ئەندامی راگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) کاویان کامدین لەبارەی بومەلەرزە لە باکوری کوردستان و سیاسەتی قڕکردن و جینۆسایکردن لە دژی گەلی کورد و ژینگەی کوردستان قسەی بۆ رادیۆ گەل کرد.
ئەندامی راگەیاندنی پەژاك، كاویان کامدین دەڵێت:"ئەوە كارەساتێكی سرۆشتی نییە. ئەم كۆمەڵكۆژییە بەدەستی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت ـ نەتەوە پێكهاتووە و دەیانەوێت بە كارەساتێكی سرۆشتی بەناوی بكەن و رەوایەتی بەكۆمەڵكۆژیەكە بدەن. ئەوە رووداوێكی هاكەزایی و لەخۆڕا نییە؛ چونكە دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان بڕیاری كۆمەڵكۆژی گەلێكیانداوە و هەموو رووداو و پێشهاتەكانیش لەو چوارچێوەیە روو دەدەن.
ئەندامی راگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك"، كاویان کامدین بەشداری بەرنامەی لاپەڕەی رادیۆی گەل لەسەر كۆمەڵكۆژی باكور و رۆژئاوای كوردستان كە رژێمە داگیركەرەكانی سەر كوردستان دەیانەوێت وەكو كارەساتێكی سرۆشتی نیشانی بدەن كرد و ئاخاوت و راگەیاند: سەرەتا لەو هەرێمانەی زەوی لەرزەیان پێكهاتووە، بەتایبەتی زەوی لەرزەی خۆی و هەرەدوایی لەباكوری كوردستان و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەو كەسانەی لەو زەوی لەرزەیەدا گیانیانیان بەختكردوە یادیان بەرز رادەگرین و بۆ ئەوانەشیان كە برینداربوونە شەفا و چاكبوونەوەیان بۆ دەخوازین. ئێمە ئێش و ئازاری گەلەكەمان لەباكور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات هەست پێ دەكەین. وەكو گەریلاكانی ئازادی كوردستان بەرپرسیارین لەبەرامبەر بەگەلەكەمان لەهەرشوێنێكی كوردستان و جیهاندا. پێویستە بەهەموو شێوەیەك ببینە هاوكار و پشتیوانیان. كوردستانیان هەموو لەهەڵمەتێكی گشتیگیردان. سەفەربەری گشتی راگەیەندراوە. هەر كوردێك، لەكوێ ئەم جیهانەدایە، چی لەدەستی دێت، با هاوكار بێت.
دەوڵەتی تورك دەیەوێت ئەو سیاسەتەی لەعەفرین بەرێوەی بردوە لەپازارجق و ئەلبستان دووبارە بكاتەوە
كاویان کامدین لەسەر كاریگەری زەوی لەرزەكە لەو هەرێمانەی پێكهاتووە وەكو بەشێك لەگۆڕانكاری دیمۆگرافی لەكوردستان و سیاسەتی شۆڤینیستی دەوڵەتی تورك نرخاند و دەڵێت:"لەكاتێكدا ئێمە سەرقاڵی شەرمەزاركردنی پیلانگێڕی پانزدەی شۆباتین كە لەبەرامبەر بەسیاسەتی داگیركەری و قڕكردنی گەلی كوردە، ئێمە لەنێوشەڕێكداین، لەبارودۆخێكی وەهادا، روودانی كارەساتی زەوی لەرزە بۆ ئێمە شتێكی دڵتەزێن و زۆر ناخۆش بوو. تا ئێستا بەپێ ئەو ژمارە نافەرمیانەی بڵاودەكرێنەوە زیاتر لە ١٥٠هەزار