لە ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی ١٢ی ئاداردا بانگەوازی بۆ سوریایەکی دیموکراتیک کرا

گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی قامیشلۆدا یادی شەهیدانی ڕاپەڕینی ١٢ی ئادارییان کردەوە و بانگەوازییان بۆ بونیادنانی سوریایەکی دیموکراتیک کرد.

ساڵوەگەڕی ١٢ی ئادار

بە بۆنەی ٢١هەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ١٢ ئاداری ٢٠٠٤ لە شارەکانی حەلەب، کۆبانێ، ڕەقە، عەین عیسا، تەبقا، هۆڵ، تل براک، شەدادە، دەرباسیە، تربەسپی، تل کۆچەر، تل حەمیس، عامودا، گرکێ لەگێ، ڕمێلان و چەلاخا یادی شەهیدانی ڕاپەڕینەکە بەرز ڕاگیران و بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراو بانگەوازی بۆ بونیادنانی سوریایەکی دیموکراتیک و ئاشتەوای گەلانی هەرێمەکە کرا.

لە ڕاگەیانداوەکاندا ئاماژە کراوە بەوەی ڕاپەڕینی ١٢ی ئادار ئیرادەی ئازادی گەلی نیشاندا و بووە وەڵامێک لە دژی سیاسەتی بەکەم بینینی و نکۆڵیکردن لە گەلانی دیکە.

هەروەها ڕاگەیاندار سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی ڕاپەڕینەکە بووە هۆکاری هەڵوێستێکی توندی گەل تا ئەوەی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان و زۆرێک لە شارەکانی سوریادا بڵاوبێتەوە و وەچەرخێتەسەر ڕێپێوانی دڵسۆزی بۆ شەهیدان.

لە ڕاگەیاندراوەکاندا سەرنج خرایەسەر ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و دەسەڵاتی دیمەشق، بەوەی دەبێتە ڕێگەی ئازادی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی کرا بۆ یەکڕیزی نێوان گەلی کورد و گەلانی دیکەی هەرێمەکە لە پێناو هێنانە ئارای ئاشتی و ئارامی.