ئەمڕۆ گرژی لەنێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان دروستبوو، دۆخەکە گەیشتە بەکارهێنانی چەک و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان گیانیان لەدەستدا؛ بەم بۆنەیەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە، تێیدا داوا دەکات لایەنەکان بە لۆژیک و گیانی نیشتیمانپەرەوەی و تەبایی کێشەکان چارەسەر بکەن.
دەقی راگەیاندراوی (کەنەکە) بەم جۆرەیە:
"بە نیگەرانییەکی زۆرەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە، ١ ی پوشپەڕی ١٤٠٢ ی هەتاوی، گرژی کەوتۆتە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و گەیشتۆتە هێرشبردن و تەقەکردن کە لە ئاکامدا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە گیانیان لەدەستداوە. دەسپێک ئەم کردەوەیە مەحکوم دەکەین و کوشتنی ڕۆڵەی کورد بە دەستی کورد شەرمەزار دەکەین. لەو پێوەندییەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک ن ک)، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەو ڕووداوە، کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا ڕوویدا، داوا دەکەین لایەنە ناکۆکەکان بە لۆژیک و ڕۆحیەتی نیشتیمانپەروەری و تەبایی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نەخوازراوەدا بکەن و بەکارهێنانی چەک خۆکوژییە و دەچێتە خزمەت داگیرکەرانی کوردستان و برینی دەیان ساڵەی ناوخۆییش دەکولێنێتەوە. پێویستە هەمووان ڕێگا نەدەن دۆخەکە لەوە خوێناویتر و ئاڵۆزتر بێت. ئەو ڕووداوە نە لە بەرژەوەندی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندایە و نە لە بەرژەوەندی ناو و ناوبانگی کۆمەڵەدایە. تەنیا دوژمنانی کورد و کوردستان کەڵک لەم جۆرە ناکۆکییانە وەردەگرن. بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و پێشگرتن لە هەر جۆرە ئاڵۆزییەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک ن ک)، ئامادەیە ناوبژێوی هەردوولا بکات و بە دیالۆگ و تێگەیشتن چارەسەری ناکۆکییەکان بکرێت. پێویستە بە گیانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری بارودۆخەکە کێشەکان هەرچی زوترە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، لەم پێناوەدا هەر ئەرکێک بۆ ئەم پرسە بکەوێتە سەر شانمان بە ئەرکی نیشتیمانی خۆمانی دەزانین و ئامادەین بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە ئەنجامی بدەین."