لە جۆلەمێرگ و وان ژینگە تاڵان دەکرێت

عەلی کالچک سەرۆکی چاڤ – دەر رایگەیاند، لە وان و جۆلەمێرگ بە دەستی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی کانزا ژینگە تاڵان دەکرێت.

عەلی کالچک سەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆلینەوە، بەرەوپێشەوەبردن و پاراستنی بەرهەمە مێژووییەکانی وان (وان چاڤ – دەر) لەبارەی تاڵانکردنی ژینگە و سروشتی شارەکانی وان و جۆلەمێرگی باکوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

کالچک ئاماژەی بە هەڕەشەی کۆمپانیە نێودەوڵەتیەکان لەسەر سروشتی جۆلەمێرگ و واندا و وتی، " کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی ٦٠ وڵات، بە تایبەتی، ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەڕەنسا وئەڵمانیا، لەو شارانە کانزا دەردەهێنن.

کالچک رایگەیاند کە شوێنی تایبەتی کانزا پێشکەشی ئەو کۆمپانیانە کراون و دەست بەسەر خاکی گوندنشینادا گیراوە و رادەستی کۆمپانیا بیانیەکان کراوە و وتی، " رێگە نادرێت گوندنشینان سەردانی زەویەکانیان بکەن کە کراون بە شوێنی کانزا دەرهێنان. ئەمە کردەوەیەکی دڕندەییە. بە دەرهێنانی کانزاکان، جوانی سروشت، ژینگەی مەدەنی تاڵان  و وێران دەکرێت. هەروەها بەرماوەی کانزاکانیش دەڕژێننە رووباری زێ و ئاوەکەش ژەهراوی دەکەن. هەموو ساڵێک تەندەری نوێ بە کۆمپانیاکان دەدەن و پێشکەشی کۆمپانیا بیانیەکان دەکەن. بۆ ئەوەی کانزا دەربهێنن، زەوی نوێیان پێدەدەن و دڕندەیی نوێ لە هەرێمەکە بەرەو پێشەوە دەبەن. نە تەنها هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ دەکەن، هەڕەشە لەسەر هەموو زیندەوەرێک و سروشتە. لە چیاکانی جیلۆ، سومبول مەسکان دڕندەیی هەیە. چیاکان کونکراون و تونێک و تاقیگەیان تێدا دروستکراوە کە مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی لەناویاندا تێپەڕێت. گەلی زاپ و ئاوی زێ لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بە پاشماوەی کانزاکان ژەهراوی کراون. وەک چاڤ – دەر ئێمە پشتگیری لە ڕێکخراوەکانی مەدەنی جۆلەمێرگ دەکەین. ئێمە بانگەوازی لە کۆمەڵە و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان دەکەن کە لەدژی ئەم دڕندەییە بوەستنەوە."

وێستگەی هایدرۆئەلکتریک بەشیان ناکات، ئێستاش کانی مەرمەڕ دروست دەکەن

کالچک باسی ئەوەی کرد کە شوێنێکی دیکە کە تاڵان دەکرێت، گەلی زیلانە و رایگەیاند کە لەو گەلیە جگە لە وێستگەکانی هایدرۆئەلەکتریک، کانێکی مەرمەڕیش دروست دەکرێت و ژینگە تاڵان دەکرێت.

کالچک ئاماژەی بەوەکرد کە لە گوندی دۆغانجی کانی مەڕمەڕ دروست کراوە و وتی، " لە گەلی زیلان لێکۆلینەوەمان کرد. چاودێری وێستگەکان دەکەین. سکاڵامان تۆمار کردووە و چاودێری دەکەین. لە ئەنجامی لێکۆلینەوەماندا دەرکەوت کە کانی مەڕمەڕ سروشت لەناودەبات. رووباری زیلان پیس بووە کە شوێنی گەرای ماسی 'ئینجی کەفالی'یە. کانەکە هەڕەشەیە لەسەر زیندەوەرانی ناوچەکە. ئەندازیاری کشتوکاڵیش بەشداریان لە لێکۆلینەوەی ئێمەدا کرد. بۆ ئەوەی ژیان لەوێ بەردەوام بێت، پێویستە کانە مەڕمەڕەکە دابخرێت."

ف.ق