن.

شه‌ڕ و تێكۆشانی دژوار هه‌یه‌. قۆناغێكی هه‌ستیاره‌. له‌ راستیدا له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانماندا به‌رده‌وام ده‌مانگوت، له‌ ناوچه‌ی جیاجیا رووداوی سیاسی رووده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ شه‌ڕه‌. ئه‌وه‌ش له‌ زاپ، ئاڤاشین و مه‌تینا رووده‌دات. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ كوردستان و توركیا به‌ زانابوون بژین و سیاسه‌ت بكه‌ن، ده‌بێت ئه‌م راستیه‌ ببینن. به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ببینن، هیچ وته‌ و هیچ پلانێك راست نییه‌، ناتوانرێت هیچ شتێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ بكرێت. له‌ زاپ، ئاڤاشین و مه‌تینا له‌ به‌رزترین ئاستدا شه‌ڕ رووده‌دات، كه‌وتووه‌ته‌ ناو یه‌ك. له‌وێ هه‌موو رۆژێك تاوان ئه‌نجام ده‌درێت. تاوان له‌ دژی مرۆڤایه‌تی، تاوانی شه‌ڕ ده‌كرێن. به‌ به‌ڵگه‌وه‌ تۆمار ده‌كرێن، نیشان ده‌درێن، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ دژی كوردان ده‌كرێت، ناڕه‌زایه‌تی نیشان نادرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌س هاوبه‌شی ئه‌و تاوانانه‌ن. چه‌كی قه‌ده‌غه‌، ئه‌و چه‌كانه‌ی كه‌ به‌كارهێنانیان تاوانه‌ به‌كارده‌هێنرێن. میدیای تورك مشتومڕ ده‌كات، ده‌ڵێت، روسیا بۆمبی ئه‌تۆمی تاكتیكی و هتد به‌كارده‌هێنێت. تۆ چه‌ندین ساڵه‌ به‌كاری ده‌هێنێت. تۆ بۆخۆت وه‌ك مافێكی ده‌بینیت، ده‌ڵێت من به‌كاریده‌هێنم به‌ڵام ئه‌وانی تر نابێت به‌كاری بهێنن. ئه‌و تاوانه‌ هێشتاش به‌رده‌وامه‌.

ئێمه‌ له‌ ناتۆ و ئه‌مریكامان پرسی، وتمان، گه‌لی كورد چاوه‌ڕوانی روونكردنه‌وه‌یه‌. ئه‌گه‌ر روسیا پێیده‌دات با بیڵێن له‌ روسیا وه‌ریده‌گرێت. به‌ڵام توركیا ئه‌ندامێكی ناتۆیه‌. چه‌ك چه‌كه‌كانی ناتۆن. ئه‌وانیش ئاگادارن، مۆڵه‌تیان پێداوه‌، ده‌بێت بیڵێن. ده‌بنه‌ هاوبه‌شی تاوانی ئاكه‌په‌- مه‌هه‌په‌. به‌ هه‌موو جۆرێك پشتیوانی لێده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ ئاشكرابووه‌. بینرا كه‌ جیهان چییه‌، په‌یوه‌ندییه‌كان چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چن، ده‌وڵه‌ت به‌ چ جۆرێك تۆڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌.

'ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك به‌رپرسیارێتی جێبه‌جێ بكات'

فه‌رمانده‌یی ئێمه‌ چی وت؟ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌ هه‌یه‌. ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك به‌شدار بێت، له‌ هه‌موو شوێنێك تێبكۆشێت. دوژمنی كۆلۆنیالیستی پاكتاوكه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌نجام، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ریلا سه‌ركوت بكات به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هێرش ده‌كات. ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی شه‌ڕی قه‌ده‌غه‌كراو به‌كارده‌هێنێت. له‌ چوار لای جیهان ده‌رفه‌ت و تواناكانی توركیا پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌یه‌وێت پشتیوانی به‌ده‌ستبهێنێت.

