لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی ڕژیمی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٤کەسی تر دەستگیرکران

شەپۆلی ڕەشبگیری چالاکانی خوێندکاری، ڕۆژنامەوان و چالاکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. ٤ کەسی تر لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستگیرکران.

بە پێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دوێنێ مامۆستایەک، ڕۆژنامەوانێک و ٢ هاووڵاتی لە شاری سنە و شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستگیر کران.

ڕاگەیەنرا کە مەحموود محەمەدی ڕۆژنامەوان و بەرپرسی هەفتەنامەی ئاگرین ڕۆژ ، لە ٣١ی کانوونی دووهەم لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە.

مامۆستا عەزیز قادری تاج-یش لە ٣٠ی کانووندا لە شنۆ و لە هەمان ڕۆژدا وەحید شێخ مەحموودی و فەردین بایەزیدی لە شاری شنۆ دەستگیرکران.

لە ڕۆژی ٨ی کانوونی دووهەمەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەپۆلێکی بەرینی دەستگیرکردنی چالاکانی خوێندکاری، ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنی دەستیپێکردووە، بە پێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستگیرکراون کە تا ئیستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەردەست نییە.

ک-ش