مەراسیمی ناساندن و واژۆکردنی کتێبی (کورد و فەڕەنسا) لە نوسینی لەتیف فاتیح فەرەج سازکرا

لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، کتێبی (کورد و فەڕەنسا) لە نووسینی لەتیف فاتیح فەرەج هاتە ناساندن و واژووکردن.

 کاتژمێر ٥:٣٠ی ئێوارەی دوێنێ، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ئەدیب و رۆژنامەنووس و چالاکوانن و کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک و هۆگرانی کتێب مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (کورد و فەڕەنسا) لە نووسینی نوسەر لەتیف فاتیح فەرەج لە هۆڵی پەیمانگای علیم لە گەرەکی ئیسکانی شاری کەرکوک بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا نووسەر لەتیف فاتح فەرەج خوێندنەوەی بۆ کتێبەکە کرد و پاشان کتێبەکە بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا و لەلایەن نووسەرەوە واژوو کرا، جێگای باسە نووسەر لە مەڕاسیمەکەدا بۆ ئامادەبووانی تیشکی خستەسەر گرنگی خوێندنەوەی کتێبی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو) لە نووسینی سەکینە جانسز.

 هەڤاڵ دارا ڕێکخەری مەڕاسیمەکە و بەرپرسی گروپی شار بۆ مەعریفە، سەبارەت بە مەڕاسیمی کتێب ناساندنەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "چالاکییەکەی ئەمرۆمان تایبەت بوو بە کتێبێکی نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج لەژێر ناونیشانی کورد و فەرەنسا، لەتیف فاتیح فەرەج بە یەکێک لەو نووسەرانە دادەنرێت کە نووسیی لە بواری جیاواز هەیە، کتێبەکەی ئەمرۆش (کورد و فەرەنسا) گرنگە تا مرۆڤی کورد بتوانێت خوێندنەوەی بۆ نەتەوە و ووڵاتی فەرەنسا هەبێت بۆیە گرنگە لەڕیگەی ئەم کتێبانەوە زانیاری خۆمان زیاتر بکەین، وە ئەم چالاکییە لەچوارچیوەی هەفتەیەکی رۆشنبیری بوو لەژێر ناونیشانی 'ژیان و کتێب'، ئامانجی ئێمە لەم هەفتە رۆشنبیرییە ئەوەیە کە خوێنەران بە کتێبی باش ئاشنا بکەین".

 لەلای خۆیەوە، لەتیف فاتیح فەرەج نووسەری کتێب و کەسایەتی رۆشنبیری دیاری باشوری کوردستان، سەبارەت بە کتێبەکەی (کورد و فەڕەنسا)، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئێمەی کورد نەتەوەیەکی پارچەپارچە کراوین و لە ناوچەیەکی وێران و پارچە کراو دەژین، هەندێک لایەن هەن ئێمە مافمان بەسەریانەوە هەیە یان ئەوان مافیان بەسەرمانەوە هەیە، ئەوانەی کە مافمان بەسەریانەوە هەیە کە لەڕابردوودا ستەمیان لە گەلی کورد کردووە لەوانەش ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، زۆرگرنگە بزانین کە ئێمە چی دەلین دەربارەی ئەوان و ئەو ووڵاتانەش چی دەلێن دەربارەی ئێمەی کورد، کتێبەکەی منیش لەسەر کورد و فەڕەنسایە، کە دیدی من بۆ فەڕەنسیەکان لە ٢٥ ووتارە هەروەها دیدی فەڕەنسیەکان بۆ ئێمە، کۆی کتێبەکە قسەکردنە لەسەر ئەو پەیوەندیەی کە کورد و فەڕەنسا لەئیستادا هەیانە وە ئەو کەم کوڕییەی کە فەرەنسا و ووڵاتانی زلهێز بەرامبەر کورد هەیانە".

هـ . ب