ده‌بێت به‌رخودان گه‌وره‌ بكرێت. گرنگه‌ هه‌موان به‌ به‌رپرسیارێتی بجوڵێنه‌وه‌، تێبكۆشن و نه‌ڵێن كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌. نه‌ڵێن من ناتوانم بیكه‌م، ده‌بێت ئه‌و هێزه‌ له‌ خۆیاندا ببینن. به‌ ته‌نیا ناتوانێت بیكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ رێكخستندا بیكات. ئه‌و هێزه‌ی خۆی ببینێت. .. گه‌ریلا شه‌ڕ ده‌كات. له‌ بۆتان، له‌ گۆڕه‌پانی زاگرۆسن له‌ ئامه‌د شه‌ڕ رووده‌دات. شه‌هیدانی ئامه‌د به‌ رێز، خۆشه‌ویستی و پێزانینه‌وه‌ به‌ بیر ده‌هێنمه‌وه‌. به‌ راستیش قاره‌مانانه‌ خۆڕاگرییان كرد، له‌ ئامه‌د بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌ دوژمن بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی خاكی ئامه‌د بپارێزن له‌ ئاستێكی نائاسایی و بێهاوتادا تێكۆشان. ده‌بێت هه‌مووان ئه‌م راستیه‌ ببینن. گرنگه‌ مرۆڤ ئه‌و مرۆڤانه‌ بناسێت.

به‌ڵێ، چه‌قی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مێدیایه‌ن هێڵی خواكورك، هه‌فتانین، زاپ، ئاڤاشین و مه‌تینایه‌. به‌ڵام شه‌ڕ له‌ هه‌موو ناوچه‌یه‌كی باكور، توركیا، باشور بڵاوده‌بێته‌وه‌. هه‌ندێك بڵاوبووه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك لایه‌نی كه‌مه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ولایه‌نانه‌ی كه‌من ته‌واو بكرێن، ده‌بێت هه‌موو كه‌س به‌رپرسیارانه‌ بجوڵێنه‌وه‌. بانگه‌وازه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه‌. ده‌بێت نه‌وترێت، كه‌ ئێمه‌ ناتوانین بیكه‌ین، هه‌موو كه‌س ده‌توانێت شتێك بكات. ته‌نیا با لێكۆڵینه‌وه‌ بكات، بیه‌وێت بیكات، به‌ دوژمن بڵێت دوژمن، به‌ ناحه‌قی بڵێت ناحه‌قی. بۆ ئه‌نجامدانی كارێك ویست و بڕیار پێویسته‌. رێگه‌ و رێبازه‌كانی ئه‌و كاره‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ نابێت كه‌س بڵێت ئێمه‌ ناتوانین بیكه‌ین".

'چالاكیه‌ك به‌ شێوه‌ی زیلان بۆ پاراستنی رێبه‌ر ئاپۆ و تێكۆشانه‌'

ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه‌ دوران كاڵكان له‌ باره‌ی چالاكی فیدایی له‌ مێرسینیش ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی كرد:

