کۆمەڵ سەرمەد: پرۆسەیەکی نەرمی بەعەرەب کردن لە کەرکوک بەڕێوەدەچێت
کۆمەڵ سەرمەد: "ئامانج لە کێشەی گەرەکی نەورۆز ئەو پرۆسەی بەعەرەب کردنە کە ئێمە وەکو تەفگەری ئازادی هۆشیاریمان لەبارەیەوە دا".
کۆمەڵ سەرمەد: "ئامانج لە کێشەی گەرەکی نەورۆز ئەو پرۆسەی بەعەرەب کردنە کە ئێمە وەکو تەفگەری ئازادی هۆشیاریمان لەبارەیەوە دا".
دوو هەفتە لەمەوبەر هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکوک و داوای چۆڵکردنی ١٢٢ خانووی هاووڵاتیانی کوردیان کرد، وە ئەوکاتەی کە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکەکە و هەر خێزانێک لە ماڵەکەی نەبوو بوو ئەوە هێزی سوپای عێراق دەستی بەسەر خانووەکەیدا گرتووە، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە خەڵکی گەرەکەکەش ئامادەنەبوون گەرەکەکەیان چۆل بکەن و خێوەتی مانگرتنیان هەڵداوە و تا ئەمرۆ بەردەوام لە مانگرتن و داوای چارەسەری ڕیشەیی دەکەن بۆە کەیسەکەیان.
جێگای ئاماژەیە، ئەو خانووانە لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس بۆ ئەفسەرانی بەشێوەی زیادەڕوو دروستکراون، وە ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکوک یاسایەکی دەرکردبوو کە رێگەی بە هاووڵاتییان دەدا لەنێو خانووە زێدەڕۆکان و ئەو ١٢٢ خانووەدا بمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەت قەرەبوویان دەکاتەوە و بەڵام قەرەبووەکە جێبەجێ نەکرا.
سەبارەت بە چونەسەر گەرەکی نەورۆزی شاری کەرکوک لەلایەن سوپای عێراق و هەوڵی دەرکردنی ماڵە کوردەکان لە چوارچیوەی پرۆسەی بەعەرەب کردنی شارەکە و چەند پرسێکی دیکەی هەمان کەیس، کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
دەرکردنی کوردانی گەڕەکی نەورۆز پاڵنەرێکی سیاسی لە پشتەوەیە
سەبارەت بە کێشەکانی کێشەی گەرەکی نەورۆزی شاری کەرکوک، کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی، ڕایگەیاند: "کێشەی گەرەکی نەورۆزی شاری کەرکوک کێشەیەکی تازە نیە بەڵکو لە ساڵانی ڕابردوو چەندین جار بە پاساوی یاسایی هاتۆتە سەر ئەو گەرەکە، ڕاستە بابەتەکە بەشێکی یاساییە بەڵام پاڵنەرێکی سیاسی لە پشتەوەیە".
لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا ئەو خەڵکە ئاواربوونە
هەروەها کۆمەڵ سەرمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتیشی: "ئەو کەسانەی کە لەو گەرەکە نیشتەجێن خەڵکی ڕەسەنی شارەکەن و لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس لەچوارچێوەی پۆرسەی بەعەرەب کردن لە کەرکوک بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتوون و گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان و خانووەکانیان ڕووخێندراوە و ماڵەکانیان تاڵان کراوە وە هەروەکو خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک کە لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا گوندەکانیان سوتێندراوە و خەڵکەکەشی تووشی ڕاگواستن کراون".
١٩ ساڵە داوای چارەسەری کێشەکەیان دەکەن
هەروەها ئەو هاوسەرۆکەی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی، باسی لە مێژووی ئەم کێشەیە کرد و ئاشکرای کرد: "لەدوای ڕووخانی رژێمی پێشووی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ گەراونەتەوە شارەکەیان و لە ساڵی ٢٠٠٥ بڕیاری قەرەبوویان دەرچووە بەڵام جێبەجێ نەکراوە، چەندین جار ئەو خەڵکە داوایان کردووە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت و قەرەبوو بکرێنەوە یان ئەو خانووانەیان بۆ تاپۆ بکرێت بەڵام هیچ نەکراوە".
