پەژاک: ئیرادەی گیراوانی سیاسی نوێنەری کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیکە

کۆمیتەی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی پەژاک لە رۆژی جیهانی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی رایگەیاند: سڵاو لە بەرخۆدانی هەموو گیراوانی سیاسی بە تایبەتی گیراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ هەموویان دوپات دەکەینەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کۆمیتەی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی پەژاک بەبۆنەی رۆژی جیهانی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی رایگەیاندووە: "تا بە ئەمڕۆ لەلایەن رژێمی داگیرکەری ئێران دان بە ناسنامەی گیراوی سیاسی نەنراوە و لەگرتووخانەکانی ئێران نکۆڵی لەناسنامەی گیراوی سیاسی دەکرێت و بە بەرچەسپی جیاخوازی، دژە شۆڕش و تیرۆریست تۆمەتبار دەکرێن. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە بە سەدان هاوڵاتی لەئەمڕۆدا لەبەر جیاوازی بیروڕا و کاروباری مەدەنی و سیاسی سزای توندیان بە سەردا سەپێنراوە، تەنانەت لەهەر جۆرە مافی رەوا و دیمۆکراتیک بێ بەش کراون و رژێم بە بێ گوێدان و رێز لە یاسا و رێساکانی مافی مرۆڤی جیهانی مامەڵە لەگەڵ گیراوان دەکات و یاسایەکی دژە مرۆیی لەسەریان پەیڕەو دەکات".

راشیگەیاندووە: " بە بەرپابوونی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەردەمێکی نوێی تێکۆشان و بەرخودان لەدژی عەقڵیەتی نکۆڵی کار و سەرکوت کاری رژێم دەستی پێکرد، ئەوەش زنجیری ترس و کۆیلەتی لەناو کۆمەڵگادا پساند و بە پێچەوانەی لۆژیکی دەسەڵات گرتووخانەکان بوونەتە گۆڕەپانی تێکۆشان و تەنگیان بە دەسەڵات هەڵچنیوە."

هەر لەدرێژەدا کۆمیتەی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی پەژاک هاتووە: " پێویستە ئەو دام ودەزگا نێودەوڵەتیانەی کە ئەو رۆژەیان وەکوو رۆژێکی جیهانی بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی تەرخان کردووە با هیچ نەبێت بە ئەندازەی ئەو سەودا و مامەڵانەی کە لە مانگی رابردوودا بە ئاڵوگۆرکردنەوەی زیندانیانی گوماناوی خۆیان و رژێمی ئێرانەوە دەیکەن، با ئاوەڕێکی راستەقینە لە گیراوانی سیاسی و تایبەت گیراوانی پڕۆسەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە زیندانەکانی ئیران بدەنەوە کە لە ژێر ئەشکەنجە، بێ رێزی کردن بە کەرامەت و روومەتی مرۆڤایەتی و سیاسەتی لەسێدارەدان بوونەتەوە."

لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە: "لە کەسایەتی هەڤاڵی تێکۆشەرمان هەڤاڵ زەینەب جەلالیان و کەسانی ئازادیخوازی وەک گولرۆخ ئیرایی و نەرگس موحەممەدی و دەیان گیراوی دیکە سڵاو لە بەرخۆدانی هەموو گیراوانی سیاسی بە تایبەتی گیراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ هەموویان دوپات دەکەینەوە".

دەقی راگەیەندراوەکە:

ئیرادەی گیراوانی سیاسی نوێنەری کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیکە

لە کاتێکدا رۆژی پشتیوانی لە گیراوانی سیاسی جیهان دەکرێتەوە کە رۆژانە بە هۆی زێهنیەتی دەسەڵاتداری دەوڵەت – نەتەوەی سەرمایەداری هەموو دەنگە ناڕازیەکان لە کونجی زیندانەکان بەند دەکرێن و رووبەڕووی پێشێلکاری و ناڕەواترین هەڵسوکەوتی دژە مرۆیی دەبنەوە و دەزگاکانی بەناو مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بەهۆی بەرژەوەندی قازانج – سەرمایە و چاوچنۆکیەکانیانەوە خۆیان لە بەرامبەر مافی گیراوانی سیاسی کەڕ، کوێر و لاڵ کردووە، ئەم هەڵسووکەوتە دژەمرۆییە بە نیسبەت رژێمی داگیرکەر و فاشیستی ولایەتی فەقێ ئێرانەوە لە ئاستێکی بەرزتر و فراوانتر بەڕێوە دەچێت. چون تا بە ئەمڕۆ لەلایەن رژێمی داگیرکەری ئێران دان بە ناسنامەی گیراوی سیاسی نەنراوە و لەگرتووخانەکانی ئێران نکۆڵی لەناسنامەی گیراوی سیاسی دەکرێت و بە بەرچەسپی جیاخوازی، دژە شۆڕش و تیرۆریست تۆمەتبار دەکرێن. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە بە سەدان هاوڵاتی لەئەمڕۆدا لەبەر جیاوازی بیروڕا و کاروباری مەدەنی و سیاسی سزای توندیان بە سەردا سەپێنراوە، تەنانەت لەهەر جۆرە مافی رەوا و دیمۆکراتیک بێ بەش کراون و رژێم بە بێ گوێدان و رێز لە یاسا و رێساکانی مافی مرۆڤی جیهانی مامەڵە لەگەڵ گیراوان دەکات و یاسایەکی دژە مرۆیی لەسەریان پەیڕەو دەکات. ئەوەش لەکاتێکدایە کە رژێم بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتداری تاکڕەویانەی، بە پاساو و تۆمەتی ناڕەوا گیراوانی سیاسی رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی کردوەتەوە. تایبەت ئەو سیاسەت بە دەستپێکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی پێی ناوەتە قۆناخیکی مەترسیدارتر و گیراوانی سیاسی بە بەرچەسپی ناڕەوا و دوور لەپێوانەکانی مافی مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

