کوردان داوایان کرد؛ 'هێرش بە چەکی کیمیایی رابگرن'، بەڵام جیهان خۆی کەڕ کرد - بەشی چوارەم و کۆتایی-

سەرباری بانگەوازی کوردان و رای گشتیی دیموکراتیک، لەسەرووی هەموویانەوە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) و دامەزراوە پەیوەندیدارە نێونەتەوەییەکان لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بێ دەنگ بوون.

سوپای تورکی داگیرکەر، لە هێرشە داگیرکارییەکانی، کە لە شەوی ٢٣-٢٤ی  نیسان لە دژی ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشینی هەریمەکانی پاراستنی مەدیا  دەستیپێکردبوو، قورسایی خستبووە سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کورد و دۆستەکانی و گەلە جیاجیاکانیش بکەونە ناو جوڵەوە. لەسەرووی هەموویەوە لە چوار پارچەی کوردستان، لە وڵاتانی ئەوروپا و هەر چوار لای جیهان، لە مانگەکانی هاویندا بە بانگەوازی 'هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک رابگرن' خۆپیشاندانی شەرمەزارکردن بەڕێوەچوون، چالاکی ئێشکگری و کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ دەستپێکران.

لەبەردەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان؛ رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW)، نەتەوەیەکگرتووەکان و ناتۆدا کوردستانیان لەگەڵ دۆستانیان کۆبوونەوە و تا رۆژەکانی کۆتایی نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ هەوڵیاندا دەنگیان بگەیەنن. خۆپیشاندەران زۆر جار بە شێوازی سیمبولیک و رەمزی ئەو جلوبەرگانەیان لەبەردەکرد، کە بۆ خۆپاراستن لە چەکی کیمیایی بەکاردەهێنرێن، ماسکی دژی گازیان لە روخساریان بەست و هەوڵیاندا سەرنجەکان بۆ لای تاوانە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان رابکێشن. دروشمی سەرەکیش بەم جۆرە بوو: 'ئەردۆغانی کیمیایی'.

خۆپیشاندەران داوایان لە (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) کرد دەست بکات بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، لیژنەی پسپۆر رەوانەی کوردستان بکات و لە مانگی تشرینی دووەمدا لە شاری دێنهاگ (لاهای)ی هۆڵەندا لە بەردەم ناوەندی ئەو رێکخراوەیە دەستیان بە چالاکی کرد. یەکەم خۆپیشاندانی هەرە جەماوەری کوردستانیان لەو شوێنە لە 3ی تشرینی دووەمدا ئەنجامدرا. دوای مانگێک جارێکی تر خۆپیشاندان ئەنجامدرایەوە، بەڵام پۆلیسی هۆڵەندا بە توندی دەستوەردانیان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

دوای ئەو خۆپیشاندانە لە ٤ی کانونی یەکەمدا نزیکەی ٥٠ چالاکوان چالاکیی یاخیبوونی مەدەنیان ئەنجامدا و بۆ ماوەیەکی کورت چوونە ناو بینای (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW)،  بەڵام پۆلیس بە توندی دەستوەرانی لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و لە ئەنجامدا ٤ کەسی بریندار گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە. هەروەها ٤٤ کەسیش دەستبەسەرکران. دوای ٥ رۆژ لە دەستگیرکردنیان ٤٠ چالاکوان لە هۆڵەندا دەرکران، ٤ کەسیشیان بە دەستبەسەری مانەوە. ئەو چالاکوانانە تا شوباتی ٢٠٢٢ تا ئەو کاتەی دادگایی دەکرێن، بە دەستبەسەری دەهێڵرێنەوە.

'بێدەنگیی جیهان وایکرد زیاتر کیمیایی بەکاربهێنرێت'

وێڕای ناڕەزایەتیی رای گشتیی کورد، دەوڵەتی تورک لە نیوەی دووەمی ساڵەکەدا هیچ راوەستان و ناوبڕێکی وەرنەگرت لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراودا، بەپێچەوانەوە؛ هێندەی تر قورسایی خستەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی. لە بەرامبەر ئەوەشدا بەرەی کورد بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بخاتە ناو جموجۆڵەوە لەگەڵ دۆستەکانی و گەلە جیاجیاکان هەڵمەتێکی بەهێزی دیپلۆماسییان بەڕێوەبرد.

