پەکەکە: نابێت هەرگیز قبوڵ بکرێت تەرمی شەهیدان بە شەودا بە خاک بسپێردرێت

کۆمیتەى پشتیوانی لە بنەماڵەى شەهیدانی پەکەکە رایگەیاند، ساڵێکی تری بەرخودانیان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک تێپەڕاند و داوایان لە بنمەماڵەى شەهیدان کرد، ئەوە قبوڵ نەکەن تەرمی شەهیدان بە شەودا بە خاک بسپێردرێت.

کۆمیتەى پشتیوانی لە بنەماڵەى شەهیدانی پەکەکە بە بۆنەى ساڵی نوێوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکدا هاتووە:

"لە دژی داگیرکەری، پاکتاوکاری و کردارەکانی شەڕی تایبەت ساڵێکی چڕوپڕ لە بەرخودانمان تێپەڕاند و پێ دەنێینە ساڵێکی تر. بە پێشەنگایەتیی رێبەر ئاپۆ ئەو بەرخودانە، کە بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان دەستیان پێکردووە، دەستکەوتی مێژووی و پێشکەوتنی گرنگی بە دوای خۆیدا هێناوە. بێگومان لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیماندا هەموو پێشکەوتنەکان بە رەنجی گەورەی رێبەرایەتیمان، بە قارەمانی، فیدایەتی و فیداکاریی شەهیدە نەمر و بەنرخەکانمان بە دەستهاتووە. لەبەر ئەوەش راستیی بزووتنەوەى ئازادی، کە ئەمڕۆ بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گەلانی بندەست بووەتە هیوای ژیانی ئازاد، بە راستیی شەهیدان بونیاتنراوە. لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە بە بۆنەى ساڵی نوێ لە کەسایەتیی شەهیدە گەورە و نەمرەکانی وەک قاسم ئەنگین، لەیلا ئاگری، عەگید جڤیان، یڵماز دێرسیم، ئامارا باتمان و هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان، کە بۆ ئازادیی گەلەکەیان گیانی خۆیان فیدا کرد  و لە کەسایەتیی هاوڕێ سدقی بەکتاش دا بەرخودانی زیندانیان بە رێز و حورمەتەوە یاد دەکەینەوە، بەڵێنی سەرخستنی ئامانج و خەونەکانیان دووبارە دەکەینەوە.

ئێمە سەرەتا ساڵی تازە لە دایکە فیداکارەکانمان، کە بە گەورەکردنی رۆڵە قارەمان و ئازاکانی کوردستان خاوەن رەنجێکی گەورەن، لە گەلە وڵاتپارێزەکمان و بنەماڵەى شەهیدانمان، کە لە بەرامبەر هەموو جۆرە سەختی و دژواری و هێرشی پاکتاوکارانەى فاشیزمدا بوونە هاوڕێی شەهیدان، پیرۆز دەکەین.  ئێمە لە کەسایەتیی بنەماڵە شەهیدەکانماندا بەڵێنی خۆمان بۆ ئازادیی رێبەرایەتی و کوردستانی ئازاد بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی ئازادیخواز دووبارە دەکەینەوە.  

حکومەتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە بەرامبەر بەرخودانی گەورەی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەماندا گورزی مردنی بەرکەتووە و لە ژێرکەوتندایە. فاشیزم تەریکخراوە و تووشی قەیران و گێژاوێکی گەورە بووە، بە هەموو تواناکانی خۆیەوە بەرەو هەڵوەرین و داڕمان دەڕوات. لەبەر ئەوەى لە بەرامبەر گەورەترین نەرخەکانی بزووتنەوەى ئازادی و گەلی کورد دەستیکردووە بە کرداری دڕندانە. دەوڵەتی فاشیستی، کە هیچ پێوانەیەکی ئەخلاقی، ویژدانی و کۆمەڵایەتی قبوڵ ناکات، دەیەوێت بە تێکدانی گۆڕستانەکان بیر و یادگەى کۆمەڵگە لە ناو ببات و بیسڕێتەوە. ئەو شەکەنجەیە بەرامبەر بە تەرمی گەریلاکانی ئازادی ئەنجامی دەدەن، نیشانی دەدا فاشیزم لە بەرامبەر شەهیدەکانماندا تووشی ترس و تۆقینێکی گەورە بووە. ئەو دەسەڵاتە فاشیستییە، کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ تەرمی هاوڕێیانمان لە پزیشکی داد رادەگرێت، بە نەدانەوەی تەرمەکان، ئازاری بنەماڵەکانمان دەدەن. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە هەموو کات لەو رووناکییە دەترسن، کە شەهیدەکانمان ئافراندویانە، لەبەر ئەوەش لە تاریکیدا بە خاکسپاردنی تەرمەکان وەک شتێکی ئاسایی نیشان دەدا و هەوڵ دەدا ئەوە وەک گوشار لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەببات. فاشیزم بەو رادەیە دڕندانە لە بەرامبەرمان دەوەستێتەوە، کە تەرمی شەهیدەکانمان بە کارگۆی پۆستەخانە بۆ بنەماڵە و دایکە هێژاکانمان دەنێرێتەوە، بەڵام دایکە فیداکار و شکۆمەندەکانمان، بە هەڵوێست وەرگرتن و ئێشکگری لە بەردەم گۆڕستانی رۆڵەکانیاندا گەورەترین وەڵامیان بە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دایەوە. سڵاو لەو بەرخودانەی دایکانمان دەکەین و ئەوە لە بیر ناکەین، کە فاشیزم لە تاریکی و لە خوێندا دەخنکێت. دەبێت هەموو رۆژێک فاشیزمی پاکتاوکەر و داگیرکەر باجی قورس بدات و لێپرسینەوەى قورسی لێدەکرێت.