"وتمان شه‌ڕ بڵاوده‌بێته‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌ ده‌ستێنێت. ده‌بێت تێگه‌یشتنی دروست هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و چالاكیه‌ی مێرسین. هه‌م شوێنی ئه‌و چالاكیه‌ له‌ ناو شه‌ڕی گشتییدا و هه‌میش كاریگه‌ری ئه‌و چالاكیه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕ ده‌بێت باش هه‌ڵبسه‌نگێنرێت. ناوه‌ندی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هه‌په‌گه‌ و بڕیارگه‌ی ئێمه‌ راگه‌یه‌نراویاندا. راگه‌یه‌نراوی گرنگ و واتادار بوون. ده‌بێت هه‌موو ئه‌نجامی لێوه‌ربگرن. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توركیا وتی، 'كه‌س نه‌ماوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بین و هتد'. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و چالاكیه‌ زۆر واتاداره‌. وه‌ك چۆن سه‌رهه‌ڵدانی ئێران هه‌موو شتێكی هه‌ژاند، چالاكیه‌كه‌ی مێرسینیش هه‌موو شتێكی هه‌ژاند. ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی تورك ناچار بوو كۆببێته‌وه‌. ئێستا گفتوگۆ ده‌كه‌ن. له‌ ناو تێكۆشانی ئازادی كورددا هێڵێك به‌ ناوی 'هێڵی زیلان هه‌یه‌'. هێڵی رێپێوانی تێكۆشان و سه‌رخستنی تێكۆشانه‌ به‌ رێبازی زیلان، پاراستنی راستی رێبه‌رایه‌تیه‌. له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌كه‌ی شه‌شی ئایاری ١٩٩٦ له‌ دژی رێبه‌ر ئاپۆ، تێكۆشانی زیلان له‌ ٣٠ حوزه‌یرانی ١٩٩٦ بووه‌ هێڵێك. ئه‌و هێڵه‌ نه‌ریتێكی ده‌ستپێكرد. تێكۆشانی مێرسینیش نوێترین ئاڵقه‌ی ئه‌وه‌یه‌. ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێبه‌ر ئاپۆ به‌ رێبازی زیلان ده‌پارێزرێت، نیشانه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی تێكۆشانی ئازادییه‌ به‌ شێوازی زیلان. مرۆڤ ده‌توانێت چالاكیه‌ی مێرسین له‌گه‌ڵ چالاكی ٣٠ حوزه‌یرانی ١٩٩٦ به‌راورد بكات و هه‌ڵیبسه‌نگێنێت. له‌ كاتی ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی پیلانگێڕی نێونه‌ته‌وه‌ییدا وه‌ك هێڵی پاراستنی رێبه‌ر ئاپۆ هاته‌ ئاراوه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ٢٥ هه‌مین ساڵه‌ی پیلانگێڕیدا له‌ دژی سیستمی پاكتاوكاری و گۆشه‌گیری وه‌ك دوا ئاڵقه‌ی پاراستنی رێبه‌ر ئاپۆ، به‌كرده‌وه‌كردنی رێبازی زیلان خرایه‌ڕوو. به‌م جۆره‌ ده‌بێت ببینرێت. واته‌ ئه‌مه‌ هێڵێكه‌. ئه‌و هێڵه‌ كه‌ شه‌ڕی ئازادی، ئازایه‌تی و هێڵی سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ به‌رزترین ئاست و به‌ گیانبازی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. گرنگه‌ چالاكیه‌كه‌ی مێرسین به‌م جۆره‌ ببینرێت. به‌شێوه‌یه‌كی بێهاوتا به‌ كرده‌وه‌كردنی رێبازی زیلانه‌. ده‌بینرێت كه‌ هێڵی گیانبازی ئاپۆیی له‌ به‌رزترین ئاستدا به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌ جێبه‌جێ كراوه‌. ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دركی پێبكرێت. هاوڕێیان سارا و روكه‌ن كه‌ ئه‌و چالاكیه‌یان كرد به‌ رێز، خۆشه‌ویستی و پێزانینه‌وه‌ به‌ بیر ده‌هێنینه‌وه‌. به‌ راستیش به‌ شێوه‌ی زیلان و زنار تێكۆشان، چالاكیان كرد و گه‌یاندیانه‌ سه‌ركه‌وتن.

'سارا و روکەن فەرماندەن و ئێمەش سەربازی ئەوانین

ئەوان خاوەنی سەرکەوتنێکی گەورەن، بوون بە وڵامی پیلانگێڕی ٢٥ ساڵ. نیشانیاندا کە پێویستە تێکۆشا چۆن بکرێت، پیشانیاندا کە ژنان، گەنجانی گەلی کورد کە پێویستە چۆن تێبکۆشن، هێڵی تێکۆشانیان دیاری کرد. پێویسە هەموو کەسێک ئەزمون لە چالاکی مێرسین وەربگرێت و بەو پێیە خۆی رەخنە بکات. نیقاشی لەسەر دەکریت، ناتوانم هەمووان هەڵبسەنگێنم، بەڵام دەبێت نیقاشەکان بە دروستی بکرێن. هەموو کەسێک لایەنی لێپرسینەوەی هەیە، بەهۆی ئەوەی چالاکی حسابپرسینە. پێویستە هەموو کەسێک حسابی خۆی بدات. رێبەر ئاپۆ گوتی، ' زیلان فەرماندەیە و ئێمە سەربازی ئەوین.' سارا و روکەنیش فەرماندەن و ئێمە شەڕڤانی ئەوانین.

هێڵی راست، هەڵوێستی راست بەم شێوەیەیە. کورد، وڵاتپارێز، ژن، تورک، کرێکار، رەنجدەر پێویستە بەم شێوەیە هەڵیبسەنگێنن. خاوەنەکانی دەوڵەت- دەسەڵات بێگۆمان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەردۆغان و دەوروبەری بە هەرزانی قسە دەەکەن؛ ئایا تۆ چیت کردووە کە ژنانی کورد بەم شێوەیە چالاکی دەکەن و تێدەکۆشن؟ تۆ ئەمەت کرد؛ لەگەڵ هەموو کەسێک هاوکاریت کرد، کوشتت، دەیخەیتە زیندانەکان، پێشەنگەکان، کرێکاران و رەنجدەران... زوڵم نەما کە لە باکور، باشور و رۆژهەڵات نەکەیت. ئەم ژنانە نوێنەرایەتی کەلتوری خوداوەندی دەکەن. ئەمە رۆحی مرۆڤایەتی ئازادە، نوێنەری هەڵبژاردەی ژیانی ئازادە. هەموو شتێک بە ئەنقەست دەکەن، بەڵام کێ وایکرد کە ئەم شتانە بکەن؟ ئەوانەی ناچاریان کردن کە وا بکەن، هەسڵدەستن قسە دەکەن. بۆ لەناوبردنی کورد لەگەڵ هەموو لایەک رێکدەکەون. خائین کێیە، تیرۆریست کێیە، کێ تیرۆرە؟ ئایا لە تۆ خائینتر کێ هەیە؟ بۆ کورد نەزانە؟ باشە ئەم هەموو شتە نابینێت؟