لە رۆژانی کۆتایی مانگی ئەیلولدا رۆنی سەردەم لە سەر ناوی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)  نامەیەکی بۆ نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کەنەدا، بەریتانیا، هۆڵەندا و رووسیا لە هەولێر، هەروەها نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئانتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی و حزبە سیاسییەکان لە هەرێم رەوانە کرد. لە نامەکەدا باس لە تاوانەکانی شەڕ و تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکانی دەوڵەتی تورک کرابوو و داواکرابوو، کە لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدا بێدەنگ نەبن.

کەجەکە بە پەلە سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە راکێشا و بە تایبەتی بانگەوازێکی ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد. کەجەکە بە بیریهێنایەوە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە قەدەغەکراون و لە دژی پێوانەکانی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و لە دژی پەیماننامە نێونەتەوەییەکانە و رەخنەی لە مامەڵەی دەبڵ مۆڕاڵانە و جووتستانداردانەی ناوەندە نێونەتەوەییەکان گرت. کەجەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە بێدەنگیی نەتەوەیەکگرتووەکان و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، بووەتە هۆی زیاتر "هاندان"ی دەوڵەتی تورک بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی هەپەگە و کەسانی مەدەنی  و لە درێژەدا تیشکی خستوەتە سەر ئەم خاڵانە:

لەنامەکەی کەجەکەدا راگەیەنراوە، تونێلەکانی بەرخۆدانی گەریلا و دەوروبەری دەیان گوندی نزیکی ئەو ناوچانە بۆ ماوەی پێنج مانگە هێرشی داگیرکەرییان لەسەرە و لەو هێرشانەدا بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ راوەستان چەکی کیمیایی بەکاردەهێنرێت.

لە درێژەی نامەکەدا باس لەوەکراوە، "بەداخەوە ئێمە ناچار دەبین ئەو بێدەنگییەی دەوڵەتان و نەتەوەیەکگرتووەکان وەک ئەنجامێکی هاوکاری لەگەڵ تورکیا لێکبدەینەوە. لەبەر ئەوەشە تا ئێستا ئەو هەموو تاوانانەی دەوڵەتی تورک بە نەبوو دانراون و نەبینراون و لە دژی ئەو وڵاتە هیچ هەنگاوێک نەنراوە. حکومەتی ئاکەپە - مەهەپە زۆر جار تاوانەکانی شەڕ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی وەک بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئەنجامداوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش وەک وەڵاتێکی ئاسایی و دیموکراتیک، بە موخاتەب و وەرگرێکی رەوا دادەنرێت".

لەو چوارچێوەدا دکتۆر باگەڕ باران فەرماندەی هەپەگە لە یەکی تشرینی دووەمدا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورک لە دژی گەریلا شێوەی جۆراوجۆر و جیاجیای چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، بەڵام بۆ دەستنیشانکردنیان دەرفەت و توانای پێویست لەبەردەستدا نییە و داوای لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد، لێکۆڵینەوە لە بابەتەکەدا بکەن. دکتۆر باگەڕ باران رایگەیاند، ئەو تەرمی ئەو گەریلایانەی بینیوە، کە بە چەکی کیمیایی شەهید بوون و کاریگەرییەکانی چەکی کیمیایی بەسەر جەستەیانەوە بە چاوی خۆی بینیوە و وتی، "ئەو چەکە کیمیاییانە نەک هەر لە دژی گەریلا، بەڵکوو لە دژی هەموو بوونەوەرەکان مەترسییەکی گەورەیە. ئەو گازەی تێیدا بەکاردەهێنرێت، دەبێتە هۆی ئەوە، لەو شوێنەدا، کە بەکار هێنراوە، ئۆکسیجن نەمێنێت، رێگەی هەناسەدانی بوونەوەرەکان دەگرێت و دەیانکوژێت".

