لە هەفتەیەکدا ٢٤ کۆڵبەر کراونەتە ئامانج

لە ماوەی ھەفتەیەکدا لاینکەم ٢٤ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئیران، لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسود لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بریندار بوون.

بە گوێرەی ئامارێکی ماڵپەڕی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کورستان، لە ماوەی ھەفتەیەکدا، لاینکەم ٢٤ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئیران، لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسود لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بریندار بوون.

بە گوێرەی ئامارەکە، ڕۆژی ٢ی تشرینی دووەم، گرووپێک لە کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی نەسود، لە نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەلایەن ھێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران دەستڕێژی گولـلەیان لێکراوە و لە ئەنجامدا لانیکەم ٩ کۆڵبەر بە ھۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی بریندار بوون.

ناسنامەی ٧ کەس لەو کۆڵبەرانە کە خەڵکی ناوچەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی-ین بەمجۆرە خراوەتەڕوو؛ کەیوان ھوشەنگی، سیروان نادری، ئاروین، شەھریار، سەلاح، مەنسور و بەختیار.

ھەروەھا، شەوی ٣٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران، لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسود بە ڕووی کۆڵبەران، کۆڵبەرێک بە ناوی 'عرفان مۆرادی' گولـلە بەر سەری کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە، باس لەوەش دەکرێت دۆخی تەندروستی ئەو کۆڵبەرە کە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان لە ژێر چاودێری چڕدایە، ناجێگیرە.

لە لایەکی دیکە ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە ھەمان ناوچە سنوورییە، لەلایەن ھێزەکانی سەر بە دەسەڵات دەستڕێژی گولـلە لە پۆلێکی دیکە لە کۆڵبەران کرابوو و لە ئەنجامدا ١٤ کۆڵبەر، کە خەڵکی ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ بوون، بریندار ببوون.  

بە گوێرەی ئامارێکی دیکەی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە مانگی رابردوودا ٣ کۆڵبەر کوژراون و ٢٧ کۆڵبەریش برینداربوون.

هـ . ب