کوردانی گەڕەکی نەورۆز: داگیرکردنی خانووەکانمان بەشێکە لە سیاسەتی بەعەرەب کردن
کوردانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک بەردەوامن لە مانگرتن دژ بە هەوڵەکانی سوپا بۆ داگیرکردنی خانووەکانیان و دەلێن: "گەڕەکەکە چۆڵ ناکەین مەگەر بمانکوژن".
کوردانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک بەردەوامن لە مانگرتن دژ بە هەوڵەکانی سوپا بۆ داگیرکردنی خانووەکانیان و دەلێن: "گەڕەکەکە چۆڵ ناکەین مەگەر بمانکوژن".
هێزێکی سوپای عێراق دوو هەفتە لەمەوبەر هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکوک و داوای چۆڵکردنی ١٢٢ خانووی هاووڵاتیانی کوردیان کرد، کە لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس بە زێدەڕۆ دروستکرابوون و ناوی ئەو خێزانانەیان تۆمار کرد کە لە خانووەکاندان و داوایان لێکردن بە زووترین کات چۆڵیان بکەن.
جێگای باسە ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکوک یاسایەکی دەرکردبووو کە رێگەی بە هاووڵاتییان دەدا لەنێو خانووە زێدەڕۆکان و ئەو ١٢٢ خانووەدا بمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەت قەرەبوویان دەکاتەوە، بەڵام ئەو رۆژەی کە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکەکە و هەر خێزانێک لە ماڵەکەی نەبووبوو ئەوە هێزی سوپای عێراق دەستی بەسەر خانووەکەیدا گرت، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و هەندێک لە وەزیرانی کورد و پەرلەمانتارانی لە ئاستی باڵا هێنایە سەر هێڵ و خەڵکی گەرەکەکەش ئامادەنەبوون گەرەکەکەیان چۆل بکەن و ئاڵۆزی لەگەل سوپا دروست، وە خەڵکی گەڕەکە خێوەتی مانگرتنیان هەڵدا و تا ئەمرۆ بەردەوام لە مانگرتن تا کەیسەکەیان بۆ چارەسەر دەکرێت.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەرکردنیان و دەستگرتن بەسەر خانووەکانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە، هاووڵاتیانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.
'سوپای عێراق بەدەرفەتی زانی و خانووەکانی داگیرکرد'
سەبارەت بە گەمارۆدان و هەوڵی دەرکردنی کوردانی گەڕەکی نەورۆز لە خانووەکانیان لەلایەن سوپای عیراقەوە، هێمن قاسم یەکێک لەنوێنەرانی خەڵکی گەرەکی نەورۆزە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە ڕووداوەکە کرد و ووتی: "کاتژمێر ٦ی بەیانی بوو هێزەکانی سوپای عێراق گەمارۆی گەڕەکی نەورۆزیاندا بەبیانوی ئەوەی کە ئەم زەویانە موڵکی سوپای عێراق بووبێت لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا، بەڵام لەبنەڕەتدا ئەم زەویانە موڵکی شارەوانی و وەزارەتی دارییە، کاتێک کە سوپای عێراق هاتە گەڕەکەکە شەش خانوو خەریکی نۆژەنکردنەوە بوون سوپا بەدەرفەتی زانی و ئەو خانوویانەی داگیرکرد و ئۆتۆمبێلی سەربازی بردە ناو خانووەکان و سوپایان لەنێو خانووەکان جێگیرکرد".
'سوپا هەوڵیداوە عەربی هاوردە لە ماڵە کوردەکان جێگیر بکات'
ئەو هاووڵاتییە کوردەی گەڕەکی نەورۆز ئاشکراشی کرد کە سوپای عێراق هەوڵیداوە عەرەبی هاوردە بهێنێت و لە ماڵە داگیرکراوەکانی کوردان جێگیریان بکات و ووتی: "ئەو ماڵانەی کە خاوەنەکانیان لە ماڵ نەبووە سوپا هەوڵیداوە خەڵکی عەرەبی هاوردە بهێنێت و لەو ماڵانە جێگیری بکات ئەمەش خەڵکی پی قەبووڵ نەکرا و گرژی و ئاڵۆزی لێ دروست بوو و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان خەڵکی گەرەکەکە و هێزەکانی سوپای عێراق روویدا، پاشان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە فەرماندەی پۆلسی کەرکوک هات و بەڵێنیدا کە سوپا بکشێتەوە، بەڵام بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکرا و بەپێچەوانە ئیستا پۆلیس لەبەردەوام خانووە داگیرکراوەکان جێگیرکراوە تا سوپا بپارێزن لە توڕەیی خەڵکی گەرەکەکە".
