پژاک: هێرشە نامرۆڤانەکەی سەر مۆسکۆ، هەڕەشەیەکە بۆ سەر گەلان

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هێرشەکەی داعش بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆی شەرمەزار کرد و رایگەیاند: چەتەکانی ئەو گروپە و دەوڵەتی تورک کە پشتیوانیان لێدەکات، مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر گەلان.

لە راگەیەندراوێکدا کۆمیتەی دیپلۆماسی پژاک وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکەی سەر هۆڵێکی کنسێرت لە مۆسکۆ، سەرەخۆشی لە گەلی رووسیا کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، کە داعش بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە جارێکی دیکە سەلماندی کە گەورەترین هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر گەلان.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش بە بیرهێنراوەتەوە دەوڵەتی تورک کە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ داعش و گروپە تاوانکارەکانی دیکە هەیە، لە رێگەی ئەو گروپانەوە جینۆساید و کردەوەی شەڕانگێزی ئەنجام دەدات.

کۆمیتەی دیپلۆماسی پژاک داواشی کردووە، گەلان بە شێوەیکی یەکگرتووانە بەرپەرچی گروپە تاوانکارییەکانی وەک داعش بدەنەوە، کە بوونە ئامرازێک بە دەست دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی دیپلۆماسی پەژاک بەم جۆرەیە:

" ئەو هێرشە کۆمەڵکوژکارانەی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە میانی کۆنسێرتێک لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا ئەنجامدرا و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس، بە توندی شەرمەزار دەکەین. ئەم رووداوە مایەی خەم و پەژارەی قووڵە. بەهۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەسی مەدەنی بێ بەرگریی سەرەخۆشی لە گەلانی رووسیا دەکەین. بێگومان ئەم هێرشانەی داعش جارێکی دیکە سەلماندی کە ئەو گروپە مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورەیە لە دژی گەلان.

بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە هێرشە دڕندانەیە لە دژی گەلان و کۆمەڵکوژی بێباکانە، بەشێکن لە کردەوە نامرۆڤانەکانی گروپە تاوانکارەکانی وەک داعش. ئەم گروپە تاوانکارە لە ساڵانی رابردوودا بەشداربووە لە چەندین کۆمەڵکوژی بەتایبەتی لە دژی گەلی کورد.

لەمڕۆشدا گەلانی رووسیا راستەوخۆ لەلایەن ئەم تاوانبارانەوە رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی بوونەوە و دەبێت بوترێت کە دەوڵەتێکی وەک تورکیا، کە چەندین جار سەلمێندراوە کە پەیونەدی راستەوخۆ و ئاشکرای لەگەڵ داعش هەیە، لەو دەوڵەتانەیە کە بە مەترسی بۆ سەر گەلان دادەنرێت. سیاسەتی بەکارهێنانی گروپە تاوانکارییەکان بەشێکە لە پلانی شەڕانگێزی و کوشتار و کۆمەڵکوژی دەوڵەتی ئەنقەرە. داعش دوێنێ لە کرمان و ئەمڕۆ لە مۆسکۆ وەک گروپێکی داردەستی تورکیا ئەم کردەوە دڕندانەیەی ئەنجامداوە.

کۆمیتەی دیپلۆماسی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)" وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە نامرۆڤانەیە، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی گیانبەختکردووان و گەلانی رووسیا دەکات. هیواخوازی هاتنەدی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلانین، لە دژی گروپە تاوانکارەکانی وەک داعش کە مەترسییە بۆ سەر هەبوونی هەموو گەلان و بووەتە کەرستە و داردەستێکی مەترسیداری دەوڵەتێکی وەک تورکیا".

هـ . ب