لە زۆر شاری کوردستان و تورکیا رۆژی جیهانی کۆبانێ پیرۆزکرا
لە زۆر شاری کوردستان و تورکیا رۆژی جیهانی کۆبانێ پیرۆزکرا. لە پەیامەکاندا راگەیەندرا کە هیچ کاتێک کۆبانێ ناکەوێت.
لە زۆر شاری کوردستان و تورکیا رۆژی جیهانی کۆبانێ پیرۆزکرا. لە پەیامەکاندا راگەیەندرا کە هیچ کاتێک کۆبانێ ناکەوێت.
بەبۆنەی ١ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی کۆبانێ لە زۆر شاری باکوری کوردستان و تورکیا چالاکی ئەنجامدران و راگەیەندراو خوێندرانەوە.
شڕنەخ
تەڤگەری ژنانی ئازاد، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان و پارتی دیموکراتی گەلان بەبۆنەی ١ی تشرینی یەکەم رۆژی جیهانی کۆبانێ راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. راگەیەندراوەکە لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپەی شڕنەخ خوێندرایەوە و پانکارتی 'بە گیانی کۆبانێ بەرەوە ئازادی هەنگاو دەنێین' هەڵواسرابوو. سەلاحەدین بارینچ بەڕێوەبەری هەدەپە رایگەیاند کە کارەکتەری سەدەی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنەی خۆی دەگرێت و گوتی، " تێکۆشان لەنێوان ئازادی و کۆیلایەتیدا، بە دیموکراسی و دیکتاتۆری بەردەوامە."
حەسەن ئوزگونەش پەرلەمانتاری هەدەپەی شڕەنەخیش باسی قسەکانی سەرۆکی تورک ئەردۆغان کرد کە دەیگوت 'کۆبانێ دەکەوێت' و گوتی، " حەسرەتی هەندێک کەس لە گەرویاندا مایەوە. لە کۆبانێ لەدژی داعش شەڕی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا. تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی بەردەوام دەبێت."
راگەیەندراوەکە بە دروشمی ' بژی بەرخۆدانی کۆبانێ' کۆتایی هات.
دەرسیم
رێکخستنی ناوەندی هەدەپە و ناوچەکانی دەرسیم لەبارەی رۆژی جیهانی کۆبانێ لە کۆڵانی هونەر کۆبونەوە و کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیان ئەنجامدا و راگەیەندراویان خوێندەوە و ئەندامانی هەدەپە قسەیان کرد. لە کۆنفڕانسەکەدا پانکارتی ' بە رۆحی کۆبانێ بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێین' هەڵواسرا. ئەسما تاش ئەندامی هەدەپە قسەی کرد و گوتی، " مۆدێرنیتەی کاپیتالیست کە لە هەموو جیهان هەوڵ دەدات بە شەڕ و پێکدادان خۆی لە قەیران رزگار بکات، لە کۆبانێ تێکچوو ، سەرکەوتنی کۆبانێ بە پیتی زێڕین لە مێژوودا وەک سەرکەوتنی گەلان و ژنان نووسرا. بەرخۆدانی کۆبانێ لە هەموو جیهان بووە سمبوڵی بەرخۆدانی دکی زوڵم و فاشیزم. ئەم شۆڕشە نیشانی جیهانیدا کە ژیانێکی یەکسان، ئازاد و دیموکرات دەتوانرێت مسۆگەر بکرێت."
وان
لەم جوارچێوەیەدا لە وان بە بەشداری پارتە سیاسیەکان و زۆر دەزگای دیکەی شارەکە رێپێوان ئەنجامدرا و راگەیەندراو خوێندرانەوە. رێپێوانەکە لەبەردەم ناوەندی دانوستانی وان دەستیپێکرد و زۆر کەس بەشداریان کرد. پۆلیس رێگەی بە رێپێوانەکە نەدا و چالاکوانان چوونە بەردەم باڵەخانەی هەدەپە و راگەیەندراوێکیان خوێندەوە.
راگەیەندراوەکە لەلایەن سەدای دوشەنمەز پارێزەری کۆمسیۆنی یاسایی هەدەپەوە خوێندرایەوە. دوشونمەز رایگەیاند، گەلی کۆبانی ٨ ساڵە لەدژی دڕندەیی داعش کە بە شێوەیەکی دڕندانە لە هەموو جیهان بڵاوبووەوە، نەک تەنها بۆ هەبوون، ناسنامە و دوارۆژی خۆی بەڵکو بۆ ئازادی هەموو مرۆڤایەتی ١٣٣ رۆژ بەرخۆدانێکی مێژوووی تۆمار کرد. داعش لە کۆبانێ تێکشکا و لە رووی فیزیکیەوە کۆتایی هات.
جۆلەمێرگ
رێکخستنی هەدەپەی جۆلەمێرگیش لەبارەی ١ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی کۆبانێ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. راگەیەندراوەکە لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە خوێندرایەوە. قادر شاهین لە راگەیەندراوەکەدا گوتی، " ئارین میرکان، رەفعەت هۆرۆز، قەدەر ئورتاکایا، عەزیز گولەر و ئایشە دەنیز کاراجاگیل ئیرادەی بەرخۆدانی کۆبانێن و هیچ هێرشێک ناتوانێت بە درۆ ئەم راستیە بشارێتەوە.
