نیوەڕۆی ڕۆژی ۲٨ی ئاب، لەکاتی گەڕانەوەی لەدەوامی فەرمانگەکەی بۆ ماڵەوە، نوسەر و لێکۆڵەر، چالاکی سیاسی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی، سوهەیل خورشید، ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، لەبەردەم ماڵەکەیدا درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و تیرۆکرا.
دوو رۆژ دوای ئەو ڕووداوە، لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە کە، بکوژەکەی ناوی (یڵدرم)ـەو لە نەتەوەی تورکمانە و ئەندامی بەرەی تورکمانییە، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە و گەڕانەوەی لە کفرییەوە بۆ کەرکوک، ئۆتۆمبێلەکەی لە داقوق جێهێشتووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
دوای ماوەیەک، سەرچاوەیەکی سەربازیی باوەڕپێکراو، کە لەبەر هەستیاریی دۆسیەکە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە ڕووداوی تیرۆرکردنەکە، تاوانباران دۆزراونەتە و لەلایەن ئاسایشی کفری و بە ھاوکاری ھێزی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لە شاری کەرکوک، تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە لە داقوق دەست بە سەر ئۆتۆمبێلەکەیدا گیراوە، کە کارەکەی پێ ئەنجام دراوە.
ڕاشیگەیاند: ئەو ماددە یاساییەی بكوژەكەی پێ دەستگیركراوە لە مادەی ٤۰٦ی تایبەت بەکوشتنی بەئەنقەست گۆڕدراوە بۆ ماددەی دووی تیرۆر.
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەو ڕووداوە ئەمڕۆ هیوا عەلی، بەڕێوەبەری یاریدەدەرێتی ئاسایشی کفری بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لە ئێستادا برایەکی بکوژەکە دەستگیر کراوە، کە لە نەتەوەی تورکمانە و خەڵکی شاری کەرکوکە، گومان دەکرێت لەکاتی ئەو تیرۆرەدا هاوکاریی براکەی کردبێت بە چاودێرییکردن لەرێگەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە، هەروەها لێکۆڵینەوە بەردەوامە و فەرمانی گرتن بۆ ژمارەیەک کەسی دیکە دەرکراوە، کە یەکێک لەوانە برایەکی دیکەیانە.
ف.ق