رۆناهی سەرحەدی ئەندامی مەجلیسی پاژک لەبارەی ژیانی ڕاپەڕین ئامەد (دەلال عەزیزئۆغڵو) یەکێک لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان، کە لە ڕۆژانەی دوایدا هەواڵی شەهیدبوونی بڵاوکرایەوە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڤی فورات (ANF) کرد. ڕۆناهی سەرحەد لە سەرەتای قسەکانیدا لە کەسایەتیی ڕاپەڕین ئامەد دا یادی شەهیدانی شۆڕشی کردەوە و وتی: "هەڤاڵمان ڕاپەڕین لە ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ سێ هاوڕێی دا لە هێرشێکی نامەردانەدا شەهید بوو".
ڕۆناهی سەرحەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ساڵی ٢٠٠٠دا شەهید ڕاپەڕین ئامەدی ناسیەوە و وتی: "کاتێک ڕاپەڕین هاتە ئەوروپا، دوو ساڵ بەسەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ساڵی ١٩٩٨دادا تێپەڕیبوو. ئەو بابەتە هەم بۆ حیزب و هەم بۆ داهاتووی گەلەکەمان و هەم بۆ تێکۆشانی ئازادیی ژنان بابەتێکی زۆر گرنگ بوو. هەڤاڵ ڕاپەڕین لەو کاتەدا بە ئەرکی پێشەنگایەتیی ژنان هەستا".
پەیوەندییەکی سروشتیی لەگەڵ گەل و ژناندا دروستکرد
ڕۆناهی سەرحەد ڕایگەیاند، ڕاپەڕین ئامەد لەو قۆناغەدا، کە لە ئەوروپادا مایەوە بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە هەم لە ناو گەل و هەم لە ناو ژناندا ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی گێڕا و وتی: "هەرچەندە نەیدەویست لە ئەوروپا بمێنێتەوە، چونکا ئەو شوێنە بوو، کە پلانی پیلانگێڕیی تیادا دانرا، دەیویست پیلانگێڕییەکەی ئەوروپا بکاتە گۆڕەپانی تێکۆشان و لێپرسینەوە. هەڤاڵ راپەڕین لە بەڕێوەبردنی ئەم تێکۆشانەدا شێوازەکەی خۆی چەسپاند".
ڕۆناهی سەرحەدی ئاماژەی بەوەدا کە شێواز و بەڕێوەبردنی ڕاپەڕین ئامەد لەسەر بنەمای ئەو پرسیارە بوو "دەبێت شۆڕشگێڕێکی ئاپۆیی چۆن بەشداری بکات، چۆن بژی" و لە بەردەوامیدا وتی: "ئەو ڕوونبوونی خۆی لە نوێنەرایەتیکردنی حزبەکەی لەسەر هێڵی ئاپۆیی، لەگەڵ کەسایەتی خۆی دا کردبوو بە یەک. لە ماوەیەکی کورتدا پەیوەندییەکی دروست و سروشتیی لەگەڵ گەل و ژناندا دروستکرد. ئەمە هەر خۆی تایبەتمەندیی هەڤاڵ ڕاپەڕین بوو، کە تایبەتمەندییەکی سەرنج ڕاکێشا بوو، بۆ ئەو دۆخێکی ئەوەندە لە پێش نەبوو، کە ببێتە ئەرکدارێک، یان بەرپرسێکی فەرمیی حیزب یان نا، چونکا هەر خۆی پەکەکەیی بون سروشتیبوونە. هەڤاڵ راپەڕین بە سەرکەوتوویی ئەم کارەی کرد، بۆیە هەڤاڵێک بوو، کە هەمیشە لە ئەڵمانیا بەردەوام بە دوایدا دەگەڕان و پرسیاریان بۆ دەکرد".
بەشداری لە خەباتی سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی پەکەکەدا کرد
ڕۆناهی سەرحەد ئەوەی ڕاگەیاند، دوای گەڕانەوەی ڕاپەڕین ئامەد لە ئەوروپا، بۆ ئەوەی لە باکوری کوردستان گەریلایی بکات و ببێت بە پێشەنگی سەردەمەکەی خۆی، پێداگریی زۆری دەکرد. شەهید ڕاپەڕین ئامەد بەشداریی لە سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی پەکەکەدا کرد.
