کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پەکەکە زیلان بۆکان-ی بەبیرهێنایەوە
کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوور، بە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەکردووە کە گەریلا زیلان بۆکان ١٧ی کانونی دووەمی ٢٠١١ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەهیدبووە.
کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوور، بە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەکردووە کە گەریلا زیلان بۆکان ١٧ی کانونی دووەمی ٢٠١١ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەهیدبووە.
کۆمیتەی پشتیوانی لە بنەماڵەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوور سەبارەت بە شەهیدبوونی گەریلا ئارازیە حەسەن حەمید خدر بە ناسناوی زیلان بۆکان کە لە ١٧ی کانونی دووەمی ٢٠١١ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەهید ببوو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
"تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە قوربانیدانی دژوار خۆی گەیاندووەتە ئەمڕۆکەمان. لە سەرەتای تێکۆشانەوە تا ئەمرۆ بەهەزاران کچ و کوڕی لێهاتووی ئەم وڵاتە لەپێناو ئازادیی کوردستاندا شەهید بوون. لەمڕۆشدا کە لە چوار لاوە هێرشی پاکتاوکاری دەکرێتە سەر گەلەکەمان و وڵاتەکەمان، وەک چۆن لە رابردوودا فیداییانی ئازادی لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکاندا بوونە قەڵغان، ئەمڕۆ لە چیاکانی کوردستان گەریلاکانی ئازادی گورزی کوشندە لە دوژمن دەوەشێنن. دەبێت بزانرێت کە دوژمن ئەوەندە لاواز بووە لە رووفات و ئێسک و پروسکی شەهیدانیشمان دەترسێت. بۆ ئەوەی شەهیدان لە یادگەی کۆمەڵگادا جێگەی راستەقینەی خۆیان نەگرن هەموو جۆرە سەپاندنێکی نامرۆڤانە دەکات. بەڵام وەک چۆن لە سەرەتاوە گەورەترین هەڵوێست لە رووی خاوەنداری لە یادی شەهیدان دیاری کرا، ئەمڕۆش پەکەکە لە سەر ئەو هێڵەی رێبەر ئاپۆ دیاری کردووە، کە بەهێزتری هەڵوێستی داهێنەرانە لە بواری بەزیندوویی راگرتنی شەهیدان دەستنیشان دەکات. سات بە سات ژیانی هەڤاڵانی شەهید روون دەکاتەوە و ئەوان دەکاتە زیندووترین هێمای ژیان. تێکۆشانی دژی داگیرکەری و نۆکەرایەتی لە سەر ئەو بنەمایە بەرەو سەرکەوتن دەچێت. یەک لەو هەڤاڵانەی لەپێناو ژیانێکی ئازاد، وڵاتێکی ئازاد بووەتە هەڵوێستێکی داهێنەرانە و لە بەرزایی و لوتکەی شاخەکانی کوردستان بووەتە گەریلایەکی چالاک، هەڤاڵ زیلان بۆکانە. بە بۆنەی یادکردنەوەی هەڤاڵ زیلان ئێمە وەک هەڤاڵانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەنرخ و بەڕێزی و تەواوی گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین، بەڵێن بێت ئێمە بە دڵنیاییەوە ئامانج و خەونەکانی شەهیدان لە کوردستانێکی ئازاددا بهێنینەدی.