بنەماڵە هێژاکان؛

ئێمە لە ٤٣هەمین ساڵی دامەزراندنی بزووتنەوەى ئازادی لە هەمو کات زیاتر بەهێزین و لە ئازادی و سەرکەوتن نزیکین. ئەوەش بە تێکۆشانی باشترین رۆڵەی هێژای ئێوە، کە بۆ پێشخستنی تێکۆشان بچووکترین گومانیان لە دڵدا نەبوو، بەدیهاتووە. شەهیدانمان فەلسەفەی ژیان و ورەی ئازادن. هەموو کات ئێمە لە ژێر رووناکایی ژیان و تێکۆشانی ئەواندا سەیری خۆمان دەکەین و بۆ هەڵمەتی گەورە و سەرکەوتنی گەورە خۆمان ئامادە دەکەین. رێبەر ئاپۆ شەهیدانی ئازادیی کردووە بە بناغەى هەڵمەتی مێژوویی و سەرکەوتنی گەورە. ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە بە ئەرکەکانی خۆمان هەڵدەستین و تێکۆشانی ئازادی گەورە دەکەین.

پێوەری سەرکەوتن لە هەڵسوکەوت و نزیکایەتی بەرامبەر بە شەهیدان روون دەبێتەوە، مەگەر تەنها ئێمە لە ژێر فەرماندەیی شەهیدە نەمرەکاندا خاوەنداری لە ئەرک و بەرپرسیارییە چاوەڕوانکراوەکانمان بکەین. لەبەر ئەوەش پێشەنگایەتیی بنەماڵە شەهیدەکان لە هەموو کات زیاتر گرنگترە. کات کاتی دروستکردنی بازنەى بەرخودانە لە دەوری شەهیدە قارەمانەکانمان. شەهیدەکانمان مسۆگەریی ژیانی ئازاد و گارانتیی سەرکەوتنن. بەو ئەندازەیە، کە ئێمە یادی شەهیدان دەکەینەوە و پێیان سەربەرزین، پێویستە ئێمە ئەوانیش بکەینە بناغەی تێکۆشان دژی فاشیزم، داگیرکەری و خیانەت. لەبەر ئەوەش بە خاکسپاردن و ماڵئاوایی لە شەهیدان بە شێوەی جەماوەری دەبێتە گەورەترین گورز لە داگیرکەری، پاکتاوکاری و سڕینەوە. پێویستە بە هیچ شێوەیەک لە شەودا بەخاکسپاردنی شەهیدان قبوڵ نەکرێت، بە پێچەوانەوە دەبێت لە بەرامبەر ئەوەدا هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدرێت و لێپرسینەوە لە داگیرکەر بکرێت. پێویستە هەر شەهیدێک ببێتە هۆکارێکی بەرخودانی هەمەلایەنە و جەماوەرییانە. بە هەڵمەتی "کاتی کاتی ئازادییە" و "پاراستنی ژنان و کۆمەڵگەى ئازاد" بە دڵنیاییەوە فاشیزم و داگیرکەری دەڕووخێت، گۆشەگیریی ئیمراڵی تێکدەشکێت و کوردستان ئازاد دەبێت. بەو بیر و باوەڕەوە ئێمە لەسەر هێڵی ریبەرایەتی وراستیی شەهیدان تێکۆشانی خۆمان بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین و سڵاو لە بنەماڵەى شەهیدە بە شکۆ و هێژاکانمان دەکەین.

لەم رێگەیەوە ئێمە جارێکیتر پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێدەکەین و بەڵێنی سەرخستنی ئامانج و خەونی شەهیدەکانمان دووبارە دەکەینەوە".

ژ.ت