سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کوردستان، لەبارەی جەژنی نەورۆز و مێژووەکەییەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "نەورۆز یادێکی تایبەتە و سیمبولێکی نەتەوەییە ڕەمزی تێکۆشانە، تێکۆشان و خەباتی کاوەی ئاسنگەر بەرامبەر بە زوڵم و ستەمی زوحاکێک کە گەلی ئێمەی چەوساندۆتەوە و پیرۆزکردنی ئەم یادە ڕەمزێکە بۆ خەباتکاران و تێکۆشەران بەرامبەر بە زوحاکەکانی ئێستا، وەک هەموو دەوڵەتە زلهێزەکان و تورکیای فاشیست و ئەردۆغان بەتایبەت کە دژی کوردن، بۆیە ئێمە هەموو ساڵێک نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی پیرۆز دەکەین."
هەروەها لەبارەی ئەوەی کە گرنگی یادکردنەوەی نەورۆز لە بناری قەندیل چییە ئەو وتی: "پێش هاتنی ئایینی ئیسلام کوردەکان زەردەشتی بوو و ئاگرییان بە پیرۆز زانیوە، لەبەرئەوەی حەزیان بە چییاکان و سروشتەکەی بووە، پێویستییەکی زۆریان بە ئاگر هەبووە، بۆیە نەورۆزی قەندیل مانەوەی کولتورێکی ئاڵ و واڵای کوردە، کە کوردەکان لە هەرچوارپارچەی کوردستانەوە و خەڵکی لە دەرەوەی وڵات دێن و هەموو ساڵێک نەورۆز لە قەندیل ڕەنگا و ڕەنگ و ئاڵ و واڵا دەکەن و ئەمەش جێی شانازی و مانەوەی کلتوورێکی نەتەوەییە، هەموو گەلێک یاد و بۆنەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە کە پیرۆزی دەکات، گەلی کوردیش جەژنی نەورۆزی هەیە و هەموو ساڵێک ئەم یادە پیرۆز دەکات."
سارا ڕەزا، باسی لە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە نەورۆزی ئەمساڵی لە قەندیل کرد و وتی: "ئێمە ساڵانە لە هەموو هەرێمە جیاوازەکانی وەک هەرێمی سلێمانی و کەرکوک و قەڵادزێ و هەولێر و گەرمیان و هتد… دەستەیەک پێکدەهێنین، ئەم دەستەیە بانگەوازی بۆ نەورۆزی قەندیل دەکەن و ژمارە موبایلێک دادەنێن بۆ پەیوەندیکردنی گەل، تا بەژداربن لەم یادەدا، بۆ ئەم ساڵ بەبۆنەی بەریەککەوتنی مانگی ڕەمەزان جەژنی نەورۆز، ئامادەکارییەکی زۆر کراوە، خواردن و خێمە بۆ هەموو ئامادەبووان لەوێ دابینکراوە و دەتوانن بەربانگ بکەنەوە، شەوەکەشی بەرنامەی زیندوو هەیە، کچان و کوڕان بە مەشخەڵی ئاگرەوە لە چیاکان دێنە خوارەوە و ئاگری پێویستیش هەیە بۆ هەمووان."
هەر لە چوارچێوەی قسەکانیدا، سارا ڕەزا، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی هەموو گەلی کرد و بانگهێشتی کردن بۆ پیرۆزکردی یادی نەورۆز و جەژنی نەتەوەیی گەلی کرد لە بناری قەندیل.
هـ . ب