ڕۆناهی سەرحەد لەبارەی بەڕێوەبردنی خەباتیان لە قەیراناویترین سەردەمی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان دا وتی: "لە ساڵی ٢٠٠٤دا بزووتنەوەکەمان بە پرۆسەیەکی مەترسیداردا تێپەڕی، چونکە کەسایەتییە پاکتاوکارەکان هەوڵیان دەدا، کە حیزبەکەمان بخەنە ژیر دەستی خۆیان و هێزەکانی دەرەوەی وڵات بۆ پووچکردنەوەی ناواخنی تێکۆشانی ئێمە، لە هەوڵێکی زۆردا بوون. پارتەکەمان هەر ئەو پرۆسەیە وەک پرۆسەی پاکتاوکردنی ئایدۆلۆژی لێکدایەوە. لەو کاتەدا خەباتی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی پەکەکە بوو بە بەرنامە و ڕۆژەڤ. لەوکاتەدا لەگەڵ ئامانجی پاکتاوکردنی پاکتاوکاری دا، ئامانجی ڕێبەرایەتیمان بونیادنان و دامەزراندنی پارادایمی ڕزگاریی ژنان و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک - ژینگەیی بوو. هەڤاڵ ڕاپەڕین بە پێشنیاری خۆی، لەو کاتەدا بەشداریی لە خەباتی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی پەکەکەدا کرد و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لەو خەباتەدا گێڕا".
وەک دارێک بوو، کە ڕەگی تا قوڵاییەکی زۆر داکوتابوو
ڕۆناهی سەرحەد ڕایگەیاند، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦-١٩٩٨ دا ڕاپەڕین ئامەد لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە پەروەردەکرا و وتی: "ئەو هەمیشە بۆ ئەوەی ببێتە وەڵامدەرەوەی پەروەردەکەی ڕێبەر ئاپۆ، لە هەوڵ و تێکۆشانێکی بەردەوام دا بوو. گومانەکانی دابڕان و گومانەکانی سەر دیلکردنی گەلی کورد و ژنان، ببووە هۆی ئەوە، کە هەڤاڵ ڕاپەڕین بەشدار ببێت. بەهۆی هەوڵ و بەدواداچوونە شۆڕشگێڕانەکانی خۆی، ڕووی لە حزب کردبوو، بۆیە هەمیشە هەڵوێستێکی شۆڕشێگێڕی لە خۆی نیشان دەدا. جا بۆیە پرۆسەی پاکتاوکردن بێت، یان پرۆسەیەکی تر بوایە، ئەو هەڵوێستی لەجێی خۆیدا دەبوو، هەڤاڵ ڕاپەڕین هەمیشە خاوەنی هەڵوێستێکی زۆر ڕوون بوو".
ڕۆناهی سەرحەد، ڕاپەڕین ئامەدی بە "جەوهەری سۆسیالیزمی پەکەکە، هەروەها بە نوێنەرایەتیکردنی هێڵی سۆسیالیزم لە بزووتنەوەی ژناندا" وەسفکرد و لەبارەی کەسایەتیی شەهید ڕاپەڕین ئامەدەوە وتی: "هەڤاڵ ڕاپەڕین وەک دارێک بوو، کە ڕەگ و ڕیشەی تاوەکو قوڵایی داکوتابوو. هەمیشە بڕوابەخش بوو. ئێوە لە کام هەڤاڵ دەپرسن، بپرس، من لەو بڕوایەدام بۆ هەڤاڵ ڕاپەڕین دەڵێت، "شۆڕشگێڕێکی خاکی و زەحمەتکێش بوو. من دەتوانم ئەم تایبەتمەندییانە بە مانای دڵسۆزی لێکبدەمەوە. بەڕاستیش دڵسۆزی هاوڕێیانی و گەلەکەی بوو. هەڤاڵێک بوو، کە بەهاکانی حیزبی دەپاراست. لە ژیانی ٣٠ ساڵەی خەبات و تێکۆشانیدا، ژیانێکی پڕواپڕی هەبوو، لە هەموو ناوچە و گۆڕەپانێکیدا خەباتی کردبوو. هەروەها لە کەسایەتیی خۆیدا وڵاتپارێزییەکی زانا و هۆشیاری چەسپاندبوو".
