كەجەدەكە ـ ئێ بانگەوازی خاوەنداریكردن لەشەنگاڵ دەكات

كەجەدەكە ـ ئێ لەسەر هێرشی ئەرتەشی عێراق لەدژی شەنگاڵ لێدوانێكی نوسراوی بڵاوكردەوە و بانگەوازی لەگەلی كورد كرد بۆ پاراستنی شەنگاڵ بكەونە جووڵە.

هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی كوردی دیموكراتیكی ئەوروپا"كەجەدەكە ـ ئێ"، سەبارەت بەهێرشی ئەرتەشی عێراق لەدژی شەنگاڵ لێدوانێكی نوسراوی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە. لەلێدوانەكەدا دەستنیشاندەكات، دەبێت گەلی كورد لەدژی هێرشی سەر شەنگاڵ، خاوەنداری لەشەنگاڵ بكەن.

كەجەدەكە ـ ئێ رایگەیاندوە؛ لەسەرداواكاری دەوڵەتی داگیركەری تورك، ئەرتەشی عێراق بەچەكی قورس و دەبابە هێرشی شەنگاڵ دەكات و بووەتە هاوبەشی سیاسەتی قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كورد. لەدرێژەی لێدوانەكەدا كەجەدەكە ـ ئێ دا هاتووە؛ داگیركاری لەسەر شەنگاڵ نیشان دەدات كە هێرشەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر بەهاوكاری و پشتیوانی خیانەتكاری پەدەكە پێكدێت.

دەیانەوێت فەرمانێكی دی پێكبێنن

لەبەردەوامی لێدوانەكەی كەجەدەكە ـ ئێ دا هاتووە؛ هەموو شوێنە پیرۆزەكان، قۆب، نەخۆشخانە، دەبستان و خوێندنگە و هەموو جێ و واری خەڵكی مەدەنی لەژێر مەترسیەكی مەزندان. ئامانج لەو هێرشانە ئەوەیە كە فەرمانێكی تر بەسەر ئێزیدیەكاندا بهێنن. بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتیەكان نیشانەی هاوكاری ئەوانە بۆ پێكهێنانی ئەم كۆمەڵكۆژیە. بەو هێرشانە یاسا و مافە نێودەوڵەتیەكان پێشل دەكرێت. مەسرور بارزانی لە 27ی جۆتمەی 2021 داوای لەبەرپرسانی عێراق كرد بچنە نێو شەنگاڵەوە. بەو داواكاریە، هەڕەشەكانی گەیاندە ئەم ئاستە.

بێنە سەرشەقامەكان

لەبەردەوامی لێدوانەكەی كەجەدەكە ـ ئێ دەستنیشانی دەكات كە ئەرتەشی عێراق لەبەردەم داعش هەڵهاتن و بنەماڵەی خیانەتكاری بارزانی بوونە بەڵا بەسەر گەلی شەنگاڵەوە.

لەكۆتایی لێدوانەكەدا هاتووە؛ بۆ رێگریكردن لەكۆمەڵكۆژی لەسەر ئێزیدیەكان، دەبێت گەلەكەمان لەهەر شەوێنێك وەرنە سەر شەقامەكان. بانگەوازی لەهەموو مرۆڤایەتی و گەلەكەمان دەكەین خاوەنداری لەشەنگاڵ بكەن. لەبەرامبەر بەقڕكردنی ئێزیدیەكان لەهەموو شوێنێك بەرخۆدان بڵند بكەین و خاوەنداری لەشەنگاڵ بكەین.