لە قەڵادزێ یادی شەهید ڤیان جاف کرایەوە
بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە شارۆچکەی قەڵادزێ سمینارێک لە یادی ۱٤مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ڤیان جاف، بەڕێوەچوو تێیدا خەبات و تێکۆشانی ئەو سەرکردەیە بەرز نرخێندرا.
بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە شارۆچکەی قەڵادزێ سمینارێک لە یادی ۱٤مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ڤیان جاف، بەڕێوەچوو تێیدا خەبات و تێکۆشانی ئەو سەرکردەیە بەرز نرخێندرا.
ڕۆژی ٢ ئەم مانگە ۱٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیبوونی ڤیان جاف، کە بە چالاکییەک کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی کوردستان و جیهانیش لێکەوتەوە شەهیدبوو، بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەو سەرکردەیە ئەمڕۆ لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین بە دەستپێشخەری رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، سمینارێک بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای سیمینارەکەدا دوای خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان کورتە فیلمێک لە سەر ژیان و خەباتی ڤیان سۆران بۆ ئامادەبووان نەمایش کرا، دواتر ئەو نامەیەی کە شەهید ڤیان لە دوای خۆی بەجێهێشتبوو لە لایەن رووکەن عەبدوڵا خوێندرایەوە.
پاشان ئیدریس عەبدوڵا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی هەرێمی ڕاپەڕین لە سەر پیلانگێری سەر ڕێبەر ئاپۆ و گۆشەگیری قسەی کرد و وتی: هەموو دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و دوژمنانی گەلی کورد دەستیان لە پیلانگێری نێودەوڵەتی دژ بە ڕێبەر ئاپۆیان بەرێوە برد، دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ بووە هۆکاری ئەوەی کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێبکەوێتەوە و بە سەدان کەس لە ئازادیخوازان ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.
وتیشی: “ڕێبەر ئاپۆ هەر لە زیندانەوە پەیامەکانی خۆی بۆ ئاشتی و ئازادی دەگەیاندە دەرەوەی زیندان، ڕاستە ڕێبەر ئاپۆ کەوتە زیندان و لە چوارگۆشەدایە بەڵام فکر و ڕامانی گەیشتۆتە هەموو جیهان و بڵاو بۆتەوە و کەس ناتوانێت خۆی لێبەری بکات، فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ژنان بۆ هیوا و ئاسۆی ڕوون، هەروەها چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید ڤیان تین و گوڕی زیاتری بەم ڕێ و رێبازەدا و بووە تروسکایی هیوا لە نێو ژنان و بە تایبەت ژنانی باشوری کوردستان”.
دوای ئەوەش بە دروشمی “شەهید نامرن و بژی سەرۆک ئاپۆ” کۆتایی بە سمینارەکە هات.
لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف یان ڤیان سۆران، ساڵی ١٩٨١ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، هەر لە سلێمانی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و یەکێک بووە لە خوێندکارە دیار و هەڵکەوتووەکانی قوتابخانە و هەر لە منداڵییەوە درکی بە زوڵمی سیستەمی کۆمەڵایەتی کردووە و پێی پەسەند نەکراوە، هەربۆیە هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵییەتە کۆنەپەرستییە بوەتەوە کە ژنی بێ ئیرادە کردووە، شەوی ۱ لە سەر ۲ی مانگی شوباتی ۲۰۰٦ لەناوچەی هەفتانین لەژێر دروشمی”سەرلەنوێ واتادەدەین بەگوتەکانمان” گڕی لەجەستەی پیرۆزی خۆی بەرداو بەم چالاکییە گیانبازییەی خۆی ئەشق و ئەڤینی خۆی بۆ ئازادی و ژیانێکی بەکەرامەت و پەیوەستبوونی بەسەرۆک ئاپۆ و ئامانجە پیرۆزەکانی ژنانی کورد و تەواوی گەلی کوردستان سەلماند.
ف.ق