ئێستا ژنان، گەنجانی کورد هەموویان بەم شێوەیە دەبن. ٣٠ ساڵ بە میتۆدی زیلانی شەڕیان کرد؛ ئێستا لەسەر هێڵی سارا و ڕوکن شەڕ دەکەن. هەموو ڕۆژێک وەک ڕوکن و ساراکان دەبن. شایەنی ئەوەن بە چالاکی لەو شێوەیە وەڵامیان بدرێتەوە. مەبەستم ئەوەیە ئایا حەق نییە بەم شێوەیە حسابیان لێپرسینەوە؟ ڕێبەر ئاپۆ، بەڕێوەبەرایەتی ئێمە چەندین جار هۆشداری داوە؛ وتیان کورد لە وەک رابردوو نییە، زانایە، جیهان دەناسێت، فێری شەڕ بووە. ژیرانە مامەڵە بکە، بەم شێوەیە بەردەوام بن زیانتان بەردەکەوێت. هیچ هەڵوێستێک بەرامبەر بەم بابەتە نییە، بەڵام شەڕانگێزییەکی سادیست و هەڕەشەکردن هەیە. ڕەگەزپەرستی هەیە، ناسیۆنالیزمێکی خۆبەزلزان هەیە، جگە لە خۆیان هیچی تر نابینن. ئایا مرۆڤایەتی بەم شێوەیە؟ تۆ کێیت، چۆن هەست دەکەیت ئەوەندە مافت هەیە؟ هەرکەسێک بیەوێت قسە بکات دەبێت بەراستی قسە بکات. پێویستە ڕاستی دەسەڵاتدارانی تورکیا ببینن، بزانن چۆن دەوروبەریان لەناودەبەن. پێویستە کەمێک سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی لە پەیامی چالاکیی مێرسین تێبگەین.

بۆ هێزە دیموکراتخوازە شۆڕشگێڕەکان، بۆ گەلی کورد، ژنان، لاوان، هێڵی نیشتمانپەروەری، هێڵی دیموکراسی شۆڕش پێویستە ئەم شتانە بکەنە بناغە. ئەمە تەرازووە، ئەمە هێڵی ڕاستە، ئەمە هێڵی پێشەوەیە. چی روو دەدات؟ ئەگەر دەتوانیت چالاکی بکە، ئەوەندەی دەتوانیت ئەنجامی بدە، ناتوانیت دوعا بۆ ئەو کەسانە بکە کە دەیکەن، لەبەرانبەریان مەوەستە، لەبەرخۆتەوە قسە مەکە، خۆبەزلزان مەبە. کەس مافی ئەوەی نییە خۆی بەگەورە بزانێت. کورد لە دۆخێکی مان و نەماندایە. کاتێک شەڕی زاپ دەستی پێکرد، ئیدارەی ئێمە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی 'جەنگی لەناوبردنە'. ژیانێکی ئازاد تەنیا بە شکستپێهێنانی ئەم هێرشانە بەدەست دێت. ئەمە لە ڕێگەی خەباتەوە دەشکێنرێت. قارەمانترین خەباتی قۆناغەکە لە مێرسین ئەنجام درا. پیرۆزبایی لەو کەسانە دەکەم کە لە مێرسین چالاکیان کرد، پیرۆزبایی لە فەرماندەکانی هەپەگە و یەژاستارمان دەکەم کە لە مێرسین چالاکییەکەیان رێکخست، هیوادارم سەرکەوتنی هاوشێوە بەردەوام بێت. جارێکی تر بە ڕێز و خۆشەویستیە سارا و ڕوکەن بیردەهێنمەوە. هەمیشە ڕێگای ڕاستیان نیشان داین، ئێمەش لەسەر ئەم رێگەیە تێدەکۆشین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین”.

ف.ق/ ژ.ت/ هـ.ب