لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دوای تێپەڕبوونی ١٥ ساڵ بە سەر جیابوونەوەیان، هەواڵی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیەندرا، بەڵام دوای نزیکەی شەش مانگ ئەو یەکگرتنەوەیە وەک پرۆسەیەکی بێ سەرنجام راگەیەندرا.
لە راگەیەندراوێکدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاندووە: " لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە ڕاگەیەندنی دەسپێکی فەرمیی پرۆسەی یەکگرتنەوە بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی هەر دوولا و ئامادەکاری بۆ گرتنی کۆنگرەی هاوبەشی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، دەبێ ڕابگەیەنین کە بە هۆی بەڕێوەنەچوونی ڕێککەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە سەرەنجام نەگەیشت".
راشیگەیاندووە: "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پێناو یەکڕیزی و یەکخستنەوەی ئەم دوو بەشەی کۆمەڵە بە هەست کردن بە بەرپرسیارێەتی و دڵفراوانیەوە هاتە مەیدان و هەوڵی بێوچانی دا، بەڵام وادەرکەوت ئەم پرۆسەیە بۆ ئەو هاوڕێیانە تەنیا هەوڵ بۆ لەناوبردنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە پێناو مەبەستە سیاسییە تەسکەکانی خۆیاندا بووە".
لەبەشێکی راگەیەندراوەکەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان باسی لەوەکردووە؛ "ڕێک لە کاتێکدا کە شۆڕشی ژینا بە دوروشمی سەرەکیی" ژن ژیان ئازادی" سیما و هێزێکی دیکەی بە بزووتنەوەی کوردستان و ڕەوتی چەپ و یەکسانیخواز بەخشیبوو، گرتنەبەری سیاسەتی هەڵە و دوور لە ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان و ویست و ناوەرۆکی شۆڕشەکە لە لایەن ئەو هاوڕێیانەوە، لادانی ئاشكرا لە بەرژەوەندییە گشتییەکانی نەتەوەی کورد بوو".
لەکۆتاییشدا رایگەیاندووە: "وەها سیاسەت و گۆڕانێک قەبووڵ نەدەکرا و ئەو سیاسەتانە نەیاندەتوانی نوێنەرایەتی ڕوانینی ئێمە بۆ بزووتنەوەکە و شۆڕشی ژینا بکەن" و لەو رووەوە ئاشکرای کردووە: " بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە بەمجۆرە ڕادەگەیەنین لەمڕۆە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ژیانی سیاسی خۆی درێژە پێدەدەدات".
هـ . ب