لە سلێمانی مەراسیمی چلەی شەهیدان ژیان توڵهەدان، بارین بۆتان و ڕۆژ خابور بەڕیوەچوو

مەراسیمی چلەی سێ ژنە فەرماندەی یەپەژە لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا یەپەژە بەڵێنیدا تۆڵەیان بکاتەوە و ڕاشیگەیاند، بۆ هاوکاری چەتەکانی داعش فەرماندەکانی ئێمە دەکاتە ئامانج.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی ژنان و پارتە سیاسیەکان و کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیران، مەراسیمی چلەی شەهید بوونی هەریەکە لە فەرماندە، ژیان توڵهەدان  و بارین بۆتان، ڕۆژ خابور بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە لە لایەن کۆنگرا ستار ڕێکخرا، دوای خولەکێک وەستان بە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان تاجە گوڵینە لە بەردەم وێنەکانیان دانرا و لە لایەن دایکی شەهیدانەوە مۆم داگیرسێندرا، چەندین بروسکەی ماتەمینی پارت و رێکخراوەکان خوێندرایەوە.

ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرا ستار لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک سێ ژنە شۆڕشگێری گەلەکەمانی کردە ئامانج کە هەموو ژیانیان لە ناو تێکۆشان و شەڕی دژە بە چەتەکانی داعش و داگیرکاری بە سەربردبوو، ئامانج لەو هێرشانە شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردە، دوژمنانیش باش دەزانن شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ژنە، بۆیە ئەم شۆڕشە سەردەکەوێت، بەڵێن دەدەین تۆڵەی هەڤاڵانمان بکەینەوە.

نۆژین دێرک، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان – یەپەژە، لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا بۆ مەراسیمەکە وێڕای بەڵێندانی بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو سێ شەهیدە وتیشی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاوکاری سەرەکی چەتەکانی داعشە بۆیە ژنە فەرماندەکانی وڵاتەکەمان دەکاتە ئامانج.

ف.ق

 

https://rojnews.news/wp-content/uploads/2022/09/%DA%86%D9%84%DB%95-1.jpeg