مانگی رابردوو ١٣ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون و ٨٢ کەسیش دەستگیرکراون

بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان مانگی رابردوو ١٣ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراون و زیاتر لە ٨٠ کەسیش دەستبەسەرکراون و هەر لەو مانگەدا ١٦ کۆڵبەر بوونە قوربانی.

بەگوێرەی ئاماری مانگانەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی شوباتدا ئاماری لەسێدارەدانی زیندانیان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لەو مانگەدا ١٣ هاوڵاتی کورد ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی چالاکوانان و سەپاندنی سزای زیندان بەسەریاندا لە ئامارەکەدا باس لەوەکراوە کە لە مانگی شوباتدا ٨٢ لەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە ١٢ کەس سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.

روونیشیکردووەتەوە لانیکەم ٥ مێرمنداڵ لە ناو دەستگیرکرواندان و لە کۆی ٤ ژنی دەستبەسەرکراویش سیانیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.

دۆسیەی کۆڵبەران و ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان دەکرێت بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیە، لەو رووەوە لە ئامارەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە مانگی رابردوو ١٢ کۆڵبەر برینداربوون، سێ کۆڵبەریش بە هۆی رووداوی هاتووچۆ و کۆڵبەرێکیش لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت گیانیان لەدەستداوە.

بەشێکی دیکەی ئامارەکە تایبەتە بە خۆکوشتن و لەو رووەوە باس لەوەکراوە کە مانگی رابردوو لانیکەم ٣ ژن و ٥ پیاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و دوو ژنیش کوژراون.

ئەوەش هاتووە تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕ کوژران و برینداربوونی چوار کەسی لێکەوتووەتەوە، هەروەها بەهۆی تەقەی هێزەکانی دەوڵەتەوە چوار کەس کوژراون و بەندکراوێکیش بەهۆی رێگریی لە چارەسەری پزیشکی گیانی لەدەستداوە.

هـ . ب