'داوای هاودەنگی دەکەین لە کوردانی دڵسۆزی کەرکوک'
هێمن قاسم ووتیشی: "نوێنەرانی کورد لە بەغدا ئاگاداری دۆخەکەن، و ئێمە بەڵگەی تەواومان کۆکردۆتەوە کە ئەم خانووانە بەهیچ شێوەیەک موڵکی وەزارەتی بەرگری نین، لە ڕووی چالاکی سڤیلییەوە چەندین رۆژە خێوەتی مانگرتنمان هەڵداوە و داوامان لە کوردانی دڵسۆزی کەرکوک کردوووە هاودەنگی ئێمەبن بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە سەربازییەی سەر گەڕەکی نەورۆز".
'گەڕەکە کوردییەکانی دیکەش هەوڵی بەعەرەب کردنیان دەدرێت'
هێمن قاسم تیشکی خستەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی عەرەبی سەپێندراوی شارەکە کە بەردەوام هەوڵی بەعەرەب کردن دەدات و ڕایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئەم هەوڵە جۆرێکە لە پرۆسەی بەعەرەب کردنی نوێ، دوێنێ لە ناوچەکانی سەگەران و پەلکانە و تۆپزاوە هەوڵی بەعەرەب کردن دەدرا، ئەمرۆش پرۆسەی بەعەرەب کردن هاتۆتە ناو شارەوە لە گەڕەکی نەورۆز بەعەرەب کردن بەردەوامی هەیە، ئەگەر پیش لەم هەوڵانە نەگیرێت ئەوە سبەی لە گەرەکە کوردییەکانی دیکەش هەوڵی بەعەرەب کردن دەدرێت".
'ڕێگریمان کرد لە گەرانەوەی ئەفسەرانی بەعس بۆ گەڕەکەکە'
ئەو گەنجەی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک، باسی لە هەواڵەکانی ئەفسەرکانی رژیمی پێشووی بەعسی کرد بۆ گەڕانەوەیان بۆ گەڕەکەکە و هەروەها فشاری پارێزگاری سەپێندراوی شارەکە دژبە کوردانی گەڕەکەکە، ئاشکرای کرد: "ئەو ئەفسەرانەی سەردەمی رژێمی بەعسی پێشوو کە لەم گەرەکە جێگیربوون و بەعس ئەم خانووانەی پێ بەخشیبوون، دوو رۆژ دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ گەڕانەوە بۆ ئەوەی خانووەکانیان وەرگرنەوە، بەڵام لەلایەن خەڵکی گەڕەکەکەوە ڕێگریان لێکرا، بەهۆی ئەوەی پارێزگارێکی سەپێندراو ئیدارەی ئەم شارە دەکاتە ناوە ناوە ئاگادارکردنەوەی دەنێرێت بۆ کوردانی گەڕەکەکە کە خانووەکانیان چۆل بکەن، ئیستاش لەدرێژەی هەواڵەکان بۆ دەرکردنی کورد لە گەرەکە سوپا بەکاردەهێنرێت".
کۆمەڵێک ئەفسەری پلەدار دەیانەوێت خانووەکان بۆخۆیان داگیربکەن
سەبارەت بە هۆکاری بە ئامانج کردنی گەڕەکەکە ناوبراو ئاشکرای کرد: "گەڕەکی نەورۆز لەئیستادا ناو جەرگەی شارە و شوێنێکی ستراتیجییە، ڕووبەڕووی خانووەکانی زۆرە کە ٦٠٠مەترە ئەمەش وایکردووە کە کۆمەڵێک ئەفسەر و پلەدار چاوییان بڕێوەتە ئەوەی دەست بەسەر ئەم ماڵانە بگرن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان خانوویان دەستبکەوێت، ئەگەرنا لەڕێگەی یاساییەوە هیچ بەڵگەیەک نیە کە ئەم خانووانە موڵکی وەزارەتی بەرگری بێت و بتوانن وەریبگرنەوە".
'هێزەکانی سوپا بە فشار دەردەکەین'
لە کۆتای قسەکانیدا هێمن قاسم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "بێگومان بەردەوام دەبین لە مانگرتن و خەڵکی گەڕەکەکەش خەڵکێکی یەکگرتوون و لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە گەراونەتەوە شارەکەیان و لە زۆر بابەت پشتیوانی یەکتربوونە و لەم کەیسەش هەموومان پشتیوانی یەکین و یەکگرتووین و واز لە مافی خۆمان ناهێنین تا ئەم کەیسە چارەسەر دەکرێت، ئەگەر کەیسەکەش چارەسەر نەکرێت ئەوە دڵنیابن هێزەکانی سوپا بە فشار لەم گەرەکە دەردەکەین".
