لە سلێمانی ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی ستار پیرۆزکرا

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە هۆڵی میلانۆ، نۆزدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی ستار پیرۆزکرا.

کۆنگرەی ستار لە هۆڵی میلانۆی شاری سلێمانی، یادی نۆزدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی بە بەشداری ژنانی هەر چوارپارچەی کوردستان و چالاکوانان لە مەراسیمێکی شایستەدا پیرۆز کرد.

سەرەتای مەراسیمەکە بە بەخێرهاتنی میوانان و خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی دەستیپێکرد.

پاشان نۆزدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی ستار بە چەند وتەیەک پیرۆزکرا.

لە دواتردا ئاخافتنی نوێنەری کۆنگرەی ستار ڕۆزا حەسەن پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و تێیدا ئاماژەی بە دەستنیشانکردنی دوژمن کرد و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی ئەوان وەک ژن خەبات و شۆڕشیان بۆ هاوڵاتیان و ئازادی ژنان کردووە و دڵنیای دا لەوەی کە بەردەوام دەبن و وتیشی:"شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنە" و وتەکانی بە گوتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی پێهێنا.

پاش ئەوە سینفزیۆنێک لە بارەی کار و خەبات و چالاکییەکانی کۆنگرەی ستار پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

لەدوای ئەوە لە ڕێگەی کورتە ڤیدیۆیەکەوە وتەبێژی کۆنگرەی ستار، شیراز حەمۆ پیرۆزبایی دامەزراندنی کۆنگرەی ستاری لە ئامادەبووان کرد و پشتگیری خۆی بۆ ژنان دووپات کردەوە.

پاش ئەوە خەڵاتی کۆنگرەی ستار لەلایەن ڕۆزا حەسەن پێشکەشی کافیە سلێمانی - سکرتێری یەکێتی ژنان کرا.

دواتر نوێنەری ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، شەیما نەبیل لەسەر ناوی ڕێخراوەکە پیرۆزبایی و بەرزنرخاندنی ئاڕاستەی کۆنگرەی ستار کرد و پاشان خەڵاتی ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستانی پێشکەش بە کۆنگرەی ستار کرد و خاتو ڕۆزا حەسەن نوێنەری کۆنگرەی ستار خەڵاتەکەی وەرگرت.

پاشان نوێنەری ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان خەڵاتی ژنۆلۆژی پێشکەش بە نوێنەری کۆنگرەی ستار کرد.

هەروەها تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخراوی زەحمەتکێشانی ژنانی کوردستان بە بۆنەی ئەم ساڵیادەوە پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی کۆنگرەی ستار کرد.

لە دواتردا شاعیر محەمەد ئەمین پێجوێنی هۆنراوەیەکی پێشکەشی کۆنگرەی ستار و ئامادەبووان کرد.

لە دواتردا گروپی دیلان و هەڵپەڕکێی منداڵانی ڕۆژئاوا کۆمەڵێک شایی  هەڵپەڕکێیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

دواتر گروپی هەڵپەڕکێی گەنجانی ڕۆژئاوا چەند نمایشێکی شایی و هەڵپەڕکێیان پێشکەش کرد.

هەروەها کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات (کەژار) بە هەمانشێوە پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی کۆنگرەی ستارکرد.

دواتر هەڤاڵ بانو - چالاکوانی ژنان بە وتەیەک پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ژنان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەروەها کۆنگرەی ستار کرد بە بۆنەی نۆزدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنیانەوە.

لە کۆتاییدا لەلایەن گروپی مزگین لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵێک گۆرانی و هۆنراوە  پێشکەشی ئامادەبووان کرا.