كەس لەو زەوی لەرزەیەدا گیانیان لەدەستداوە و ١١٠ هەزار كەسیش بریندارن و بەسەدان كەسیش لەژێر داروپەردۆە رووخاوەندان. ئەو هەرێمانەی كارەساتەكەی تێدا روویانداوە، رەوشیان زۆر قورس و كارەساتبارە. ئەو هەرێمانە زۆرینەی دانیشتوانی لەكوردانی عەلەوی پێكدێن. ئەو هەرێمانە، هەرێمێكی ژئۆستراتیژین و هەوڵكەوتووە لەنێوان هەر دوو گەلی كورد و توركدا. لەمێژووی كۆماری توركدا سیاسەتێكی تایبەت لەبەرامبەر بە كوردانی عەلەوی بەرێوە دەبردرێت. سیاسەتی قڕكردن و توانەوەی گەلی كورد لەباكوری كوردستان هەر لەسەرەتای دەست پێ كردنی كۆماری توركەوە بەرێوە دەچێت و لەو هەرێمانە زۆر جیاوازترە. لەو هەرێمانە تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی چاندی گەل دەكەنە ئامانج. دەەوڵەت دەیەوێت گۆڕانی دیمۆگرافی كوردان بەرێوە ببات. لەئێستادا عەفرین لەلایەن چەتەكان و دەوڵەتی توركی داگیركەرەوە، داگیركراوە. خەڵكی عەفرین بەزۆر و زۆرداری لەشارەكەیان وەدەردەنرێن، بۆچی؟ چونكە دەیانەوێت خەڵكی سووننە لەو هەرێمە بەجێ و لەسەر هەرێمەكە باڵادەست بكەن و عەلەوییەكانیش وەدەربنێنن. ئەو زەوی لەرزەیە بۆ سیاسەتی دەوڵەت و گۆرانكاری دیمۆگرافی لەكوردستان بەساڵانە نەیتوانیووە سەربكەون و ئێستاكەش دەفەرتەكە بۆ جێبەجێ كردنی ئەو سیاسەتە بۆ دەوڵەتی توركی داگیركەر و فاشیست خۆلقاوە. كوردان عەلەوی بەگشتی، خەڵكێكی وڵاتپارێزن. كوردی عەلەوی نوێنەرایەتی چاندی رەسەنی كوردەواری دەكەن. بەشێكی گرنگ لەمێژووی كوردانن. ئێزیدی چۆن بۆ گەلی كورد جێگایەكی تایبەتیان هەیە، عەلەویش هەروان؛ چونكە چاندی خۆیان پاراستووە. دەوڵەت راگەیاندنەكانی لەو هەرێمانە قەدەغەكردوە. ئێستا كێ زانیاری لەسەر زەوی لەرزەكە بڵاودەكاتەوە دەستبەسەردەكرێن. تا ئێستا 87كەس دەستگیركراون. دەیانەوێت روودانی بوومەلەرزەكە، ئەنجامەكانی و ئەو رووداوانەی روودەدەن لەگەل و رای گشتی بشارنەوە. و لەژێر ئەو كردەوە شاراوانەدا گەل كۆمەڵكۆژ بكەن. ئەو كەسانەی كە بەزیندوویی ماونەتەوە، ئەوانیش بكۆژن، سیاسەتی دەوڵەتی تورك وەهایە. دەیەوێت ئەوانەش لەو شوێنانە كۆچیان كردوە دەیانەوێت بگۆازنەوە شوێنەكانی تر. لەمێژووی كۆماری توركدا بەوە دەڵێین"كۆمەڵكۆژی سپی" یا"بەزۆرملێ بەجێ كردن"، واتا كۆچبەركردن. دەیانەوێت سیاسەتی عەفرین لەپازارجق و ئەلبستانیش دووبارە بكەنەوە. پێویستە وەكو گەل، زیاتر لەبەرامبەر بەو سیاسەتە هەستیار و هۆشیار بكەن. ئەوە تەنیا پراكتیككردنی سیاسەتێك لەسەر هەرێمێك نییە، بەگشتی سیاسەتێكە لەبەرامبەر بەهەرێمی كوردان پەیڕەو دەكرێت.
