لە ١٠ مانگی ڕابردوودا ٢١ کرێکاری وان لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدا

کرێکارانی کورد کە لە شارەکانی تورکیا کار دەکەن، لەسەر ئیش گیانیان لە دەست دەدەن. لە هەفتەی رابردوودا ٣ کەس، و لە ١٠ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢١ کرێکاری خەڵکی وان لە پێناو بژێوی ژیانیان گیانیان لەدەست داوە.

لەبەر شەڕ و گەمارۆ ئابوورییەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان، ساڵانە هەزاران گەنجی کورد بۆ کارکردن روو دەکەنە شارەکانی تورکیا. گەنجانی کورد کە لە شارە گەورەکانی تورکیا کاردەکەن، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنەی تێیدا کار دەکەن رێکارە سەلامەتییە کانی کاری تیا نییە، گیانیان لەدەست دەدەن. پیشەسازی بیناسازی یەکێکە لەو کەرتانەی کە گەنجانی کورد زۆرترین کاری تێدا دەکەن. سەدان گەنجی کوردستان بە تایبەتی لە شارەکانی وەک وان، بێدلیس، ئاگری، موش، ئیدیر، قەرس، لە پێناو بژێوی ژیان لە شارەکانی تورکیادا کار دەکەن، گیانیان لەدەست دەدەن.

لە نوێترین حاڵەتدا ئەمین یگیتی تەمەن ٢٢ ساڵ کە دانیشتوی ناوچەی ئێلباکی شاری وانە، لە کاتی کارکردن لە شوێنێکی بیناسازی لە ئانتاڵیا کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٦٣ کرێکاری وان بوونەتە قوربانی، لەو شوێنە بیناسازییانەی کە کاریان تێدا دەکرد. لە ١٠ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢١ کرێکاری وان گیانیان لەدەستداوە.

لە رۆژانی رابردوودا، ٣ کرێکاری خەڵکی وان بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شوێنەکانی بیناسازی کە کاریان لەسەر دەکرد، گیانیان لەدەستدا.

ساڵح دەمیرەل، کە دانیشتوی جاخسەری ناوچەی سارای وانە، لە ٨ی تشرینی یەکەم لە کاتی کارکردن لە دروستکردنی شوقە لە شاری کۆنیا، لە بیناکە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
لە هەمان کاتدا عەلی ئەکینی تەمەن ٢٠ ساڵ، کە خەڵکی وانە  لە ئیستەنبوڵ کاری  دەکرد، لە کاتی کارکردندا بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی ١٥ی ئەیلول، کرێکارێکی گەنج بە ناوی سوعات جابیر کە لە دانیشتوانی ئەردیشی شاری وانە ، بۆ ئیشکردن چووبووە ئەستەنبوڵ، لە ئەنجامی ڕووداوێکی کاردا گیانی لەدەستدا.