دوای ئەوەی کچێکی کورد بەناوی مەهسا ئەمینی ٢٢ ساڵ، ١٣ی ئەیلول لەلایەن 'پۆلیسی ئەخلاق'ەوە ئەشکەنجەدرا و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، گەل ریزەچالاکی شەرمەزارکردنی ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران سەرەتا لەبەردەم نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران کە مەهسا ئەمینی تێیدا چارەسەر وەردەگرت، کۆبوونەوە. رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ رایانگەیاند، هێزە ئەمنیەکان گازی فرمێسکرێژیان لەدژی چالاکوانان بەکارهێناوە و ژمارەیەک چالاکوانیش دەستگیرکراون.
تەرمی نەهسا ئەمینی، ئەمڕۆ ١٧ی ئەیلول لە شاری سەقزی زێدیی بەخاکسپێردرا.
سۆما رۆستەمی چالاکوان لە رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو وتی کە دەزگا ئەمنیەکان بۆ رێگریکردن لە خۆپیشاندانەکان، فشار لەسەر خانەوادەی ئەمینی دروست دەکەن کە پرسەی بۆ دانەنرێت.
هوشداری بە سەدان کەس دراوە کە بەشداری لە پرسەی مەهسا ئەمینی لە سەقز نەکەن.
لە سەقز ژنان لە رێورەسمی بەرێکردنی تەرمی مەهسا ئەمینیدا لەچکەکانیان فرێدا.
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی داوای مانگرتنی سەرتاسەری دەکەن.
دیمەنی دڕاندنی وێنەی عەلی خامنەئی سەرۆکی ئۆتۆریتەری ئێران لەلایەن چالاکوانانەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێتەوە.
مەهسا ئەمنی ١٣ی ئەیلول لەگەڵ خانەوادەکەی سەردانی خزمەکانی لە تاران کردبوو، بە بیانوی یاسای باڵاپوشیەوە لەلایەن 'پۆلیسی ئەخلاق'ەوە دەستگیرکرا و بە خانەوادەکەی راگەیەنرابوو کە دوای لێکۆلینەوە ئازاد دەکرێت.
شایەدحاڵەکان رایانگەیاند کە لە ئۆتۆمبێڵی پۆلیسدا مەهسا ئەشکەنجەدراوە.
پۆلیسی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە مەهسا ئەمینی بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە، بەڵام خانەوادەی ئەمینی رایگەیاند کە کچەکەیان هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە.
دەوڵەتی ئێران سانسوری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زیاد کرد.
میدیاکانی دەوڵەت رایانگەیاند، لەبارەی مردنی مەهسا ئەمینی دەست بە ڵێکۆلینەوەکراوە.
ف.ق