قڕكردن لەكوردستان، تەنیا جەستەیی و چاندی نییە، لەهەمانكاتدا سرۆشتی كوردستانیش لەناو دەبەن
ئەندامی راگەپاندنی پەژاك، كاویان کامدین لەسەر سیاسەتی دەوڵەتانی داگیركەر و قڕكەر لەبەرامبەر بەگەلەكەمان بەرێوەی دەبەن بەشێوەیەكی بەئەنقەست سرۆشتی كوردستان دەكەنە ئامانج و لەناوی دەبەن و رایدەگەیەنێت؛ راستە ئەم كارەساتە، كارەساتێكی سرۆشتیە و لەهەر شوێنێكی جیهانیش كارەساتی سرۆشتی روودەدەن، بەڵام ئەم كارەساتە، شتێكی سرۆشتی نییە. بەتایبەتی ئەم زەوی لەرزەیە ئاسایی نییە و پەیوەندی بەبۆنیادنانی سیستەمی سەرمایەداریەوە هەیە. لەئەنجامی ئەو سیستەمەدا كارەساتیگەلێكی وەكو زەوی لەرزە و تسۆنامی و ... هتد زیاد بوونە. ئەوە كارەساتێكە پەیوەندی بە دەوڵەت نەتەوە، پیشەسازیگەرایی و سیاسەتی قڕكردن كە تەنیا جەستەیی نین، سرۆشتی ئەو وڵاتانە وێرانیش دەكەن. نموونەی هەرە بەرچاو گۆلی ورمێیە. بەرپرسانی دەوڵەتی داگیركەری ئێران دەڵێن، ئەو رەوشە، رووداوێكی سرۆشتیە و لەدەستی ئێمەدا نییە. لەحاڵێكدا ئەوە پەیوەندی بەسیاسەتی دەوڵەتەوەیە. دەوڵەت سیاسەتێك بەرێوە دەبات كە سرۆشتی كوردستان وێران دەكات. بەسەدان بەنداویان لەسەرخاكی كوردستان لەلایەن دەوڵەتانی داگیركەرەوە درۆست كردوە و هۆكارێكی سەرەكەش بۆ روودانی زەوی لەرزەش ئەو بەنداوانەن. بەنداوەكان خۆی لەخۆیدا و بەپێ زانستی ژئۆلۆژی، هۆكارن بۆ روودانی زەوی لەرزە. درۆستكردنی بەنداو، هەرێمێك بەتەواوی دەخاتە ژێر ئاو، دیمۆگرافی و سرۆشت وێران و لەناو دەبات. هەر كەس دەڵێت:"كارەساتی سرۆشتی". دەوڵەتی ئێران و تورك بەهەزاران بەنداویان لەكوردستان درۆست كردوە. قڕكردنی كوردان تەنیا جەستەیی و چاندنی پێكنایەت، لەهەمانكاتدا سرۆشت و دارستانی كوردستانیش لەناو دەبەن. ئەوەش كارەساتێكی سرۆشتی نییە. ئەو كارەساتە بەدەستی سیستەمی سەرمایەداری و مۆدێرنیتەی كاپیتالیزم و دەوڵەت ـ نەتەوە پێكدێت و نابێت بەووتنی"سرۆشتیە"نۆرمالیزە بكرێت و یا خۆد رەوایەتی بەو كارەساتانە بدرێت. ئەوە رووداوێكی نۆرماڵ و لەخۆڕا نییە. چونكە ئەو دەوڵەتانە بڕیاریان لەسەر قڕكردن و لەناوبردنی گەلێكیانداوە و هەرشتێك لەو پێناوەشدا دەكەن.