خەڵکی گەڕەکە لەپێناو پاراستنی کەرکوک چەندین شەهیدیان داوە
سەبارەت بە رۆڵی کوردانی گەرەکی نەورۆز لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری شارەکەیان، کۆمەڵ سەرمەد ڕایگەیاند: "دەبێت لەبیری نەکەین ئەو کوردانەی لەو گەرەکە دەژێن رۆڵی گرنگیان بینیوە لە سەقامگیری و پاراستنی شاری کەرکوک لەسەردەمی شەڕی دژ بە چەکدارانی "ئەلقائیدە" وە شەڕیان دژ بە چەتەکانی داعش کردووە و چەندین شەهیدیش لەو گەرەکە دراوە، کۆی گشتی ئەو خەڵکەی لە گەرەکی نەورۆز دەژێن پێشتر ئاوارەبوونە و گەراونەتەوە شاری خۆیان".
ئامانج لەم هەوڵانەی سوپای عێراق پرۆسەی بەعەرەب کردنە
ناوبراو باسی لە ئامانجی پشت پاساوەکانی سوپای عێراق کرد و ئاشکرای کرد: "ئیستا سوپا بەپاساوی ئەوەی ئەو خانووانە موڵکی وەزارەتی بەرگرییە چوونەتەسەر ئەو گەرەکە کوردییە و داوادەکەن کە خەڵکەکەی چۆلی بکەن، ئەمە لە کاتێکدا لەو جۆرە خانووانە لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان عێراق بۆ ئەفسەرانی رژێمی بەعس دروست کراوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی ئەوان ناچنە سەر گەرەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڵام دێنەسەر گەڕەکی نەورۆز و دەیانەوێت ئەم ماڵانە چۆل بکەن، ڕوونە کە ئامانج لەم هەوڵانەی سوپای عێراق ئەو پرۆسەی بەعەرەب کردنە کە ئێمە وەکو تەفگەری ئازادی هۆشیاریمان لەبارەیەوە دا".
پرۆسەیەکی نەرمی بەعەرەب کردن لە کەرکوک بەڕێوەدەچێت
کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی، سەبارەت بە هۆشدارییەکان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکینەرمی بەعەرەب کردن دژ بە کوردانی کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، پێشتریش ئاگاداریمان دابوو بە حزب کوردستانییەکان و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و خەڵکی شارەکەش کە پرۆسەیەکی نەرمی بەعەرەب کردن لە شاری کەرکوک سنورەکانی وەکو (تۆپزاوە، سەرگەران،پلکانە و داقوق بەڕێوەدەچێت وە ئیستاش پرۆسەی بەعەرەب کردنەکە گەیشتوەتە ناوەندی شاری کەرکوک، ئێمە پێمان وایە ئەمە هەڵمەتێکی بەعەرەب کردنە و دەیانەوێت ماڵی کوردانی ئەو گەرەکە چۆل بکرێت و عەرەبی هاوردە تیدا نیشتەجێ بکرێن".
ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکە
لە کۆتایی قسەکانیدا هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کەرکوکی تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان ووتی: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی داواکارین ئەم کێشەیە لەڕێشەوە بە یاسایی چارەسەر بکرێت، بەبڕوای ئێمە ئەم کێشەیە بە بەڵێنی ناڕاست چارەسەر ناکرێت کە بەشێوەیکی کاتی کێشەکە ڕابگیرێت و پاش ماوەیەکی دیکە بە پاساوێکی دیکە سوپای عێراق بگەڕێتەوە سەر گەرەکەکە، ئێمە پێمان وایە تاکە ڕێگاچارەیەک بۆئەوەی کێشەکان بەیەکجاری چارەسەر بکرێت، یان دەبێت ئەو خانووانە بەسەر خەڵکەکەی کەتیدا دەژێن تاپۆ بکرێت یان قەرەبوویەکی باش بکرێنەوە تا بتوانن لە شوێنێکی دیکە خانوو بۆخۆیان بکڕنەوە".
هـ . ب