خانەوادەی سەردەشت عوسمان لە ساڵیادی تیرۆرکردنیدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

خانەوادەی سەردەشت عوسمان لە ساڵیادی تیرۆرکردنیدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا بکوژانی سەردەشت لە لوتکەی دەسەڵاتن و تاوانباران بە ئازادی و بە ئاشکرا دەسورێنەوە و بەردەوامن لە ستەم و تاوانکاری.

خانەوادەی سەردەشت عوسمان رایگەیاند، ١٢ ساڵ پێداگری و سوربوونی سەرکردایەتی پارتی لەسەر ئەم تاوانە دڕندانەیە و پەنادانی تیرۆرستان و بکوژان بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دوژمنایەتی کوێرانەی ئەم حزب و دەسەڵاتەیە لەگەل سادەترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، " ئەمرۆ شتێک نیە بەناوی دەسەڵاتی مەدەنی و سیاسی، هەموو خەڵکی کوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەوەی لەم مەملەکەتەدا ناوی نراوە حکومەت و حوکمڕانی تەنها چەند حزبێکی میلیشیایین بەزەبری چەک کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە. ئەو حزبانەش لەلایەن چەند بنەماڵەیەک کۆنترۆڵکراون."

خانەوادەی سەردەشت عوسمان لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەی کردووە، " تیرۆری هەر سەردەشتێک چەندین سەردەشتی تر دەهێنێتە سەر شانۆی سیاسی و رێگایان هەموار و هەموارتر دەکات، بێگومان تێپەرینی کات ناتوانێ سەردەشت و دۆسیەکەی بکات بە ڕابردوو… ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆش نابین لەگەل تێپەرینی کات لە پەنادان و پاراستنی تاوانکاران و بکوژاندا. رق و توڕەییمان لەم تاوانکاری و ستەمگەریە زیاتر دەبیت و لەسەر دادگایی و سزای عادلانەی تیرۆری سەردەشت و هەموو تاوانکارە دەست خوێناویەکان هەموو کاتێک پێداگر و پێداگرتر دەبین."

سەردەشت عوسمان رۆژنامەنووسێکی لاوی شاری هەولێر کە خوێندکاری قۆناغی چواری زانکۆ بوو، ١٢ ساڵ لەمەوبەر، لەبەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین رفێنرا و دواتر تەرمەكەی لە شەقامێكی شاری موسڵ دۆزرایەوە.

ف.ق