داگیركەری ئێران و تورك بەیاسای فەتح كردن"گرتن" نزیكی كوردستان دەبنەوە
كاویان کامدین تاكە رێگەی چارەسەری لەكاتێكی وەهادا، یەكبوون و یەكگرتووبوون و هاوكاریكردنی گەلی كوردە بەیەكتر و بانگەوازی هۆشیاری لەگەلەكەمان كرد لەم قۆناخە هەستیارەدا و رایدەگەیەنێت:"وەكو گەلی كورد دەبێت هیچ چاوەڕوانیەكمان لەدەوڵەتان نەبێت. ئەو كەسەی داگیركەرە و نەیاری تۆیە، چۆن هاوكاری تۆ بكات. بانگەوازیەكی وەها هەڵەیە. دۆژمن بەو زەوی لەرزەیە كەیفخۆشە. ئەوە بیانۆیەكی باشە بۆ هێرشی دۆژمن. وەكو نموونە، زەوی لەرزەی"خۆ"یە. دەوڵەتی داگیركەری ئێران گوایە هاوكاری سوریا دەكات. دەوڵەت لەژێر ناوی هاوكاری مرۆڤیی، دەوڵەت وەها دەكات. لەژێر ناوی هاوكاری مرۆڤییدا دەوڵەت ئەو كارە دەكات. ئەوەش شتێكی باشە. بەڵام ئێستاكە راست نییە، هەرچەندە ئەو كەسانەی لەخۆی گیانیان بەختكرد، لەرووی ژمارەوە كەمیش بن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەهەلومەرجی وەرزی زستاندا بوون گەلەكەمان زەحمەتیەكی زۆر دەكێشێن. شوێنێك نییە گەل پەنای بۆ ببات لەناو سەرما و سۆڵەی زستاندا لەدەرەوە دەمێنن. پێویستیەكی بەپەلە هاوكاری ئەو شوێنانە بكرێت. دەوڵەتی داگیركەری ئێران خۆی هاوكاری ناكات و نە رێگەش بەدەوروبەر دەدات هاوكاری خۆی بكەن. لەباكوریش رەوشێكی وەها لەئارادایە. كاتێك هەدەپە هاوكاری رەوانە دەكات، دەوڵەتی تورك رێگری دەكات. ئەو گەنجانەی بۆ هاوكاری دەچنە ئەو هەرێمانە بەشێوەیەكی وەحشیانە ئەشكەنجەیان دەكەن. بەئاگایی چەتەكان رەوانەی ئەو هەرێمانە دەكرێن كە مۆڵك و ماڵی گەل بدزن و تاڵان بكەن. راگەیاندنی رەوشی نائاسایی بۆ كارێكی وەهایە. بۆ ئەوەی بتوانن ئەو سیاسەتە كردەیی و بشارنەوە باری نائاسایی رادەگەیەنێنن. لەساڵی ١٩٢٣دا لەكوردستان رەوشێكی نائاسایی باڵادەستە، چە بەشێوەیەكی فەرمی ئەو بارەیان راگەیاندبێت و چی بەنافەرمی، رەوش بەردەوامی ئەوەیە. داگیركەری تورك و ئێران بەیاسای دابەسەرداگرتن نزیكی كوردستان دەبنەوە. داگیركەر هەر رۆژە ئەو دەست بەسەرداگرتنە نوێ دەكەنەوە. دەوڵەت خۆی لەخۆیدا هاوكاری ناكات. چەند رۆژە تێپەڕ بووە، لەژێر داروپەردۆی باڵەخانەكاندا هێشتا لاشەی خەڵكێكی زۆر دەرنەهێنراون. لەهەفتەیەی یەكەمدا نەچوون بەدەم گەلەوە. وەكو ئەوەی بڵێین با بمرن!! ئێمە بەو كارەساتە تێگەیشتین كە كۆماری تورك بۆ قڕكردنی گەلی كورد بەگشتی، سیاسەتی چەواشەكاری و درۆ، سیاسەتی ناوخۆ، ئابوری و راگەیاندن و ئەرتەش هەموو دام و دەزگاكانی خۆی خستووەتە بزاڤێكی گشتیەوە بۆ قڕكردنی گەلی كورد و بەو شێوەیەش ئەنجام بەدەستبهێنن.
