لە بارەی دەستگیرکردنی نۆ ئەندامیان نوێنەرایەتی هەدەپە لە سلێمانی و کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیادا دەڵێن: ئەمڕۆ کاتژمێر سێی دوای نیوەرۆ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چوار ئەندامی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا و پێنج هاوریی دیکەمانیان دەستگیرکردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە چوار ئەندامی ڕێکخراوەکە ناویان، موشرق چفتچی و ئەرسۆی یەڵماز و شەفیق یڵدرم و حەسەن کاجار جگە لەوانیش پینج هاوری دیکەیان دەستگیرکراون بە ناوەکانی محەممەد سۆیلەر و موراد تورک لە دوکانەکەیاندا دەستگیرکراون و سەروەت ئاکدەنیزیش لە ماڵەوە و دکتۆر سەبری تۆرپاک و ئیسماعیل عەلی دەستگیرکراون.
فشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە باشور بەردەوامە
بەبیریان هێناوەتەوە ئەو کەسانە، بەهۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک و کەیسە سیاسییەکانییەوە ناچاربوون ڕوولە هەرێمی کوردستان بکەن و لێرە نیشتەجێ ببن و سەرجەمیان بەهۆی دۆسیەی کوردەوە لە تورکیا و باکوری کوردستان لە زینداندا ماونەتەوە و سزادراون بەڵام دوای هاتنیان بۆ باشووری کوردستان لە فشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک ڕزگاریان نەبوو چەندین جار ئەندامەکانمان لە هەرێمی کوردستان هێرشیان کراوەتە سەر و هەڕەشەیان لێکراوە.
هۆکاری دەستگیرکردنەکە نازانرێت
لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا دەشڵێن: ئەمڕۆ هەڤاڵانمان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سلێمانی دەستگیرکراون بەبێ ئەوەی هۆکاری ئەو کارە ئاشکرا بکەن تا ئێستا نازانین بۆچی ئەو هاوڕێیانەمان دەستگیرکراون و هیچ لێدوانێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەو بارەیەوە نەدراوە.
نوێنەرایەتی هەدەپە لە سلێمانی و ڕیکخراوی میزۆپۆتامیا دەشڵێن: حەسەن کاجار و ئەرسۆی یەڵماز و شەفیق یڵدرم نەخۆشیی جدییان هەیە بۆیە بەرپرسیارێتی تەندروستی و ژیانیان لە ئەستۆی ئاسایشی سلێمانیدایە.
هەدەپە و ڕێخراوەکە داوایان لە ئیدارەی سلێمانی و ئاسایشی سلێمانی کردووە کە هاورێکانیان ئازاد بکەن و داوا لەنوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن ڕێگری بکات لەپێشێلکاری دژ بەپەنابەرانی سیاسی و دەڵێن چاوەروانین تا سبەینی ئەندامەکانیان ئازاد بکرێن.
ف.ق