کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان: ئازادیی ئۆجالان گەرەنتی سەرکەوتنی ئەم پرۆسە چارەنووسسازەیە

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە باشووری کوردستان دەربارەی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: " ئازادی ئۆجالان و کردنەوەی دەرفەت لەبەردەمیدا گەرەنتی سەرکەوتنی ئەم پرۆسە چارەنوسسازەیە".

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە باشووری کوردستان دەربارەی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"دواجار دەنگی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە  دوورگەی ئیمراڵییەوە -دوورگەی سه‌پاندنی  سیستەمی ئەشکەنجە و  پیلانی نێودەوڵەتی و  ویستی خنکاندن- بانگ و هاواری له‌دایكبوونه‌وه‌ی مرۆڤی ئازاد و ویستی ئازادانه‌ درا به‌ گوێی جیهاندا.

ئەو هاوارەی کە به‌رجه‌سته‌ و نماینده‌ی خەبات وتێکۆشانی گەلەکەمان بوو لە هەرچوار پاڕجەی کوردستان، بەری ڕەنجی تێکۆشانی گەریلا و  خوێنی شەهیدان و بەرگری زیندانیانی سیاسییە کە داینەمۆی شۆڕشێک بوون دژ بە دڕندەترین دەوڵەت و نەتەوەیەک کە بە ڕقبوون لە کورد گۆشکرابوون.

  بەڵام لەبەرئەوەی  تێز و ڕوانینەکانی بەڕێز ئۆجالان هەوێنی خەبات و تێکۆشینی تەڤگەری ئازادی بوو، توانرا لە کۆتاییدا زهنییەتی فاشیزم تیک بشکێنن و پارادایمی سەدەی سەرۆک ئاپۆ ببێت بەخاڵی دەسپێکی کاری سیاسی  و چارەسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و فەلسەفەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات جارێکی دیکە لە خاکی میزۆپۆتامیا و شارستانیەتی دێرین ببێتە ڕۆژەڤی گەلان، ئەگەرچی هێشتا ئێمە لەیەکەم هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیەداین و کە م نەبوون ئەو کەس و لایەن و دەوڵەتانەی کە سەردەمێگە گرەویان لەسەر یەکانگیرنەبوونی دیدی سەرۆک و گەریلا دەکرد، بەڕادەیەک  تێگەشتنیان بۆ ڕایەڵەی بە‌هێز و پەیوەندی ئۆرگانی و ڕۆحی تەڤگەری ئازادی  و ڕیبەرەکەیان  تێنەگەشتبوون، بەجۆریک  پەیامی  پارتی کرێکارانی کوردوستان  و بەدەنگەوەچوون و  قبوڵکردنی پەیامی سەدە  و وەڵامە پڕ لەبەها سیاسییەکەی ئەو پارتە شۆکهێنەربوو بۆ ئەوانەی هەتا ئێستاش ئیراده‌ی تێگه‌شتنیان له‌و بزاڤه‌ لا دروست نه‌بووه‌، لەکاتێکدا ئەوەی ئاشنای مێژووی سیاسی پەکەکە و ڕێبەرکەی بێت زۆر بە باشی چاوەڕوانی  ئەو وەڵامەبوو، سەر دێڕی پەیامی سەدە لە بیرمەندی سەدەوه‌، ئەو ڕاستییەی خستە ڕوو کە ٢٦ ساڵ زیندانی و گۆشەگیری و ئەشکەنجە بۆ ساتێک لە باوەڕی سەرۆک ئاپۆی نەخستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بەڵکو بەئیرادەیه‌كی مه‌زنه‌وه‌، وەک شاخ دەوڵەتی تورکیای هێنایە ئەو باوەڕییەی کە سەردەم سەردەمی پێویستی بوونی ئۆجالانە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، له‌ كاتێكدا ڕاستەوخۆ ئەم چارەسەرییە دەبێت بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی کە دەوڵەتانی سەرمایەداری لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی توانییان گەلانی ناوچەکە بکەن بە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و گەلی کورد ببێت بەقوربانی سەرەکی ئەو زوڵمە كه‌ سه‌د ساڵه‌ خوێنی له‌به‌ر ده‌ڕوات.

بۆیە هه‌موو لایه‌ك دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە  ئازادی ئۆجالان و کردنەوەی دەرفەت لەبەردەمیدا گەرەنتی سەرکەوتنی ئەم پرۆسە چارەنوسسازەیە بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە بەتایبەت کورد.

ئێمە وەک کۆمیتەی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان  بەردەوام دەبین لەو ئەرکەی کە ٢٦ ساڵە بەتەواوی هێز و باوەڕیمان، لەگەڵ تەوای وڵاتپارێزان و ئازادیخوازانی جیهان، بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ خستوومانەتەگەڕ.

ئەمڕۆ ئەرکمان گرانتر و زیاتر دەبێت لە جەختکردنەوە لە ئازادی تەواوی زیندانیانی سیاسی  لەهەر چوارپارچەی کوردستان. لەهەمان کاتدا دەبیت ئەم قۆناخە بکەین بە قۆناخی زیاتر ناساندنی بیرو هزری ئاپۆ  و کارکردن بۆ بە پراکتیزەکردنی  لەناو کۆمەڵگەدا، چوونکە باش دەزانین سیستەمی مۆدێرنێتەی سەرمایەدری ڕووی دزێوی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەردەخات  و مرۆڤایەتی پێوستیی بە مۆدێرنێتەی دیموکراسی و نەتەوەی دیموکرات و پێوستی پێکەوه‌ ژیانی گەلان هەیە، ئەمەش تاکەچارەسەرییە بۆ دەربازبوون لە هەژاری و پاراستنی ژینگە و گەڕانەوەی رۆڵی سروشتیی ژن و خێزانی ئازاد و ژیانی ئازاد .

بەڵێ بۆ ئاشتی

بەڵێ بۆ ئازادی تەواوی زیندانیانی سیاسی

بەڵێ بۆ فەراهەمکردنی تەواوی دەرفەتەکان لەبەردەم ڕیبەر ئاپۆ، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕابەرایەتی پرۆسەکە بکات.

بژی یەکێتی گەلان".