ئەركی ئەرتەش پاراستنی دەوڵەتە نەك كۆمەڵگە
ئەندامی راگەیاندنی پەژاك كاویان کامدین لەسەر كارەساتەكە، دەوڵەت ـ نەتەوە بەبەرپرسیار دەزانێ و وەها ئەم بابەتە هەڵدەسەنگێنێت:"دەوڵەت ـ نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوین، كارەكتەرێكی میلیتاریستیان هەیە. ئەوەش بەو واتایە كە بوودجەی ساڵانەی ئەو دەوڵەتانە ساڵانە ٧٠% بۆ ئەرتەش خەرج دەكرێت. دەوڵەتی ئێرانیش بەهەمانشێوەیە. ئەو دەوڵەتانە لەسایەی ئەرتەشەوە لەسەر پێن و ئەرتەشەكان خزمەتی دەوڵەت دەكەن، نەك خزمەتی كۆمەڵگە. دەوڵەتی تورك لەهەر شوێنێكی كوردستان لەناو چەند خوولەكدا دەتوانێت ئۆپەراسیۆنێك پێكبێنێ، بەڵام بۆچی ناتوانێت بەشێك لەئەرتەشەكەی بەشێوەیەكی سەفەربەری رەوانەی هەرێمە زلزەلە لێدراوەكان بكات؟ بۆچی دەتوانێت هەر رۆژ سەنگەرەكانی گەریلاكان تۆپباران بكات، بەڵام سەربازێك ناچێت بەهانای ئەو گەلەوە كە منداڵەكانیان لەژێر باڵەخانە رووخاوەكاندا ماون. مەگەر ئەرتەش نە بۆ پاراستنی ئەو گەلەیە؟ دەوڵەت ـ نەتەوە خۆیان دەڵێن كە ئەرتەش بۆ پاراستنی گەلە. ئەرتەشی دەوڵەتی تورك و ئێران بۆ پاراستنی گەلە، نە. بۆ پاراستنی گەل نین؟ ئەرتەش بەفەلسەفەی میلیتاریستی ئەو دەوڵەتانەوە پەیوەستە و كۆمەڵگەش هیچ لەخەمی ئەواندا نییە. ئەركی ئەوان ئەوەیە كە دەوڵەت بپارێزن، نەك كۆمەڵگە. شتێك كە دەوترێت، شۆڤنیستی و نەتەوەپەرەستیە. ئەو ئەرتەشانە لەدژی گەلن. شەشی شۆبات ئەو شتە بەئاشكرا دیار بوون. بۆ ئەوەی ئەردۆغان بپارێزن ئەو ئەرتەشانە هەن، دەوڵەتی ئێرانیش بەهەمانشێوەیە، لۆژیكی هەردووكیان وەكو یەكە. لەتوركیا دەڵێن؛ هێزی پاراستن لەئێرانیش پێ دەڵێن هێزی ئاسایش. ئەو هێزانە لەدژی ئەمن و ئاسایشی كۆمەڵگە دامەزراون. لەسەندوقی هەر دەوڵەتێكیدا لەرەوشێكی ئاساییدا، تەكبیر لەبەرامبەر بەكارەساتە سرۆشتیەكان وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی ناوەڕۆكی میلیتاریزم ئەو شتە بوونی نییە.