روحا
بە هەمان مەبەست رێکخستنی روحای هەدەپەش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەدەپە لەبەردەم ناوەندی کارگەژانی ئەحمەد باخچەوان تاوەکو بەردەم باڵەخانەی هەدەپە رێپێوانی ئەنجامدا. لە رێپێوانەکەدا دروشمی ' بژی بەرخۆدان رۆژئاوا' گوترایەوە و پانکارتی ' ١ی تشرینی دووەم رۆژی کۆبانێ پیرۆز بێت' بەرزکرایەوە. ئەحمەد ئاتەش هاوسەرۆکی هەدەپەی روحا قسەی کرد و گوتی، " سڵاو لەو کەسانە دەکەین کە بەهای مرۆڤایەتیان لەدژی داعش بەرز کردەوە. بە رێز و خۆشەویستیەوە یادی ئەو کەسانە دەکەین کە لە کۆبانێ داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد. چالاکیەکە بە دروشـی ' شەهید نامرن' و چەپڵەلیدان کۆتایی هات.
مێردین
لە شاری مێردینیش هەدەپە لەبەردەم باڵەخانەکەی کۆبوە. ئەبرو گونای گوتەبێژی هەدەپە و میرۆ دوندار پەرلەمانتاری هەدەپە و زۆر کەسی دیکە ئامادەبوون. مونەوەر ئولکەر ئەندامی هەدەپە رایگەیاند، لە کۆبانێ ژنان لەدژی داعش بەرخۆدانێکی گەورەیان پیشاندا. دونداریش رایگەیاند کە داعش بەم بەرخۆدانە تێکشکا و گوتی، " هێزە ئیمپریالیستەکان ویستیان دیموگرافیای کورد بگۆڕن. داعش لە سایەی بەرخۆدانی کورد و دۆستەکانیان تێکشکا. بۆیەش دەڵێین کە بەرخۆدانی کۆبانێ بەرخۆدانی گەلان، بەرخۆدانی ژنان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە."
دیلۆک
بەبۆنەی رۆژی جیهانی کۆبانێ، لە دیلۆکیش بە بەشداری ئەندامانی هەدەپە، دەبەپە، تەژەئا لە پارکی یەشیلسوی راگەیەندراوێک خوێندرایەوە. عەونی بینیجی هاوسەرۆکی هەدەپەی دیلۆک راگەیەندراوەکەی خوێندەوە و پشتگیری نێونەتەوەیی و بەرخۆدانی گەلانی بۆ کۆبانێ سڵاو کرد و گوتی، " لەگەڵ هەموو هێرشەکان دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە سەرتاسەری جیهان بڵاوبووەوە و ئەوەش پیشانی دەدات کە رۆحی ئازادی کۆبانێ تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. باش دەزانین کە ئەم رۆحە رۆژێک بە تەئکیدی ئازادی بۆ ئەم وڵاتە دەهێنێت."
مەلەتی
رێکخستنی هەدەپەی مەتیش بەم بۆنەیەوە راگەیەندراوێکی لەبەردەم باڵەخانەکەی خوێندەوە. یوسف بوزکوش هاوسەرۆکی هەدەپەی مەلەتی قسەی کرد و ١ی تشرینی دووەمی پیرۆز کرد و گوتی، " بەم شۆڕشە ژیانی هاوبەش، ئازاد و دیموکرات مسۆگەرکرا. ئێمە جارێکی دیکە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لەم رێگەیەدا گیانیان بەخت کرد. بە رۆحی کۆبانێ ئێمە بەرەو ئازادی و یەکسانی هەنگاو دەنێین."
چالاکیەکە بە دروشمی ' بژی بەرخۆدانی کۆبانی ' و ' ژن ژیان ئازادی' کۆتایی هات.
ئەدەنە
رێکخستنی هەدەپەی ئەدەنە ویستی لە پارکی ئیسمەت ئینۆنۆ راگەیەندراوێک بخوێنێتەوە. زۆر بەڕێوەبەری و ئەندامی هەدەپە و دەبەپە و تەژەئا و کۆمەڵەکانی مافەکانی مرۆڤ و زیندانیانی سیاسی بەشداریان کرد، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە رێگریان لێکرا. لەنێوان چالاکوانان و پۆلیسدا ئاڵۆزی دروست بوو. دواتر لەنێو باڵەخانەی هەدەپە راگەیەندراوێک خوێندرایەوە.
محەمەد کاراکش هاوسەرۆکی هەدەپەی ئەدەنە رێگری و هێرشی پۆلیسی تورکی شەرمەزار کرد و گوتی، " ئەمڕۆ ئەو رۆژانەیە کە ژنانی جوان، پیاوانی ناشرینیان تێکشکاند."
مێرسین
رێکخستنی هەدەپەی مێرسینیش لە پارکی ئوزگوری چۆجوکی شارەکە بەبۆنەی ١ی تشرینی دووەمەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. دواتر چالاکوانان چوون بۆ باڵەخانەی هەدەپە و هەڵپەڕین. لە ئاهەنگەکەدا دروشمی 'بژی بەرخۆدانی کۆبانێ' و 'بێ سەرۆک ژیان نابێت'یان گوتەوە.
هاتای
رێکخستنی ئەسکەندەرون و دۆرتیۆڵی هەدەپەش بە هەمان بۆنەیەوە لەبەردەم باڵەخانەی پارتەکەیان راگەیەندراویان خویندەوە و ١ی تشرینی یەکەم رۆژی جیهانی کۆبانێیان پیرۆز کرد.
ف.ق