میراتی زیلان لە زاپەوە تا ڕۆژئاوا ئاگری ئازادی -٦

ئارین میرکان بەو چالاکییە فیداییەی لە گردی مشتەنوور کردی، داعشی ڕاگرت؛ پێشەنگایەتیی ژنی لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا خستە ڕۆژەڤی جیهانییەوە، وەکو زیلان (زەینەب کناجی) و بێریتان (گوڵناز قەرەتاش) میراتی بەرخۆدێریی ژنانی کوردی بەردەوامی پێدا.

ئارین میرکان

هەندێک سات هەن لە مێژووی گەلێکدا دەدرەوشێنەوە؛ وەک ئەفسانەیەک، وەک سوێندێک، وەک ئاگرێک لەنێو نەوەکاندا دەنگ دەدەنەوە. ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بۆ تەڤگەری ئازادیی کورد ساتێکی لەو شێوەیەیە. ئارین میرکان میراتی زیلانی بەمیرات گرت و لە گردی مشتەنووری کۆبانێ بە چالاکیی فیدایی لەدژی داعش بەرخۆدانێکی داستانیی نیشاندا.

بوێریی ئەو تێکۆشانی ئازادیی ژنی کردە سیمبوڵێکی نێونەتەوەیی؛ ڕوحیەتی پۆڵایینی گەلی کوردی لە تەواوی جیهان بڵاوکردەوە.

ئارین میرکان ساڵی ١٩٩٢ لە گوندی میرکان (حوسێ)ـی ناوچەی ماباتی کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لەدایکبوو. ئارین کە ناوە ڕاستییەکەی دلارا کێنجە، لەنێو بنەماڵەیەکی کوردی وڵاتپارێز گەورە بوو. بنەماڵەکەی سەرەڕای سیاسەتە ئەسیمیلاسیۆنەکانی ڕژێمی سوریا ناسنامەی کوردیان پاراست و دڵسۆزبوون بۆ تێکۆشانی ئازادیی کوردستان.

منداڵیی ئارین بە بەها دەوڵەمەندەکانی کلتووری کورد تێپەڕی. کاتێک لە گوند بوو مەیلی ئەو بۆ گەڕان بەدوای دادپەروەریی و ئازادیدا دیار بوو. ئارین کە خوێندنی لە گوندی میرکان تەواوکرد، ڕووداوێک کە لە قوتابخانە بەسەریدا هات، ناسنامەی تێکۆشەرییەکەی بەهێزتر کرد.

مامۆستاکەی سوکایەتی بە بازنەکەی دەستی کردبوو کە نوسینی کوردیی لەسەر بووبوو. ئەمە تووڕەیی ئارینی بەرامبەر سیستەمەکە گەورە کرد. ئەم ڕووداوە بۆ ئارینێک کە تێکۆشانی ئازادیی کوردستانی خۆشدەویست، بووە ساتێکی بڕیاردان.

بەشداریکردن لەناو تێکۆشانی ئازادی

ئارین میرکان ساڵی ٢٠٠٧ کە هێشتا ١٥ ساڵ بوو بڕیاریدا کە بێتە ناو ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردستانەوە. ئەم بڕیارە یەکێک لە هەنگاوە هەرە گرنگەکانی ژیانی بوو. هەڵوێستی وڵاتپارێزیی بنەماڵەکەی و سەرسامییەکەی بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، بوونە پاڵنەری سەرەکی کە ئارینیان خستە سەر ئەم ڕێگەیە.

کاتێک داعش هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا، ئارین هاتە ناو ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)وە، تێکۆشانەکەی قووڵکردەوە و لەماوەیەکی کەمدا لەلایەن هاوڕێکانییەوە خۆشویسترا. ئارین کە دەم بەخەندە بوو، دڵگەرم و خاوەن کارەکتەرێکی بەهێزبوو، بە قووڵایی لە فکر و بڕیارداریی لە تێکۆشاندا سەرنجی دەوروبەری ڕاکێشا.

لەناو ڕیزەکانی یەپەژەدا وەکو شەڕڤانێکی تێکۆشانی ژنان دەرکەوت. بە تایبەتمەندیی خاوەن دیسپلینیی خۆی، بەجۆشی و فیداکاریی بووە ئیلهام بۆ هاوڕێکانی.

ئارین لەناو ڕیزەکانی یەپەژەدا بە پەروەردە، هەم لەڕووی ئایدۆلۆژیی و هەم لەڕووی سەربازیشەوە خۆی پێشخست. باوەڕی بەوە هەبوو کە ئازادیی ژن پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئازادیی گەلی کوردەوە هەیە. ئارین فەلسەفەی 'ژنی ئازاد، کۆمەڵگەی ئازاد'ی ڕێبەر ئاپۆی پەسەندکرد و لەو چوارچێوەیەدا تێکۆشا.

