کایاتاش: تۆڕی پشتیوانی بۆ بومەلەرزەلێدراوەکان گەورەتر دەکەین
کایاتاش وتەبێژی نوسینگەی پشتیوانیی دەبەپە لە ئەنقەرە وتی، سەرەڕای ئاستەنگ و رێگرییەکانی حکومەت ئێمە تۆڕەکانی پشتیوانی بۆ بومەلەرزە لێدراوەکان فراوانتر دەکەین.
کایاتاش وتەبێژی نوسینگەی پشتیوانیی دەبەپە لە ئەنقەرە وتی، سەرەڕای ئاستەنگ و رێگرییەکانی حکومەت ئێمە تۆڕەکانی پشتیوانی بۆ بومەلەرزە لێدراوەکان فراوانتر دەکەین.
موراد کایاتاش ڕایگەیاند، ئێمە وەک دەبەپە سوورین لەسەر ئەوەی ڕێگرییەکان بۆ هاوکاریکردنی بومەلەرزە لێدراوەکان تێپەڕێنین و تۆڕەکانی پشتیوانیمان بۆ زیانبەرکەوتوان بەرفراوانتر بکەین و وتی: "برینەکە برینی ئێمەیە، ئازارەکە ئازاری ئێمەیە".
موراد کایاتاش وتەبێژی نوسینگەی پشتیوانیی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) لە ئەنقەرە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی: دەرکەوتووە دەوڵەت ئامادەگیی نییە بۆ هاوکاریکردن و بەدەمەوەچوونی بومەلەرزەلێدراوەکان، ناتوانێت هەماهەنگییەکی پێویست ئەنجام بدات. تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتن، کە لە دەرەوەی وڵات هاتبوون رێگرییان لێکرا.
کایاتاش ئاماژەی بەوەکرد، لە سێ ڕۆژی سەرەتای بومەلەرزەکەدا هەم رێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان کرا و هەم ڕێگری لە تیمە خۆبەخشەکان کرا و وتی: "بەداخەوە لەم بوارەدا زیانی زۆر گەورە بە هاووڵاتییان گەیشت و خەڵک گیانیان لەدەستدا. هەزاران کەس بەهۆی سەرما و خوێنبەربوونەوە گیانیان لەدەستدا. لە سێیەمین ڕۆژی بوومەلەرزەکەدا ئێمە لەگەڵ تیمێکی ١٦ کەسی لە ئەنقەرەوە چووین بۆ سەمسور. ئێمە پەیوەندیمان کرد بە ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکانی خۆمان. هەندێک لە ئێمە بەشدارییان لە کاری گەڕان و ڕزگارکردندا کرد. بەشێکیش بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان بە تایبەتی دابەشکردنی چادر، بەتانی و پێداویستییە سەرەتاییەکان زۆر بە خێرایی و ڕێکخراو و بەوپەڕی لێهاتووییەوە دەستیان بە کار کرد. کاتێک ئێمە لە سەمسور بووین هاوکارییەکی زۆر لە دەرەوە هات، بەڵام دەوڵەت رێگریی لە گەیشتنیان بە خەڵکی سەمسور و دابەشکردنیان کرد".
'بەربەستەکان تێدەپەڕێنین و هاوکارییەکان زیاتر دەکەین'
کایاتاش داسەپاندنی قەیوم بەسەر کاری هاوکاریکردن لە جەمخانەی حەسەن کۆجا لە بازاڕجخ بە نیشانەی مێشک و عەقڵییەتی دەسەڵات وەسف کرد و وتی: "عەقڵییەت و نزیکبوونەوەیەکی وەها هەیە، کە ئیرادەی گەل، ئیرادەی خۆجێیی گەل قبوڵ ناکات و بە عەقڵیەتی کۆیلەیەتی لە گەل نزیک دەبێتەوە. ئامڕازەکانی چەوساندنەوە و زۆرداری بەکاردێنێت و دەست دەگرێت بەسەر ڕەنجی گەل دا و گەل بەبێ بەها و سوک دەکات. هەوڵدەدات رێکخستنبوونی گەل بێکاریگەر بکات و ئیرادەی خۆی بە زۆر بسەپێنێت. ئێمە لە بەرامبەر ئەوەشدا ئامادەکاریمان هەبوو. ئێمە سوورین لەسەر ئەوە، ئەوان چی دەکەن با بیکەن، بەڵام ڕێگە بەو هەوڵانە نادەین، کە دەیانەوێت تۆڕە پشتیوانییەکانمان لە ناو گەل دا ئاستەنگ بکەن. برینەکە برینی ئێمەیە، ئازارەکە ئازاری ئێمەیە. بێگومان بۆ ساڕێژکردنی برینی گەلەکەمان هەر چیەکمان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەین".
ژ.ت