رۆشنبیرانی کورد و عێراقی بانگەوازیان ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد

لەو رۆژانەدا، کە کەجەکە و هەپەگە یەک لە دوای یەک راگەیەنراویان بڵاودەکردەوە، ١٠٩ رۆشنبیر، نوسەر، پەرلەمانتار، رۆژنامەوان و خوێندکارانی زانکۆکانی عێراق نامەیەکیان ئاراستەی ژمارەیەک لایەن کرد. لەو نامەیەدا کە لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا ئاراستەی ئانتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، نوسینگە کاروباری چەکداماڵینی نەتەوەیەکگرتووەکان، دەستەی بەڕێوەبەری (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) کرابوو، باس لە ئۆپراسیۆنە داگیرکاریەکانی سوپای تورکی تیادا کرابوو، کە چەندین ساڵە لە باشوری کوردستان بەڕێوە دەبرێن. رۆشنبیران و نوسەران رایانگەیاند، "سوپای تورک، کە ناتوانێت هێڵی پاراستن و بەرگریی گەریلا ببەزێنێت، بەشێوەی هەڕەمەکی و بێ سەروبەر چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و ئەوەش هەم کاریگەری لەسەر گەریلا دادەنێت، هەم کاریگەری دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی".

>>>>>>>>>>>>>

دوای هەفتەیەک لە نامەیەکی هاوبەشی ١٠٩ کەسایەتی، ئەمجارە ٤٤ ڕووناکبیری عێراقی نامەیەکیان ئاراستەی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ کاروباری چەکدانان و کۆمیتەى بەڕێوەبەری OPCW . ئەو ڕۆشنبیرانە داوایان کرد، چەکی کیمیایی لە شوێنانەدا لێکۆڵێنەوە بکرێت، کە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. هەروەها بەپێی ئەو دۆسیە و دیمەنانەی لەم چەند مانگەی دواییدا لەو ناوچانەدا تۆمار کراون ئەوە دەردەخەن، کە زانیاری جدی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە هەیە. لە نامەکەدا هاتووە: "ئەو تاوانانە، کە سەدام حوسێن لە دژی کورد ئەنجامی دەدا، ئێستا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی کورد ئەنجام دەدرێت".

ژنانی ناسراوی جیهان نامەیان بۆ ئۆ پی سی دەبلیو /  OPCW نارد

لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا سیلڤیا فێدریچی و نانسی فریسەر و سیلڤی ئەمارکۆس و چەندین ژنی ناسراوی جیهان نامەیەکیان بۆ  فێرناندۆ ئاریاس سەرۆکی ئۆ پی سی دەبلیو /  OPCW نارد و داوایان لێکرد لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمیایی دەستبەکار بێت. بە هەوڵی ڕێكخراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ژنانی كورد (رێپاک / REPAK) ٦٥ ڕێکخراوی ژنان لە سەرتاسەری جیهان نامەیەکیی هاوبەشیان نوسی و ئیمزایانکرد و داوایان لەڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کرد، بەلێپرسراوێتیی خۆیان هەستن و لێکۆڵینەوە لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکەوە بکەن.

رێکخراوەکانی کورد لە ئەوروپا لەگەڵ فرانسوا ئەلفۆنسی و نیکۆلاج ویلومسین هاوسەرۆکانی دەستەی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا، ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە پزیشکییانی وەک رێکخراوی نێونەتەوەیی پزیشکان بۆ پێشگرتن لە جەنگی ئەتۆمی (IPPNW)، بزووتنەوەى ئاشتی لە فەرەنسا (Le Mouvement de la Pais)، بانگەوازیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و OPCW بڵاوکردەوە. رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهان، کە لە ئەمریکا کار دەکات، لە رۆژانی سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دا بڕیاریاندا، لێکۆڵینەوە لەو ناوچانە دەکەن، کە دەوڵەی تورک چەکی کیمیایی تیادا بەکارهێناوە.