بەرخۆدانی کۆبانێ و گردی مشتەنوور

ساڵ ٢٠١٤ بوو، بۆ ڕۆژئاوا و کۆبانێ ئەزموونێکی مێژوویی بوو. داعش بە قورسترین چەکەکانەوە بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشی دەکرد و هەوڵیدەدا کۆبانێ داگیربکات. ئەو گەمارۆیەی کە لە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٤ دەستیپێکرد، ڕووبەرووی بەرخۆدانی داستانیی شەڕڤانەکانی یەپەگە و یەپەژە بووەوە.

ئارین میرکان لە پاراستنی کۆبانێدا بە ڕۆڵێکی گرنگ هەڵستا. داعش لە ٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا بۆ بەدەستهێنانی گردی مشتەنوور دەستی بە چەند هێرشێکی گەلێک قورس کرد. لە گردەکە کە شەڕێکی قورس بوو، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بە جبەخانەیەکی کەم و لەنێو هەلومەرجێکی قورسدا شەڕیان دەکرد. گردی مشتەنوور لەڕووی کۆنتڕۆڵکردنی شارەکەوە گرنگییەکی ستراتیژیی هەبوو.

ئارین کە لەگەڵ گرووپێکی بچووکدا بەرامبەر داعش شەڕی دەکرد، بۆ وەستاندنی هاتنەپێشەوەی چەتەکان هەنگاوێکی بەبڕیاری نا. چووە نێو چەتەکانی داعش، خۆی تەقاندەوە و چالاکیی فیدایی ئەنجامدا.

ئەم چالاکییە بە دەیان چەتەی داعشی لەناوبەرد و پلانی چەتەکانی بۆ بەدەستهێنانی گردەکە تێکدا. لە ڕاگەیاندراوی فەرمیی یەپەژەدا ئاماژە بەوە کرا کە چالاکیەکەی ئارین 'ڕوحیەتی بەرخۆدانی کۆبانێ و پێشەنگایەتیی ژنان لەناو تێکۆشانی ئازادی' نیشاندا.

چالاکیی فیدایی ئارین بەرخۆدانی کۆبانێی گەیاندە ئاستێکی جودا و بە تەواوی جیهانی نیشاندا کە داعش دەشێت لەناوببرێت.

کاریگەریی چالاکییەکە لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا

چالاکیەکەی ئارین میرکان لە گردی مشتەنوور بەرخۆدانی کۆبانێی خستە ڕۆژەڤی جیهانییەوە. بوێریی ئەو لەدژی دڕندەیی داعش ویژدانی مرۆڤایەتی وەخەبەر هێنا. چالاکییەکەی ئەو نەک تەنها لە کۆبانێ، لە تەواوی کوردستان و جیهان دەنگی دایەوە.

لە باکووری کوردستان ڕۆژانی ٦-٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بەبۆنەی چالاکییەکەی ئارینەوە، بۆ پشتگیریکردنی کۆبانێ چەند چالاکییەکی گەورەی شەرمەزارکردن بەڕێوەچوون. لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان چەند چالاکییەکی شەرمەزارکردن بەڕێوەچوون و ڕوحیەتی پشتیوانیی گەلی کورد نیشاندرا.

لە زۆر وڵات، دۆستانی گەلی کورد و لایەنگرانی ئازادی هاتنە گۆڕەپانەکان و پشتگیرییان بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ دەربڕی. چالاکیەکەی ئارین رۆڵێکی گرنگی بینی لەوەی رۆژی ١ـی تشرینی دووەم وەکو 'ڕۆژی جیهانیی پشیوانیکردنی کۆبانێ' ڕابگەیەندرێت.

چالاکیەکەی ئارین لە هەمان کاتدا پێشەنگایەتیی ژنی لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا کردە سیمبوڵێکی نێونەتەوەیی. یەپەژە هەڵوێستە فیداییەکەی ئارینی وەکو مانیفێستۆیەکی 'بڕیارداریی ژن لە تێکۆشانی ئازادیدا' پێناسە کرد.

ئەم چالاکییە لە سەرانسەری جیهان ئیلهامبەخش بوو بۆ ئازادیخوازان تاوکو بچنە ناو ڕیزەکانی یەپەژە و یەپەگەوە. ئارینیش وەک زیلان (زەینەب کیناچی) و بێریتان (گوڵناز قەرەتاش) درێژەی بە میراتی بەرخۆدانی ژنانی کورد دا و بە جیهانی نیشان دا کە ژنانی کورد تەسلیم نابن.