بەڵام بە بەرپابوونی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەردەمێکی نوێی تێکۆشان و بەرخودان لەدژی عەقڵیەتی نکۆڵی کار و سەرکوت کاری رژێم دەستی پێکرد، ئەوەش زنجیری ترس و کۆیلەتی لەناو کۆمەڵگادا پساند و بە پێچەوانەی لۆژیکی دەسەڵات گرتووخانەکان بوونەتە گۆڕەپانی تێکۆشان و تەنگیان بە دەسەڵات هەڵچنیوە. لەو پێناوەدا بە دەیان ژن، چالاکی مەدەنی، کرێکاری، کەسانی ئاینی و باوەڕمەند لەسەر بیرو باوەڕی جیاواز گیراون و جیاواز لەوەش رووبەڕووی هەر جۆرە سووکایەتی و بێ رێزی بوونەتەوە. تەنانەت دەسەڵاتدارانی رژێم بەو کردەوە چەپەڵانەیان سنووردار نەماون، بەڵکوو دەیەوێت بە سیاسەتی دانپێدانانی زۆرەملێ، دیمەن هەڵگرتن و بڵاوکردنەوە و عەیبدار کردن و رووشاندنی کەسایەتی گیراوانی سیاسی بێ کاریگەر بکات.

هەرچەند رژێم تا ئێستا حاشا لەگیراوی سیاسی لەئێران دەکات و دەیەوێت بە دیمۆکراسی ناوبەتاڵ ئەو راستییە پەردەپۆش بکات و ئێران بە جزیرەی ئارام و دیمۆکراتیک لەقەڵەم بدات، بەڵام ئیدی ناتوانێت دەنگی ئازادی و دیمۆکراسی نە لەبەندیخانە و شەقام دابمرکێنێت و بە چەواشەکاری حاکمیەت سەر کۆمەڵگا دروست بکات. چون ئەو سیاسەتەی رژێم لەدژی گیراوان و کۆمەڵگایەک کە بە درووشمی ژن ژیان ئازادی بونیاد دەنرێتەوە، بێ ئەنجامە. واتا ئیدی رژێم ناتوانێت بە زەبری چەک و زمانی هەڕەشە و گوڕەشە ئیرادەی گیراوانی سیاسی تێکبشکێنێت و چاو لەئیرادە و بوونێک بگرێت کە نکۆڵی لێ ناکرێت. چون شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئیرادەیەکی پۆڵاینی لەناو تاک بە تاکی کۆمەڵگا و تایبەت گرتووخانەکان درووست کردووە کە ئیدی بە ئەشکەنجە و تۆقاندن تێکناشکێت.

پێویستە ئەو دام ودەزگا نێودەوڵەتیانەی کە ئەو رۆژەیان وەکوو رۆژێکی جیهانی بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی تەرخان کردووە با هیچ نەبێت بە ئەندازەی ئەو سەودا و مامەڵانەی کە لە مانگی رابردوودا بە ئاڵوگۆرکردنەوەی زیندانیانی گوماناوی خۆیان و رژێمی ئێرانەوە دەیکەن، با ئاوەڕێکی راستەقینە لە گیراوانی سیاسی و تایبەت گیراوانی پڕۆسەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە زیندانەکانی ئیران بدەنەوە کە لە ژێر ئەشکەنجە، بێ رێزی کردن بە کەرامەت و روومەتی مرۆڤایەتی و سیاسەتی لەسێدارەدان بوونەتەوە.

بۆیە لە کەسایەتی هەڤاڵی تێکۆشەرمان هەڤاڵ زەینەب جەلالیان و کەسانی ئازادیخوازی وەک گولرۆخ ئیرایی و نەرگس موحەممەدی و دەیان گیراوی دیکە سڵاو لە بەرخۆدانی هەموو گیراوانی سیاسی بە تایبەتی گیراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ هەموویان دوپات دەکەینەوە.

کۆمیتەی پشتیوانی لەگیراوانی سیاسی پەژاک

٢١/٦/٢٠٢٣