لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی پاکتاویی سیاسی لە ئامەد، ١٣ گەنج دەستبەسەر کران

ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پاکتاویی سیاسیدا، ١٣ گەنجیان لە ئامەد دەستگیرکرد.

لە ئامەد بانگەشەی ئەوە کرا، کە ڕێکخراوێکی گەنجان بە ناوی "یەنەجەکە" دادەمەزرێت و ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەم ھاوکات لەگەڵ ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، لە ناوچەی سوور چالاکی ئەنجام دەدات. بەبیانووی ئەو بانگەشەیە و بە پێی ڕاپۆڕتێکی ھەواڵدەرێک، ١٣ کەس لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەسەڵات دەستبەسەر کران.

ھێزەکانی پۆلیسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئامەد، هەڵیکوتایە سەر ماڵان و بە پاساوی ئەوەی کە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەن کە بڕیارە دابمەزرێت، چەندین کەس لەوانەش خوێندکارانیان دەستبەسەرکرد.

ڕاگەیەندرا، بڕیاری سنووردارکردن لەگەڵ پارێزەران لە دۆسیەکەدا دراوە. ھاوکات ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئامەد گواستراونەتەوە.