زیلان بۆکان ساڵی ١٩٨٩ لە ناوچەی رواندز لە گوندی ماونانی سەر بە ناحیەی قەسرێ لە دایکبووە، لە عەشیرەتی باڵەکایەتیە. ئەو بنەماڵەیەی تیایدا گەورە دەبێت خاوەنی تایبەتمەندی کۆنی ووڵاتپارێزی گەلەکەمان لە باشووری کوردستانە. هەڤاڵ زیلان لە وەها بنەماڵەیەکدا لەدایکبووە. بە کولتوری کوردەواری گەورە دەبێت و دەبێتە کچێکی گەنجی چالاک. لەتەمەنی گەنجیدا و لە ساڵی ٢٠٠٢ لە رواندزەوە خۆی دەگەیەنێتە ریزەکانی گەریلا. ئەو کاتە بەهۆی ئەوەی تەمەنی کەم بووە، تا ساڵی ٢٠٠٤ لە تابوری گەنجاندا دەمێنێتەوە، بەشداری خەباتی گەنجان دەکات. هەڤاڵمان زیلان بۆکان، لەو کاتەیدا دەخواسترا کە بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان پەکەکە لە ناو ببرێت، هیوای ئازادیی کوردان تێکبشکێندرێن، وەک کچێکی گەنج روودەکاتە چیاکانی کوردستان کە پەناگەیەکی بەهێزن. کاتێک زۆر کەس ژینگەی خۆیان بە بەرماوەی ژیانی سیستم دەگۆڕنەوە لە ناو ریزەکانی ئازادی دادەبڕان، هەڤاڵ زیلان وەک هەڵوێستێکی توند رێگەی گەریلایەتی دەگرێتەبەر. وەک کچێک ئەو ژیانەی کۆمەڵگا بەسەریدا دەسەپێنێت پەسەند ناکات، دەیەوێت لە باشووری کوردستان ببێتە پێشەنگێکی بەهێزی دروستکردنی ژیانێکی ئازاد، ببێتە مۆمێک بۆ رووخاندنی دواکەوتوویی. دواتر دەچێتە ناو هەپەگەوە. لە گۆڕەپانەکانی وەک خنێرە، خواکورک، مەتینا، هەفتانین دەمێنێتەوە. تاساڵی ٢٠١٠ لەو هەرێمانە لەناو پراتیکی گەریلایەتیدا دەبێت و ئەرکەکانی وەک فەرماندەی تیم رادەپەڕێنێت. بۆ ئەوەی خۆی لە بواری بیردۆزی و رێکخستنی بەرەوپێش ببات، بەشداری خولی پەروەردە دەکات. لە ناو پەکەکەدا ژیان گەورەترین گۆڕەپانی پەروەردەیە، هەڤاڵ زیلانیش بە تێپەڕبوونی کات ئەزمونی زۆر لە ژیان فێرببوو. لە ئەکادیمیای شەهید بێریتان و ئەکادیمیای شەهید نودا بەشداری لە خولی پەروەردەی ئایدۆلۆژیک و رێکخستن دەکات. لەو چوارچێوەدا هەوڵێکی بەهێزی خۆبەرەوپێشبردن دەگرێتەبەر. لەبەرامبەر سەپاندنەکانی کۆمەڵگای نەریتی وەک ژنێک لە بەرزایی و لوتکەی چیاکان دروستکردنی ژیانێکی ئازاد جۆش و خرۆشێکی جیاواز لەلای هەڤاڵ زیلان بەرەوپێش دەبات. وەک گەریلاکانی دیکەی ئازادیی کوردستان خەون و ئاواتی هەڤاڵ زیلانیش ئەوەبوو کە کۆتایی بە داگیرکردنی خاکی وڵاتەکە بهێندرێت. بۆ هێنانەدی ئەو خەونەش چەندین ساڵ تێکۆشانی بێ پسانەوە ئەنجام دەدات.
هەڤاڵ زیلان بۆکان لە ١٧ی کانونی دووەمی ٢٠١١ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەهید دەبێت. ئێمە لە کەسایەتی هەڤاڵ زیلاندا هەموو شەهیدانی شۆڕش بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنینەوە و سوێندن و پەیمانی هێنانەدی ئامانج و خەونەکانی شەهیدانی نەمر دووبارە دەکەینەوە. تا لە لوتکەی شاخەکانی کوردستان روخساری بە بزەی ژنانی ئازادی رەنگ بدەنەوە، بە دڵنیاییەوە ئازادی سەردەکەوێت".
ناسنامەی شەهید
ناسناو: زیلان بۆکان
ناو و پاشناو: ئارازیە حەسەن حەمید خدر
ناوی دایک: ئایشە عەبدوڵا داود
ناوی باوک: حەسەن حەمید خدر
کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠-٠١-٢٠٠٢/ قەندیل- بوکریسکا
کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٧ی کانونی دووەمی ٢٠١١/ هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا
هـ . ب