ڕۆناهی سەرحەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ڕاپەڕین ئامەد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ئەوروپا و شەنگال ڕەنجێکی زۆری داوە و وتیشی: "هەڤاڵێکی پەیوەست بوو بە گەلەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە یەکلاکەرەوە و سەرەکییەکانی هەڤاڵ ڕاپەڕین ئەوە بوو، بڕۆیشتایە بۆ هەر شوێنێک لەگەڵ کولتوری گەلدا ئاوێتە دەبوو و دەبووە یەک. بۆ نموونە لە قۆناغێکدا، کە لە باشووری کوردستان مایەوە، فێری زاراوەی سۆرانی بوو و دەستی بە خوێندنی سۆرانی کرد، چونکە هەڤاڵ ڕاپەڕین زۆر گرنگیی بەوە دەدا، کە ژنان پێشبخات و بیانکاتە خاوەنی ئیرادە".
خۆشەویستییەکی مەزنی لە نێوان هەمووماندا بنیاد نا
ڕۆناهی سەرحەد باسی ئەوەیکرد، ڕاپەڕین ئامەد لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئەندامی دیوانی کۆنگرەی گەل بوو و ڕایگەیاند، شەهید ڕاپەڕین ئامەد لەو کاتەوە هەوڵێکی زۆری دا بۆ پێشخستنی سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، دروستکردنی ئەنجوومەنەکان، گەل و ژنان ببنە خاوەنی ئیرادە. ڕۆناهی سەرحەد لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، خاوەنداری لە میراتی ڕاپەڕین ئامەد دەکەن دەبێت و بە دڵنیاییەوە دەبنە شایستەی یاد و بیری و لەوباریەوە وتی:
"بەڕاستی هەڤاڵ ڕاپەڕین خۆشەویستییەکی گەورەی لە نێوان هەموومان دا دروستکرد. ئێمە ئەو خۆشەویستییە مەزنەی ئەو بە خۆشەویستییەکەی خۆی بە شێوەیەکی بەهێز دەبەستینەوە بە ژیانی ڕێبەرایەتییەوە. لە ساڵی ٢٠١٦دا لە خولێکی پەروەردەدا لەگەڵ هەڤاڵ ڕاپەڕین ئامەد بووم، هەڤاڵ ڕاپەڕین لەو کاتەدا جارێکی دیکە بەڵێنی سەرکەوتنی دووپات کردەوە و ڕەخنەی 'هاوڕێیەتیی ناتێرکەر'، کە ڕێبەرایەتی لە دوای پیلانگێڕییەکە کردی، لە هەموو ساتێکی ژیانیدا کاری پێدەکرد. هەڤاڵ ڕاپەڕین سەرباری ئەوەی هەر چەندە ئەو لەو چوارچێوەیەدا ڕەخنەی لە خۆی دەگرت، بەڵام بڕۆیشتایە بۆ هەر ناوچە و گۆڕەپانێکی خەبات لە تێکۆشانەکەیدا سەرکەوتوو دەبوو و کارەکانی بە سەرکەوتویی بە جێ دەگەیاند.
ئێمە زۆر قەرزاری ئەم هەڤاڵەین. بۆ ئازادی ژنان و ئازادیی گەلانی بندەست و چەوساوە، ڕەنج و تێکۆشانێکی زۆر کرد و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی گێڕا. بۆیە ئێمە هەمیشە خاوەنداری لە میراتی هەڤاڵ ڕاپەڕین دەکەین. ئەو هاوڕێ هێژایەمان لە بواری ژنان دا ئیرادەیەکی گەورەی دروستکرد و چەسپاندی. ئێمە هەمیشە دەبینە شوێنکەوتووی ئازادیی ڕێبەرایەتیمان و ژنان، کە ئەوەش تەنیا بە کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و بە سەرکەوتنی مرۆڤ بە دەست دێت، کە هەڤاڵانی ئێمە نوێنەرایەتیی ئەوە دەکەن. ئێمە هەوڵ دەدەین ببینە شایستەی بەها گەورەکان".
ژ.ت