پۆلیسەکان پاش گردبوونەوەکە هێرشیان کردە سەر گەل و ڕۆژنامەنووسان

لە ئامەد پاش گردبوونەوەی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چەندین کەس بە ئەشکەنجەدان دەستبەسەرکران.

گردبوونەوەی ئازادی

بە پێشەنگایەتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد گردبوونەوەی "ئازادی بۆ ئاشتی" ئەنجامدرا. پاش گردبوونەوەکە، گەنجێک کە بەرەو شەقامی گەڤران دەچوو بە پاساوی "وەستانەوە دژی پۆلیس" بەزەویدا ڕاکێشرا و دەستبەسەرکرا.

پەرلەمانتاری دەم پارتی سەباحەت ئەردۆغان و گەنجان ویستیان دەستوەردان بکەن، بەڵام پۆلیس ئەوانیشی ئەشکەنجەدا. پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشی کردە سەر گەل و ٥ کەس برینداربوون.

هەروەها پۆلیس ڕێگەی لەو گەنجانە گرت کە بەرەو ناوەندی کۆنگرەی کەلتووری ئامەد ڕێپێوانیان دەکرد، ٤ کەس دەستبەسەرکران و یەکێکیان تەمەنی ١٥ ساڵە.

هەروەها گوڵستان داشتان دەستبەسەرکرا، کە خوشکی ڕۆژنامەنووس نازم داشتانە کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکرا. بە پاساوی هەڵگرتنی وێنەی نازم داشتان دەستبەسەرکرا.

هەروەها پەیامنێری ژن نیوز ڕۆژدا ئایدن ویستی دیمەنی هێرشی پۆلیس بگرێت، بەڵام ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوویەوە و زیان بە کامێراکەی گەیشت.