'بە چەکی قورس و زیرەپۆشەوە سوپا هەڵیکوتایە سەر گەڕەکەکەمان'
سەبارەت بە هێرش کردنە سەر کوردانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک لەلایەن سوپای عێراقەوە، عوسمان ئەنوەر دانیشتووی گەڕەکی نەورۆز بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "چەند ڕۆژێک بەر لەئێستا هێزیکی زۆری سوپای عێراق، بە چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی زیرەپۆشی سەربازی بە شێوەیەکی زۆر ناشیرین ناشارستانیانە هەڵیانکوتایە سەر گەڕەکەکەمان، درەگای ماڵەکانیان دایە بەرشەق، بەهۆی ئەوەی چەند ماڵێک سەرقاڵی نۆژەنکردنەوە بوون لە لایەن سوپاوە داگیرکرا و هێزەکانی سوپا تێدا جێگیرکرا".
سوپا بەهێرش کردنە سەرمان یاسای پێشەڵکردووە
هەروەها سەبارەت پێشەڵکارییەکانی سوپای عێراق دژبە کوردانی گەرەکەکە، عوسمان ئەنوەر ڕایگەیاند: "ئەوە بیانوەی سوپای عێراق دەیهێنێتەوە بۆ ئەو دژایەتییەی دژبە کوردانی ئەم گەرەکە ئەنجامی دەدەن دوورە لە ڕاستیەوە و پێشێلکردنی یاساییە، کاری سوپا پاراستنی سنورەکانە نەک هێرش کردنە سەر خەڵکی، ئەوەی سوپای عێراق دژ بە کوردانی ئەم گەرەکە ئەنجام دەدات پێشەڵکردنی یاساییە، لە دژی ئەو پێشێلکاریانە چادری مانگرتنمان هەڵداوە بۆ ئەوەی هەموو کەس بزانێت ستەممان لێ دەکرێت"
ئێمە خەڵکی ڕەسەنی شارەکەین
دەربارەی مێژووی گەڕەکەکە، ئەو هاووڵاتیەی گەڕەکی نەورۆز ووتی: "لە دوای ئازادکرنی عێراق، ئێمەی خەڵکی ڕەسەنی شارەکە کە ئاوارەبووین و پاش ڕووخانی رژێمی بەعس هاتووینەتەوە لێرە دانیشتووین، ئەم خانووانە لە سەرانسەری عێراقدا بوونیان هەیە، کە رژێمی بەعس ئەم زەوییانەی داگیرکردووە و کردوویەتی بەخانوو و پاش روخانی رژێمیش ئەم خانووانە بەپێی یاسایە موڵکی وەزارەی داراییە و هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی بەرگرییەوە نیە".
ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی بەعەرەب کردن
هەروەها ئەو هاووڵاتیەی گەڕەکی نەورۆز ووتیشی: "پێویستە پارتە کوردییەکان پشتیوانیمان بکەن، ئیدارە و دەسەڵاتی ئێستا دەیەوێت وەکو هەل و دەستکەوت چەند خانوویەک بۆ خۆی داگیر بکات، بێگوومان ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی بەعەرەب کردن، سەدان خانووی دیکە بە نایاسایی دروس دەکرێت لەدەوروپشتمان هیچ لایەنێک کێشەی نیە لەگەڵیان چونکە کورد نین، بەڵام گەڕەکی نەورۆز لەبەرئەوەی پێکهاتەی کوردن داوامان لێدەکەن چۆڵی بکەین، لایەنە کوردییەکان لە هەوڵدان بە ڕێگای یاسای کێشەکان چارەسەر بکەن".
گەڕەکەکە چۆڵ ناکەین مەگەر بمانکوژن
لە کۆتایی قسەکانیدا عوسمان ئەنوەر هاووڵاتی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "ئامادەنین ئەم گەڕەکەکە چۆڵ بکەین مەگەر بمانکوژن، ئێمە دوو نەوەمان لەم گەڕەکە گەورەکردووە بەهیچ شێوەیەک گەرەکەکەمان چۆل ناکەین هیچ شتێک ئەمە قەرەبوو ناکاتەوە، ئەوانەی لێرە دانیشتوون خەڵکی هەرە ڕەسەنی شارەکەن بۆ نموونە باپیرە گەورەی من ماوەی پێنج سەد ساڵ پێش ئیستا لەم شارە ژیاوە، ئیستاش عەرەبی هاوردە لە ناوەند و باشوری عێراقەوە بێن و بیانەوێت لیرە جێگیربن قەبووڵ ناکەین مەگەر بمانکوژن ئینجا بتوانن خانووەکانمان داگیربکەن".
هـ . ب