لە چوارچێوەی تێكۆشان لە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان و بەهێزكردنی كەمپەینی “كات كاتی ئازادییە”، تێكۆشان و زنجیرە چالاكییەكانی خۆبەڕێوەبەری شنگال بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ کۆڕبەندێک بەناونیشانی “چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لەناو سیستمی نەتەوەی دیموكراتیدا”، لە هۆڵی ئازادی لە سەنتەری شارۆچكەی شنگال دەستی پێكرد.
لە کۆڕبەندەکەدا، كە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری شنگال ڕێكخراوە، ژمارەیەكی بەرچاو لە نووسەر، ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار و نوێنەری پێكهاتە ئایینییەكان لە باشووری كوردستان و شارەكانی تری عێراق بەشدارییان كردووە، جگە لەوەش ڕێكخراو و دامەزراوەكانی شنگالیش ئامادەی کۆڕبەندەکەن.
لە سەرەتای کۆڕبەندەکەدا، غەزەل ڕەشۆ، هاوسەرۆكی بەڕێوەبەری شنگال ڕایگەیاند، دڵخۆشە كە دەرفەتێكی لەو شێوە ڕەخساوە، كە بە هاوبەشی ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە لەبارەی ئەو كێشانەی لە عێراق و ناوچەكە بوونی هەیە، هەروەها نەتەوەی دیموكراتی گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.
لای خۆیەوە بولبول جەراح، بە نوێنەرایەتی ئەو شاندەی لە بەغداوە ئامادەی کۆڕبەندەکە بوون وتی: زۆر دڵخۆشین كە لە بەغداوە بەشداری ئەم کۆڕبەندەکەمان كردووە و ئێمە لەسەر ئەم خاكە هەموو شتێكمان ئەزمون كردووە، لە ململانێ و شەڕەوە بگرە هەتاكوو كۆمەڵكوژیمان بینیوە، گەلی ئەم خاكە ڕووبەڕووی هەموو شتێك بوونەتەوە.
جەڕاح هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ سیستمی نەتەوەی دیموكراتی لە شنگال دەربڕی.
هاوكات مامۆستا كوساری، كە لە هەرێمی كوردستانەوە ئامادەی کۆڕبەندەکە بووە، جەختی لە گرنگی خۆبەڕێوەبەری شنگال و بەفەرمی ناسینی قەوارە بۆ كۆمەڵگای ئێزدی كردەوە.
لای خۆشیەوە، شێخ ئازاد، بەناوی پارتی ئازادیی و دیموكراسیی ئێزدی (پادێ)، سەرنجی بۆ تێكۆشان و داواكارییەكانی كۆمەڵگای ئێزدی ڕاكێشا و وتی: وەك گەلێك ئێمە هەموو كات لە پێناو مافەكانمان تێكۆشانمان كردووە و ئێستاش كاتی ئەوەیە یەكڕیزیمان بنیات بنێین و لە نێو هێزەكانی عێراق بە شێوەی دیموكراسیانە ژیان بكەین، ئێمە یەكسانیمان بۆ تەواوی گەلان دەوێت.
لە ڕێكخراوی تەیار بەغداد، شاندێك لە باشووری عێراقەوە مافی قسەكردنی وەرگرت و ڕایگەیاند، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین، كە ڕەچاوی مافەكانی پێكهاتە نەتەوەیەكان بكات و بەزووترین كات ڕاوەستە لەسەر قبوڵكردنی خۆبەڕێوەبەری بكات، ئێمە هەمیشە پاڵپشتی نەتەوەكەمان دەبین، ئێمە خەڵكی ئەم هەرێمەین و ژیانی یەكسانمان دەوێت، چونكە ئەمە مافی ڕەوای ئێمەیە.
هەروەها لەسەر ناوی هۆزە عەرەبییەكان، ئەبو سەدر، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریكردن لە کۆڕبەندەکە دەربڕی و وتی: هەموو كات بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە بەرگریكردن لە خۆیان خاڵێكی گرنگ بووە، چونكە هەمیشە هێرش كراوەتە سەریان، هێزە دەرەكییە هەژموونخوازەكان هەرگیز هێرشكردنە سەر ناوچەكەیان ڕانەگرتووە و هەمیشە سیاسەتێكی تایبەت لەسەر ئەم كۆمەڵگایە جێبەجێ كراوە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش نەتەوەی دیموكراتی و لە هەمان كاتدا خۆ پاراستن بووە بە خاڵێكی سەرەكی بۆ ئەو گەلانە، جا كورد بن یان عەرەب، یان ئێزدی، پێویستە دەوڵەت سیاسەتی ئێستای خۆی بگۆڕێت و لەسەر بنەمای نەتەوەیەكی دیموكراتی كار بكات.
دوای پەیامی میوانەكان، لە ئێستادا کۆڕبەندەکە لەلایەن حەسۆ ئیبراهیم، هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری شنگال، حسێن حاجی، هاوسەرۆكی پادێ و سهام دەخیل، ئەندامی بەڕێوەبەری تاژێ بەرێوە دەبردرێت.
كێشەكانی عێراق و چارەسەركردنیان لە ڕێگەی سیستمی نەتەوەی دیموكراتییەوە، ناساندنی خۆبەڕێوەبەری، ئامانجی سەرەكی کۆڕبەندەکەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، سیمینار لەسەر گرنگی و ڕۆڵی خۆبەڕێوەبەری، نەتەوەی دیموكراتی، ژنان و گەنجانی ئێزدی پێش و دوای فەرمان و گرنگی پاراستنی كۆمەڵگە بەڕێوەبچێت.
هـ . ب