ئەمڕۆ ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە بەیاوەریی شاندێک، لە هەولێر لەگەڵ ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبووە.
دوای کۆبوونەوەکە، ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند، کوبوونەوەکەیان زۆر گرنگ بووە و سەرۆکی پەرلەمانیش پشتیوانی خۆی بۆ کەنەکە دووپاتکردووەتەوە و هەڵوێستی خۆی دژی شەڕی ناوخۆ بە شاندەکە ڕاگەیاندووە.
ئەحمەد قەرەمووس، ئەوەشی ڕاگەیاند، کە شەڕی ناوخۆ جێگای قبوڵکردن نییە و دۆخی باشوریش لەبەرچاو دەگیرێت، باسی لەوەشکرد کە لەچەند ڕۆژی داهاتوو سەردانی حزب و لایەنە سیاسیەکان دەکەن بەمەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی دژ بە شەڕی ناوخۆ.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە شانازی بە دەستکەوتەکانی باشورەوە دەکەن کە دامەزراوەیەکی وەک پەرلەمانی کوردستانی هەیە، بۆیە پێویستە هەوڵەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چڕتر بکرێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی پەرلەمانیش، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاندووە “له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی قورسی ئابووری و سیاسی بۆته‌وه، بۆیه پێمانوایه بژارده‌ی گفتوگۆ‌و لێكتێگه‌یشتن تاكه چاره‌سه‌ره بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه نه‌خوازراوه‌ی كه‌هاتۆته پێشه‌وه، ئێمه وه‌ك هه‌میشه لۆژیكی دیالۆگ به‌په‌سه‌ند ده‌زانین و پێمانوایه ده‌بێت زه‌مینه‌ی دیالۆگ له‌نێوان لایه‌نه ناكۆكه‌كان بڕه‌خسێنرێت بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رو دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری شه‌ڕی خۆكوژی و پاراستنی ئه‌و قه‌واره سیاسییه كه‌جێگه‌ی ئومێدی هه‌موو كوردستانییانه”.
بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتووشدا شاندەکەی کەنەکە، سەردانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان بکەن.
ز.ش