خەباتێک لە پێناو ئازادی دا

ئامانج و خولیای خەبات چلچەمەى هەپەگەیی ئازادی رێبەر ئاپۆ و ئازادی کوردستان و گەلەکەی بوو. لەپێناو ئەم ئامانجەی‌دا بە هەموو هێزییەوە درێژەی بە تێکۆشانی دەدا و لە ٢٥ی رەزبەری ١٣٩٥ لەگەڵ ١٣ هاوڕێی دا لە دێرسیم پەیوەستی کاروانی نەمەران دەبن.

فەرەیدون نوری زادە ناسراو بە خەبات چلچەمە لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە شاری سەقز چاوی بە دونیا هەڵێنا. فەرەیدون لە تەمەنێکی بچووک‌دا هەست بە داگیرکاری سەر خاکی کوردستان دەکات و بۆ ئەمە بە دوای رێگەیەک‌دا دەگەڕێت و لە ساڵی ١٣٨٨ پاڕتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)دەناسێت و بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. هەڤاڵ چالاک لە ژیانی شۆڕشگێڕی‌دا خۆی پێشخست و لە پێناو خەباتی ئازادی کوردستان‌دا لە گیانی مایەی دانا.

روخساری ئەو منداڵە بە وێنەی پاشناوی رووناک و نوورانی بوو

سەقز یەکێک لەو شارانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە هەستی کوردەوارییەوە لەسەر پێیانە و هەتا ئێستاکەش چاندی کوردەواری لەو شارە دا کاڵ نەبۆتەوە و گەلی ئەو ناوچەیە هەر کلتووری خۆی پاراستووە. سەقز بە دایکانی سەر خاکەکەی وت رۆڵەکانتان لە ئامێزی من دا لە لانکە نێن. سەقز بە هەستی نیشتمان پەروەرییەوە رۆڵەکانی لاواندەوە و ئاوازی نیشتمانی بۆیان کرد بە لای لایە. یەکێک لەو رۆڵانەی هەر لە منداڵییەوە بە ئاهەنگی نیشتمان خەوت و وەخەبەر هات فەرەیدوون نووری‌زادە بوو. فەرەیدوون لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە شاری سەقز؛ لە بنەماڵەیەکی وەڵاتپارێز دا چاوی بە دونیا هەڵێنا. فەرەیدون بە هەست و لای لایەی نیشتمان‌پەروەرییەوە لە ئامێزی دایکی‌دا و لە لانکەی شاری سەقزدا شەوانە چاوانی لێکدەنا و بەیانیان وەخەبەر دەهات. روخساری ئەو منداڵە بە وێنەی پاشناوی رووناک و نوورانی بوو. پاکی و هەستی نیشتمان کە رۆژانە بە لای لایەی دایکییەوە لە دڵی‌دا چەکەرەی دەکرد ئەو نوورەی دەدا بە روخساری و زایەڵەی ئەو لایلاییانە هەتا گەورەش بوو هەر لە گوێی‌دا مایندە بوو و لە ژێر لێوەکانی‌دا دەیوتەوە. کاتێک ساوا بوو دایک و باوکی و کاتێک گەورە بوو بۆخۆی خۆی لە سیاسەتی تواندنەوەی کلتووری رژێمی ئێران پاراست و هەرگیز خەیانەتی لە هەستی نیشتمان‌پەروەری ناو دڵی دا نەکرد. چونکە دەیزانی ئەگەر تۆزێکیش مەیلی بۆ لای کلتوور و سیاسەتی رژێمی داگیرکەری ئێران بچێت ئەو کاتە رەنج و عەشقی دایک و باوک و مەڵبەندەکەی سەقز پێشێل دەکات. فەرەیدوون هەر لە منداڵییەوە شەیدای کوێستان و سروشتی کوردستان دەبێت و لە ئاوایی خۆیان بەردەوام دەچێتە نێو سروشت و خۆشەویستی خۆی بۆ سروشتی کوردستان بەیان دەکات. خۆی ئاوێتەی سروشت دەکات و خۆشەویستی سروشت وای لێدەکات زیاتر عەشقی کوردستان لە دڵی‌دا بلاوێنێتەوە.