هیچ سیستەمێك بەئەندازەی دەوڵەت ـ نەتەوە قڕكەر نییە، كۆمەڵگە تەسلیم وەردەگرن و لەناسنامەی خۆیان دووریان دەخەنەوە
لەبەردەوامی ئاخاوتنی خۆیدا كاویان کامدین، دەوڵەت ـ نەتەوە دووقات زیاتر لەنەمردوو و فرعۆنەكان زاڵمتر پێناسە كرد و دەڵێت:"راگەیاندن پێویستە زیاتر لەسەر راستی دەوڵەت ـ نەتەوە راوەستە بكات. گفتوگۆی زانستی و ئاكادیمی لەو بوارە زیاتر پێویستە. دەوڵەت لەكوێیە؟ گەل خۆیان دەڵێن ئێمە دەوڵەت لەپاڵ خۆماندا نابینین. تەنیا لەكاتی پارە، ئەرتەش و هەڵبژاردندا ئێمە رووبەرووی دەوڵەت دەبینەوە. فەلسەفەی سیاسی و شۆڤینی دەوڵەتی تورك"هەر شت بۆ دەوڵەتە". راستی دەوڵەت ـ نەتەوە چییە، پێویستە ئێمە لەم كارەساتەدا بەروونی بیبینین و خوێندنەوەی بۆ بكەین كە دەوڵەت ـ نەتەوە چەندە لەدژی بەكۆمەڵگە بوونە. دەوڵەت چەندە قڕكەرە. چەندە لەدژی سرۆشتی كۆمەڵگەیە. لەسەر ئەم بابەتە ئەركی رۆشنبیرانی كورد و توركە كە ئەو راستیانە تێبگەینن. لەمێژوودا دەڵێن كە نەمردوو و فرعۆن زۆر زاڵم بوونە. راستە ئەوانیش داگیركەر بوونە. بەڵام رێبەر ئاپۆ ئەوە جیاواز شرۆڤە دەكات و دەڵێت، تا ئێستا هیچ سیستەمێك بەئەندازەی دەوڵەت ـ نەتەوە زۆڵمكار و ستەمكار نەبووە. چونكە نەتەنیا داگیركەرە. هیچ سیستەمێك بەئەندازەی دەوڵەت ـ نەتەوە قڕكەر نییە. چونكە بەتەنیا كۆشتن ئەساس ناگرێت. كۆمەڵگە تەسلیم ناگرێت و ئەوان لەناسنامەی خۆیان دوور دەخاتەوە. ئێستا لەهەموو شوێنێكی كوردستان وەها دەكەن. كوردان دەكەنە تورك، دەكەنە فارس. نە نەمردوو و نە فرعۆن لەمێژووی خۆیاندا ناسنامەی ئەوان، لەچاندنی ئەوان، ئەوانیان دانەبڕاندوە، ئەوان هیچ كات ناتوانن و ئەوەشیان نەسەپاندوە. ئەوە تەنیا لەدەوڵەت ـ نەتەوەدا دەبینرێت.
ژیان لەگوند خۆی لەخۆیدا لەدژی دەوڵەتی بوونە
لەكۆتایی ئاخاوتنی خۆیدا كاویان کامدین لەسەر گرنگی رەهەندی ئیكۆلۆژی و پارادایمی رێبەر ئاپۆ و چاندی گەل و گوند و ئاڵتەرناتیڤی داهاتوو نرخاندن كرد و دەڵێت:"بۆنیادنان و بیناسازی شار خۆی لەخۆیدا شتێكی سرۆشتی نییە. ئەو شارانەی نفوسیان میلیۆن كەسن لەمێژوودا شتێكی وەها نەبینراوە. شاریش هەبووبا، ژمارەیان لەهەزاران كەس تێپەڕی نەدەكرد. لەرۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی لەسەدساڵی نۆزدەهەمین بەدواوە بەهاتنی دەوڵەت ـ نەتەوە، مێترۆپۆلەكان پێشكەوتوون. تا ئەو كاتە شاری هەرە گەورە وەكو تاران و ئەستەمبۆڵ، ژمارەیان میلیۆنێك نەبووە. بەغداد و شام