ناگیهان ئاکارسەل لە شوێنی شەهیدکردنی یادکرایەوە
ناگیهان ئاکارسەل بە بەشداری چەندین ژن و وڵاتپارێز و ئازادیخواز لە شوێنی شەهیدکردنی یادکرایەوە.
ناگیهان ئاکارسەل بە بەشداری چەندین ژن و وڵاتپارێز و ئازادیخواز لە شوێنی شەهیدکردنی یادکرایەوە.
ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوە ژنۆلۆژی ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ ی تشرینی یەکەم لە شاری سلێمانی شەهیدکرا، بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی شەهیدکردنی لە گەڕەکی بەختیاری سلێمانی لە شوێنی شەهیدکردنی یادکرایەوە.
چالاکییەکە بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) و ئامادەبوونی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و چەندین ژن و وڵاتپارێز ئەنجامدرا.
لە چالاکییەکەدا بە بەرزکردنەوەی درووشمی "شەهید نامرن" تاجەگوڵینە لە شوێنی شەهیدبوونی ناگیهان ئاکارسەل دانرا. پاسان پەیامی ڕژاک لەلایەن ڕووناک مەجید خوێنرایەوە.
لە پەیامەکەدا گوتراوە: "لە کەسایەتی شەهید زیلان (ناگیهان ئاکارسەل) هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بەبیردەهێنینەوە، بە ئامانجگرتنی ناگیهان ئاکارسەل بە ئامانجگرتنی تێکۆشانی ژنی ئازاد و ژنۆلۆژییە، کە شەهید ناگیهان لەو ماوەیەی لە باشووری کوردستان بوو سەرقاڵی تێکۆشانی زانستی ژن و کۆکردنەوەی ئەرشیفی ژن بوو".
لەکۆتایی پەیامەکەدا دووپاتکرایەوە، ناگیهان ئاکارسەل فیکر و فەلسەفەیەک بوو، سەدان زیلانی تر دەبنە شوێنکەوتەی ئەو.