هەر لە تەمەنێکی گەنج‌دا بڕیاری دا لەسەر پێی خۆی راوەستێت

فەرەیدوون هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ سەختی و دژوارییەکانی ژیان ئاشنا دەبێت و بۆ ئەمەش بە رەنجێکی زۆرەوە هەوڵ دەدات ئەو دژوارییانەی ژیان تێپەڕێنێت. بەهۆی ئەوەی کە سەر بۆ رژێمی ئاخۆندی ئێران دانەنەوێنێت هەر لە تەمەنێکی گەنج‌دا بڕیاری دا لەسەر پێی خۆی راوەستێت و بۆئەمەش رووی لە کاسبکاری کرد و لەم رێگەیەدا بژێوی ژیانی دابین دەکرد. و بەمشێوە دەبووە یارمەتیدەری دایک و باوکیشی. هەستێک کە لە منداڵییەوە پێی گەورە بووبوو و هەرگیز دڵی تەرک نەکرد وای لێکرد کە لە ژیان‌دا وەدوای وەڵات و بزوتنەوەی ئازادی دا بگەڕێت و بۆ ئەمەش لە ساڵی ١٣٨٨دا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی ناسی و هەر ئەو ساڵە بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو.

بە رۆحێکی فیداییەوە خەباتی شۆڕشگێڕی بەڕێوە دەبرد

فەرەیدوون لە رێگەی نوێی ژیانی دا ناوی کرد بە خەبات چلچەمە و بەردەوام لە رێگەی ئازادی و سەربڵیندی نیشتمان‌دا بە رۆحێکی فیداییەوە خەباتی شۆڕشگێڕی بەڕێوە دەبرد. لەو ژیانەدا بەردەوام بەدوای حەقیقەتدا گەڕا و وەک پەپوولەی چوارەم حەقیقەتی لە هاوڕێیەتی پەکەکە دا دیتەوە و خۆی ئاوێتەی ئاگری ئەم حەقیقەتە کرد. هاوڕێ خەبات لەو ژیانە نوێیەی دا راستی مرۆڤایەتی لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆ دا پەیدا کرد. لە رێگەی حەقیقەتی ژیان‌دا بە چرای ئایدیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ و هاوڕێیەتی‌ هاوڕێیانییەوە رێوەچوو. لەو رێگەیەدا پەی بە زۆر راستی تر برد و زۆر جوان‌بوونی‌تری ناسی. هاوڕێ خەبات لەنێو رێکخستن‌دا زیاتر لەگەڵ سیاسەتی دوژمنان و نەیارانی کورد ئاشنا بوو و  بۆئەوەی ئەم سیاسەتانە پووچەڵ بکاتەوە زیاتر خۆی لە فەلسەفەی ئاپۆیی و کلتووری شۆڕشگێڕی‌دا تواندەوە و بۆ ئەمەش هەر کە کات بەسەر دەچوو هاوڕێ خەبات، بە خەباتێک کە لە تێکۆشانی کوردستان‌دا بەڕێوەی دەبرد هەنگاوێک خۆی لە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان نزیک‌تر دەدیت. بۆ ئەمە هەنگاو بە هەنگاو ئەو رێگەیەی بڕی بۆ ئەوەی بکاتە کۆتایی ئەو رێگەیە و بە ئامانج و ئاواتی بگات.