ئەڵمانیا خاوەندارێتی و پشتیوانیی لە دەوڵەتی تورک کرد!

باشە، وڵاتانی ڕۆژئاوا هەڵوێستیان چۆن هەبوو، کاتێک دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکارهێنا؟ لەو ڕۆژانەدا، کە هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دەستیپێکرد، ئەڵمانیا وتی: 'ئێمە زانیاری تەواومان نییە، کە تورکیا یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات، یان نا'. بەم شێوەیە پشتیوانیی لە سیاسەتی لەوناوبردن و سڕینەوە و شەڕی ڕژێمی ئەردۆغان کرد.  حکومەتی ئەڵمانیا چەند مانگێکە لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک دا بێدەنگ بوو، پاشان لەسەر پرۆژە پرسیارێکی پارتی چەپ ڕایگەیاند، تورکیا لەناو میکانیزمی چاودێریی OPCWدایە و بانگەشەی ئەوەی کرد، کە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

سوید بە پێچەوانەی هەڵوێستی ئەڵمانیاوە نزیک بووەتەوە. سەبارەت بە پرسیاری پارتی چەپیش لەسەر هەمان پرس ئان لیند وەزیری کاروباری دەرەوەی سوید لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی وتی: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکوری عێراق کاریگەریی لەسەر سەقامگیری و ئارامیی مەدەنی و ئاسایشی ناوچەکە هەیە. پێویستە بەپێی پێوەرەکان و ستانداردەکان هەڵسوکەوت بکات. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەپێی یاسای نێونەتەوەییەکان قەدەغەکراوە. ئەوە بۆ سوید بابەتێکی بنەڕەتی و گرنگە، بۆیە لە پێش هەموانەوە ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ئاستی نێونەتەوەییەدا جەخت لەوە دەکەینەوە".

جگە لە سوید و ئەڵمانیا، تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە پەرلەمانی نەتەوەیی ئیتالیا و سویسراش بووە رۆژەڤ و بەرنامە. لە ئیتاڵیا پەرلەمانتار ئیراسمۆ پالازۆتۆ پرسیارێکی لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە  پێشکەش بەپەرلەمان کرد و ڕایگەیاند، پەیمان و رێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام پێشێل دەکرێن. لەسویسراش پەرلەمانتارانی پەرلەمانی نیشتمانی لە پارتی سۆسیالیست، فابیان مۆلینا و کلاودیا فریدل لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پرسیارێکیان پێشکەش بە پەرلەمان کرد.

ئۆ پی سی دەبلیو لە بەرامبەر تورکیا بێدەنگ بوو، لە دژی سوریا دەستی بە چالاکی و جموجوڵ کرد

رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو / OPCW) سەرەڕای بانگەوازەکانی کوردان و ڕای گشتیی دیموکراتیک  بۆ ماوەی ساڵێک خۆی بێدەنگ کرد. ئەوە لە کاتێکدایە ئۆ پی سی دەبلیو، لە ٢١ی نیساندا، بە پاساوی ئەوەى چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، زۆر بە خێرایی مافی سوریای لە رێکخراوەکەیاندا پوچەڵکردەوە. ئەو پرۆژە پێشنیازە لە دژی سوریا، کە لە لایەن فەرەنسا و ئینگلتەرا و ئەمریکاوە پشتیوانیی لێکرا، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ئۆ پی سی دەبلیو خرایە دەنگدانەوە و ٨٧ وڵات بە بەڵێ دەنگیان دا و ١٥ وڵات دەنگیان بە نەخێر دا و ٣٤ وڵاتیش دەنگی بێ لایەنییان دا.

لایەنی کورد، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پەرلەمانتاران، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بە درێژای هەموو ساڵێکە 'داوای لێکۆڵینەوەیان لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد'، بەڵام ئۆ پی سی دەبلیو لە بەرامبەر ئەو داوا و بانگەوازانەدا بێدەنگ بوو. ئەو بێدەنگییەش وەک رووڕەشی دەکەوێتە مێژووی ئۆ پی سی دەبلیووە.

ژ.ت