بەهەمانشێوەن. مترۆپۆلن لەرۆژهەڵاتی ناوین تەمەن سەد ساڵ تێپەڕ ناكات. دەیانەوێت كوردستان تێكۆپێك و وێران بكەن. نمونەی ئەوە لەئێستادا لەهەولێر دەبینین. باڵەخانە درۆست دەكەن. دە قات و بیست قات. ژاپۆنیش باڵەخانە درۆست دەكرێت، بەڵام ئەوان هەموو تەكبیرێك وەردەگرن. هی ئێمە هیچ تەكبیرێكی نییە. ئەو دەوڵەتانە بۆ ئەوەی پارەی زێدە قازانج بكەن، ئەو باڵەخانانە درۆست دەكەن، بەڵام چەندە پتەون هیچ لەخەمی ئەواندا نییە. نموونەیەكی زانستی نییە. هەركەس دەزانێت كە شاری تاران لەشوێنێكی كۆن، كۆنی بۆنیاد نراوە. زەوی لەرزەیەكی بچووك لەوێدا روو بدات بەمیلیۆنان مرۆڤ دەمرن. بەگوێرەی پارادایمی رێبەر ئاپۆ پێویستە نفوسی گوند و شار هاوسەنگ بێ و یەكتر تەواو بكەن. هاوسەنگی خۆیان هەبێت. سیاسەتی دەوڵەت پێویست دەكات، گوندان واڵا بكەن و مرۆڤانە لەشارەكان دیل بگرن. لەشارەكان مرۆڤەكان ناچاری دەوڵەتن. بەڵام لەگوند مرۆڤ هیچ پێویستی بەدەوڵەت نییە و دەتوانێت بێ دەوڵەتیش ژیان بكەن. لەشارەكان پێویستی بەمووچە هەیە، بەكرێ ماڵ هەیە. لێرەدا تۆ دەبی بەكوێلەی دەوڵەت. بەڵام لەگوند چەند حیوانێكی مرۆڤ هەبێت، زەوی تۆ هەبێ، ئیرادەی تۆ لەدەستی تۆیە و تۆ پێویستیەت بەكەس نامێنێت. خۆسەری بوونی تۆ هەیە. ژیانی گوند خۆی لەخۆیدا لەدژی دەوڵەت بوونە. رەتكردنەوەی دەوڵەتە. گەلەكەمان بەهۆی هەلومەرج و سیاسەتی دەوڵەت لەكوردستان بەناچاری دەستیان لەگوندەكان بەرداوە. لەرۆژهەڵاتیش زۆر كەس بەناچاری گوندەكانیان چۆڵ كردوە. لەهەموو شوێنێكی كوردستان بەتایبەتی لەرۆژهەڵات پێویستە ئێمە جیاوازی ئەو شتانە بزانین كە ئەو شتەی ئێمەی بەخێۆ كردوە و لەسەر پێ هێشتووەتەوە حیوانداریی و جۆتكارییە. ئەوە بەو ئەندازەی كە سەربەخۆبوون پێكدێنن لەهەمانكاتدا رێبازێكی ژیانی و ئیكۆلۆژیكن و هەرە راست و درۆستن بۆ كۆمەڵگە و سرۆشت. ئێمە پێویستمان بەدۆبەی و هەولێر نییە و نامانەوێت و وەكو پێشكەوتن نابینین. لەلایەنی زانستیدا ئەو ژیانە پێناسەی پێشكەوتن ناكەن. دۆبەی لەسەر بنەمای نەوت لەسەر پێ خۆی راگرتووە، ئەگەر رۆژێك ئەو نەوتە نەمێنێت، ئەو گەلە هەموویان لەبرسیدا بمرن. ئەوە شێوازێكی قڕكردنە. شتێكی تریان نییە. دیلگرتنی كۆمەڵگەیە. گەلی كورد گەلێكی رەنجدەرە و لەسەر پێ خۆیان دەوەستن و پشتیان بەخۆیانەوە گرێداوە. داگیركەران هیچ كاتێك ناتوانن كوردان ناچاری تەسلیمیت بكەن. دەیانەوێت گەلی كورد ناچاری خۆیان بكەن، پێویستە ئەوە راست بخوێنینەوە.
هـ . ب