دەمی بە بزەی هاوڕێ خەبات بەردەوام هێمای خۆشی و رازەوەیی ژیانی شۆڕشگێری بوو

لە رۆژهەڵات هەتا قەندیل، لە قەندیل هەتا خاکورک و لە خاکورک هەتا دەرسیم ئەم رێبوارتییەی کرد و لەم رێبوارتییەدا هاورێی زۆر هێژای ناسی و لەگەڵیانا درێژەی بەم رێگەیە دا. لە ساڵی ١٣٩١ دا ئەکادیمیای مەزڵوم دۆغانی دیت و تێیایدا زیاتر لەگەڵ فیکر و رامانی رێبەر ئاپۆ ئاشنا بوو و زیاتر خۆی ئاوێتەی ژیانی شۆڕشگێڕی کرد و بە رۆحی فیدایی و خۆڕاگری مەزڵوم دۆغان درێژەی بە رێگاکەی دا. بە هەوراز و نشێوەکانی ژیان‌دا تێپەڕی و هەموو ئاستەنگییەکانی لەسەر رێگەی وەلانا و ئەم رێگە درێژەی هەتا کۆتایی بڕی. لە ساڵی ١٣٩٣دا بە پێشنیازی خۆی تێپەڕی ئەیالەتی دەرسیم بوو. لە دەرسیم زیاتر لەگەڵ تاکتیک و شێوازی گەریلایەتی ئاشنا بوو و بە پراکتیکی‌ کرد. گەریلایەتی دەرسیم فێری زۆر ئەزموون و پەروەردەی کرد و بەم ئەزمونە نوێیانەوە هەر دەچوو زیاتر خۆی لە کلتووری شۆڕشگێڕی‌دا دەتواندەوە و هەوڵی تێکۆشانی بەرزتر دەبوو. هاوڕێیەتی بێگەردی هاوڕێ خەبات و هەروەها چۆنێتی ژیانی شۆڕشگێڕی لە لای هاوڕێیانییەوە سەرنج راکێش بوو و ئەم تایبەتمەندییانەی هاوڕێیانی کەمەندکێشی خۆی دەکرد. دەمی بە بزەی هاوڕێ خەبات بەردەوام هێمای خۆشی و رازەوەیی ژیانی شۆڕشگێری بوو. ئەم زەردەخەنانە وای لە هاوڕێیانیشی دەکرد کە بەرووی خۆشییەکانی ژیان پێبکەنن و بەم شێوەیە هەموو کۆسپ و تەگەرەکانی ژیان تێپەڕێنن و بە ژیان و کلتووری شۆڕشگێڕییەوە درێژە بە تێکۆشانی چەندین ساڵەی بزوتنەوەی ئازادی بدەن و لە پێناو تێکشکانی نەیارانی کوردستان و ئازادی کوردستان تەنانەت لە گیانیان مایە دانێن.

ئازادی رێبەر ئاپۆ و ئازادی کوردستان و گەلەکەی خولیا و ئامانجی بوو

ئازادی رێبەر ئاپۆ و ئازادی کوردستان و گەلەکەی خولیا و ئامانجی بوو و لەپێناو ئەم ئامانجەی‌دا بە هەموو هێزییەوە درێژەی بە تێکۆشانی دەدا. ٢٥ی رەزبەری ١٣٩٥ (١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦) لە ئۆپراسیۆنێک کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە هەرێمی دەرسیم دەستی پێکرد هاوڕێ خەبات وێڕای ١٣ هاوڕێی بە شێوەیەکی قارەمانانە شەڕ دەکەن و لە دوای شەڕێکی بێ وەچان پەیوەستی کاروانی نەمەران دەبن. هەڵبەتە بزەی سەر لێوانی شەهید خەبات و خولیا و ئامانجەکانی بۆ هەمیشە لە ناخی هاوڕێیانی دا مایەندە بوو و بۆ ئەمەش هەتا ئەمڕۆکەش بزوتنەوەی ئازادی و گریلایانی ئازادی کوردستان درێژە بە تێکۆشانیان دەدەن بۆ ئەوەی هیوا و ئاواتی شەهیدانی رێگەی ئازادی بەدی بێنن و ئامانجی بنەڕەتی هەموو شەهیدان کە ئازادی رێبەر ئاپۆ و ئازادی گەلی کورد و کوردستانە مسۆگەر بکەن.

نازناو: خەبات چلچەمە

ناو و پاشناو: فەرەیدون نوری زادە

شوێنی لە دایکبوون: سەقز

ناوی دایک و باوک: سۆیبە – مەحمود

کات و شوێنی شەهید بوون: ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ (٢٥ی رەزبەری ١٣٩٥) / دێرسیم

ژ.ت